رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕاگەیاندراوی هاوبەش: پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لە عێراق بوەستێنن

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە ڕۆژی سێی ئایار کە ڕۆژی جیهانی ڕۆژنامەوانی دەکات، ئەو ڕێکخراوانەی کە ناویان لە خوارە هاتووە و ئەم ڕاگەیندراوەیان واژوو کردووە داوا لە لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەن بۆ وەستاندنی کار و هەڵوێستە خراپەکانیان بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان و کاری ڕۆژنامەگەری. داواکارییەکانیش بریتین لە: وەستاندنی پێشێلکاری بەردەوام بۆ سەر مافی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕۆژنامەوانی، هەڵگرتنی ئەو بڕیارانەی کە بۆ ڕاگرتنی کاری چەند ڕۆژنامەنووسێک دەرچوون، وەستاندنی ئەو هێرش و دەستگیرکردنانەیان کە لە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بەکاری دەهێنن، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی جددی لەسەر مردنی ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ـدا کوژرا و سزادانی هەموو ئەوانەی کە بەرپرس بوون لە مردنی ئەم ڕۆژنامەنووسە.

جیا لەو داواکاریانەیشی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێدراوە، ڕێکخراوەکان خەمی خۆیان دەردەبڕن لەسەر بەردەوامبوونی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و سزادانیان. ئەوەیش لە کاتێکدا کە ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراو و سزادراوەکان تەنها بە ئەنجامدانی کارەکانی خۆیان هەستاون کە کاری ڕۆژنامەوانیە. بۆیە دەستگیرکردن و سزادانیان دژی هەموو ئەو یاسا نێودەوڵەتیانەیە کە تایبەتن بە ئازادی ڕۆژنامەوانی، ڕادەربڕین و بڵاوکردنەوە.

لە ڕۆژی پانزەی شوباتی ئەمساڵدا، ڕۆژنامەنووسان شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و ئەیاز کەرەم خرانە بەردەوام دادگای تاوانی شاری هەولێر بە تاوانی شێواندنی ئاساییش ناوخۆیی. دوای ڕۆژێک لەو بەروارە، دادگا بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر ڕۆژنامەنووسەکان دەرکرد و هەموویان بە شەش ساڵ زیندانی سزادا دوای ئەوەی کە چەندین تۆمەتی دیکەی وەک سیخوڕی کردن بۆ وڵاتانی دەرەوە و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاساییش بەسەریاندا سەپێنرا. ئەم سێ ڕۆژنامەنووسە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی پار دەستگیرکران، لەو کاتەی کە چەند خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری ئەنجام دەدران بەهۆی خراپی باری ئابووری و دۆخی ژیان و ئەم ڕۆژنامەنووسانەیش بەجۆرێک چالاک بوون لەناو خۆپیشاندانەکاندا.

لە مانگی ئابی ساڵی پاردا، هونەر ڕەسوڵی ڕۆژنامەنووس کوژرا لەو کاتەی کە لە شارۆچکەی ڕانیە خەریکی ڕوماڵکردنی هەواڵی خۆپیشاندانەکانی ئەو کاتە بوو. دوای ئەوەی کە هونەر کوژرا، لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو کاتەدا هۆکاری مردنی هونەریان بۆ جەڵدەی دڵ گەڕاندەوە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف لەسەر ڕووداوەکە نەکراو و گرینگی پێویستی پێنەدرا.

ئەم هەڵمەتی بەئامانجکردنەی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، بەشێکە لە سیاسەتی درێژخایەنی دەسەڵاتدارانی هەرێم. کە دەیانەوێت بە هۆیەوە ڕێگری بکەن لەو کاریگەریەی کە ڕۆژنامەنووسان دروستی دەکەن لەسەر گەیاندن و دەربڕینی دەنگی ناڕەزایی خەڵک و هەموو ئەو هەوڵانەی کە ئەنجامی دەدەن بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی داراییەکان و دۆخی خراپی ژیانیان لەو خاکە دەوڵەمەند بە نەوتەی کە تێیدا دەژین.

بەپێی ئەو کارانەی کە دەسەڵاتداران دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامیان داوە، ئەوە ئاشکرا بووە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم گوێ بە پەیڕەکردنی یاسا ناوخۆیی، یاسا عێراقییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانیش نادەن بۆ پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین.

لەناو یاساکانی ساڵی ٢٠٠٧ بۆ کاری ڕۆژنامەوانی بە ڕوونی گرینتی ئازادی ڕۆژنامەوانی کراوە. لە بڕگەی دووەمی یاساکەدا هاتووە کە ڕۆژنامەوانی ئازادە و هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییە. هەروەها ڕادەربڕین و بلاوکردەنەوەی هەواڵ و زانیاریش مافی هەر هاونیشتیمانییەکە. وە ڕۆژنامەنووسان ئازادن لەوەی کە لە سەرچاوەی جیاوازەوە ئەو هەواڵانەیان دەست بکەوێ کە سوودیان بۆ کۆمەڵگا هەیە، لەژێر سایەی یاسادا.

هەر لەناو هەمان یاسایشدا هەموو کردارێک کە بە هۆیەوە ئازاری ڕۆژنامەنووسێکی پێ بدرێت، بە تاوان لە قەڵەم دراوە. بە جۆرێک کە ئەگەر کەسێک ئازاری ڕۆژنامەنووسان بدات یاخود ڕێگربێت لەبەردەم کارکردنیاندا، ئەوا ئەو کەسە پێویستە وەک تاوانبار هەژمار بکرێت. هەروەها لە بەشێکی یاساکەدا هاتووە کە نابێت شوێنی کارکردن یاخود شوێنی ژیانی ڕۆژنامەنووسان بپشکێنرێت بەبێ ئەوەی کە فەرمانێکی فەرمی دادگا بوونی هەبێت و نوێنەری یاسایی ڕۆژنامەنووسەکەیش پێویستە لەکاتی پشکنینەکە ئامادە بێت.

بەهۆی نەبوونی بەرپرسیارێتی و ئاساییش لەناو عێراقدا، ئەم دۆخەی ئیستای ڕۆژنامەنووسان و مامەڵەی بەرپرسان لەگەڵیاندا پێناچێت بەرەو کۆتایی بچێت، کە ئەمەیش مەترسی بۆ داهاتووی هەرێمەکە هەیە. بۆ ڕێگە گرتن لە بەردەوامبوونی ئەم مەترسییە، پێویستە کاری جددی و بەپەلە بکرێت بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان.

واژووەکان:

١- دەزگای چاودێری مافی مرۆڤ لە ئەوروپا و ناوچەکانی نزیک دەریای ناوڕاست.

٢- کۆمەڵەی مافەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکووری ئەفریقا.

٣- نوێنەرانی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە عێراق.

٤- ڕێکخراوی هیومینا.

٥- ڕێکخراوی سام بۆ مافەکان و ئازادییەکان.

٦- سەنتەری تۆمارکردنی تاوان و جەنگ لە عێراق.

٧- ئەی ئێف دی نێودەوڵەتی.

٨- هاوکاری مافەکانی مرۆڤ.

٩- ئەکادیمیای نێودەوڵەتی بۆ مافەکان و گەشەپێدان لە پاریس.

١٠- پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ مافەکان و گەشەپێدان لە جنێف.

سەرچاوە:

https://euromedmonitor.org/uploads/reports/jointstatement.pdf