رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ داوای دەستبەجێ ئازادكردنی سزادراوانی بادینان دەكات

Facebook
Twitter
LinkedIn

رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رایگەیاند، پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندانیی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچونەوەوە لەسەر بنەمای دادگاییكردنێكی تەواو ناعادیلانە بوەو داوا دەكات ئەو چالاكوان و رۆژنامەنوسانە دەستبەجێ و بێ هیچ مەرجێك ئازاد بكرێن.

ئاوێنە: رێکخراوەكە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە نامەیەکدا بۆ دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندوە، رۆژی 28ی نیسان، دادگای پێداچونەوە سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكردوەو بە پاساوی نەبونی بەڵگە، بانگەشەكانی ئەو پێنج كەسەی رەتكردۆتەوە كە وتویانە، روبەڕوی ئەشكەنجەو لێدان و مامەڵەی خراپ بونەتەوە، بەڵام ئەو تۆمەتانەی پەسەندكردن كە دراونەتە پاڵیان.

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاماژەی بەوەداوە كە رۆژی 16ی شوبات، دادگای تاوانەكانی هەولێر، لەدوای دادگاییكردنێكی تەواو ناعادیلانە ئەو پێنج كەسەی بە شەش ساڵ زیندانی سزاداون لەسەر بنەمای تۆمەتی هەڵبەستراو.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەدوای دەرچونی بڕیاری سزادانیانەوە، ئەو چالاكوان و رۆژنامەنوسانە مانیان لە خواردن گرت، ئەوەش وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە دۆخی شوێنی دەستگیركردنیان كە بەپێی زانیارییەكانی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسە لە ژوری قەرەباڵغی زینداندان و هیچ شوێنێكی بۆ خەوتن و وەستان و گەڕان تێدا نییە.

هەروەك ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە كە ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوس كە لە تشرینی یەكەمی 2020ەوە دەستگیركراون، لەماوەی دەستگیركردنیاندا شوێنبزر كرابون، بەشێكیان بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ.

لەسەر ئەو بنەمایە، رێكخراوەكە داوای كردوە ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوس دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێك ئازادبكرێن و هەروەها دەستبەجێ كاربكرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزا ناڕەواكەیان و لێكۆڵینەوەیەكی خێراو كاریگەریش بكرێت لەبارەی ئەشكەنجەدان و لێدانیان و بەمەبەستی لێپیچینەوە لەوانەی بەو كارە هەڵساون.

لە سایتی ئاوێنە وەرگیراوە