رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هەوڵی راستكردنەوەی بڕیاری تەمیز دەدەین

Facebook
Twitter
LinkedIn

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان رایگەیاند، لە داهاتودا رێگایەکیان لەبەردەمدا ماوەو تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەن، چونکە بڕیارەکەی دادگا “هەڵەی جەوهەریی” تێدایە.

بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەری سزادراوانی بادینان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێک لە تۆمەتەکانی سزادراوانی بادینان سەردانیکردنی کونسوڵگەری ئەڵمانیا و ئەمریکایە، ئەمەش تاوان نییە.

بەشدار حەسەن وتی، هەوڵی راستکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای پێداچونەوە دەدەن لە داهاتودا، بەڵام سەرۆکی هەرێم دەتوانێت بە لێبوردنی گشتی ئەو سزارداوانە ئازاد بکات.

وتیشی”تاکە رێگەیەک کە مابێت پەناى بۆ ببەین، راستکردنەوەى بڕیارى تەمیزە کە لەماوەى سێ رۆژدا دەبێت و دەکرێت لەلایەن داواکارى گشتى، خودى سزادراوان و پارێزەرانەوە داواى پێداچونەوە بکرێت، ئەوەش رێوشوێنێکى یاساییە.”

بەشدار حەسەن وتیشی بۆ ئەو هەنگاوەیان پشت بەدو “هەڵەی جەوهەریی” کەیسەکە دەبەستن، یەکەم ناکرێت لەهۆڵى دادگا ئاسایش خۆى حەکەم و لایەنێکى دۆسیەکەش بێت، دوەم لەکاتى ئیفادە وەرگرتن سزادراوەکان پارێزەریان لەگەڵ نەبوە و لەژێر هەڕەشەدا دانپێدانیان پێ ئیمزاكراوە.

باسى لەوەشکرد، ئەگەر ئەو رێگەیەش سودى نەبو، سەرۆکى هەرێم دەتوانێت لێبوردنى تایبەت بۆ سزادراوان دەربکات. 

ئەوەشی خستەڕو: “لە کۆی پێنج ئەندامی دادگای پێداچونەوە دو ئەندام رازی نەبون بە بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر گیراوانی بادینان، چۆن قەناعەت بە راى گشتى و کەسوکارى سزاداراوان دەکرێت لەو بارەیەوە.”

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرۆكایەتی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانيكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.

ئەمڕۆ دەقی ئەو بڕیارە بڵاوکرایەوە کە رۆژی (٢٨/٤/٢٠٢١) لەلایەن سەرۆكایەتی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان دەرکاوە. بەپێی دەقی بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوە، ئەو تۆمەتانەی كە ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانەی لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێرەوە پێ سزدرابو، پەسەندكراون.

حاكم شێخ لەتیف شارەزای یاسا لەگەڵ بڵاوكردنەوەی دەقی بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوەدا لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی”دەستەی سزایی دادگای تەمیز بەداخەوە بریاری سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی بەزۆرینە پەسەند کرد.”

ئەوەشی خستۆتەڕو”ئێستا تۆپ لەساحەی سەرۆکی ھەرێمە ، کە خۆشی رایگەیاندبو کە ئەو حوکمە نادادپەروەرەو کاریگەری خراپیشی بۆ ناوبانگی ھەرێم هەیە.”

حاكم شێخ لەتیف وتوشیەتی، سەرۆكی هەرێم “‎با بفەرموێ بەگوێرەی دەسەڵاتی خۆی لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربکات بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم.”