ڕێکخراوی پهیامنێرانی بێسنور ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ئازادی كاری ڕاگەیاندن لەسەرانسەری جیهاندا بڵاوکردۆتەوەو لهبارهی ڕهوشی ڕۆژنامهوانی و ئازادی ڕادهبڕین لهههرێمی كوردستان دهڵێت:”هیچ سنورێک بۆ سزادانی ئەو ڕۆژنامەنوسانه نییە کە ڕەخنە لەبنهماڵه دهسهڵاتدارهكان دەگرن.”
ڕاپۆرتهكه كه ئهمڕۆ سێشهممه بڵاوكراوهتەوه، ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە 180 وڵاتانی جیهان هەڵدەسەنگێنێت و ئاماژه بۆ ئهوه دهكات كه له 73%ی وڵاتانی جیهان کێشەی گەورەیان لەگەڵ ئازادی میدیادا هەیە.
لهچوارچێوهی باسكردنی ڕهوشی ڕۆژنامهوانیو ئازادی ڕادهبڕین لهعێراق، ڕاپۆرتهكه بهمشێوهیه باسی ههرێمی كوردستان دهكات، “لەهەرێمی کوردستانی نیمچە سەربەخۆی باکوری عێراقدا، وا دیارە هیچ سنورێک بۆ سزادانی ئەو ڕۆژنامەنوسانە نییە کە ڕەخنە لەبنهماڵه دهسهڵاتدارهكان دەگرن. ڕۆژنامهنوسان زیندانیی دەکرێن بەتۆمەتەکانی سیخوڕیکردن یان ئاسایشی وڵات خستنە مەترسییەوە لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانهی لەژێر ئەشکەنجە یان هەڕەشە وەرگیراون. هەندێک لەڕۆژنامەنوسانی هەرێم لەدۆخی ناڕوندا گیانیان لەدەستداوە، ئەو گومانەی کە دەسەڵات بەرپرسیاربووە لهمردنیان، دوپات بۆتەوە بەهۆی نەبونی هیچ لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەسەر مردنیان.”
سەبارەت بەعێراق، ڕێکخراوی پهیامنێرانی بێسنور ڕایگهیاندووه، ڕۆژنامەنوسانی عێراق ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە کاتێک ڕوماڵی خۆپیشاندانەکان دەکەن یان لێکۆڵینەوە لەگەندەڵی دەکەن. ئەو مەترسییانە لەمانگی 10 ساڵی 2019 و لهكاتی خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت زیاتر بووە. ئەو ڕۆژنامەوانانەی دەوێرن ڕاپۆرت لەسەر داواکاری خۆپیشاندەران بکەن دەبنە ئامانجی هەراسانکردن، ڕفاندن، هێرشی جەستەیی و تەنانەت کوشتنیش لە لایەن چەکدارە نەناسراوەکانەوە.”
لهڕاپۆرتهكهدا ئهوهش هاتووه، “هەڕەشەکان لەهەمولایەکەوە بۆ ئەوەیە ڕێگریی بکرێت لەڕۆژنامەنوسان تا لێکۆڵینەوە بکەن یان ڕاپۆرت لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بڵاوبکەنەوە. ناوهێنانی کەسایەتییە سیاسییەکان یان ئاینییەکان بابەتێکە کە دەستی بۆنابرێت و دەشێت ببێتە هۆی دادگاییکردنو داخستنی دەزگای ڕاگەیاندن بهبیانوی بێ ڕێزیکردن بە(سیمبولە نیشمانی یان ئاینییەکانەوە)”.
ههر تایبهت بهعێراق پهیامنێرانی بێسنور نوسیویهتی، “کەسوکاری قوربانیان دەڵێن کوشتنی ڕۆژنامەنوسان بێ سزا دەڕوات، چونکە لێکۆڵینەوەی لەسەر ناکرێت یان ئەگەر لێکۆڵینەوەش بکرێت ناگات بەهیچ شوێنێک. بێدەسەڵاتی دەوڵەت مەترسیەکان زیاتر دەکاتو وادەکات نەزانرێت گروپە چەکدارەکان چۆن ئەم کارانە دەکەن، یان ئایا حکومەت ئەو هێزەی پێیداون، یان هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر بارودۆخەکەوە نییە. بەڵام دەسەڵاتداران راپۆرتی زیندویان لەناو خۆپیشاندانەکاندا قەدەغە کردووە، ئینتەرنێتیان پچڕاندووەو لەبڕیارێکی دهستهی رێکخستنی میدیادا، 10 دەزگای راگەیاندنیان قەدەغە کردووە لەڕوماڵکردنی خۆپیشاندانەکان.”
ڕێکخراوی پهیامنێرانی بێسنور وڵاتانی جیهانی بهسهر پێنج پلهدا دابهشكردووه، تایبهت بهئازادی ڕادهربڕینو كاری ڕۆژنامهوانی، بهمشێوهیه: وڵاتە زۆر باشەکان، باشەکان، خراپەکان، زۆر خراپەکانو هەرە خراپترینهكان.
پێنج باشترین وڵاتی جیهان لەڕوی ئازادی ڕۆژنامەگەرییهوه ئەم وڵاتانەن: نەرویج کە بەپلهی یەکەم هاتووەو پاش ئەوەیش فینلاند، سوید، دانیمارک و کۆستاریکا.
پێنج هەرە خراپترین وڵاتیش بریتیه لە: ئهریتیریا کە بەپلەی 180هەمین هاتووە پێش ئەوەشی کۆریای باکور، تورکمانستان، چینو جیبۆتی.
ئێرانو سوریاو عێراقیش دەکەونە خانەی وڵاتە هەرة خراپەکان بۆ ئازادی ڕاگەیاندن، ئێران لەپلەی 174هەمین وڵاتدایە سوریا 173و عێراقیش 163.
لە ئاوێنە وەرگراوە