رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تورکیا داواکارییەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورپای ڕەتکردەوە بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش

Facebook
Twitter
LinkedIn

رۆژی سێشەممە ١٦ی مانگی سێ، دادگاییکردنێکی دیکەی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پارتی هەدەپە بەڕێوەچوو. دادگاییکردنی ئەمجارە بە وەڵامدانەوەی داواکاریی و بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورپا دەستیپێکرد، کە داواکارییەکی ئاڕاستەی تورکیا کردبوو بۆ بەپەلە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش. ئەو داواکاریەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایش لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی دەمیرتاش دەرکرابوو. بەپێی لێکۆڵینەوەکان و پیاچوونەوە بە کەیسەکەی دەمیرتاش، دەرکەوت کە پێشێلکارییەکی زۆر بەرامبەر بە مافەکانی دەمیرتاش کراوە و هێشتنەوەیەشی لە زیندان کارێکی ناڕەوایە. جگە لەوەیش دادگای مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە داوە کە کەیسەکە هاندەرێکی سیاسی هەیە و سزادانی دەمیرتاش بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراوی لە پشتەوەیە، لەجێی ئەوەی کە هاندەرێکی یاسایی هەبێت.

لە دادگاییەکەی ڕۆژی سێشەممەدا، پارێزەرەکانی دەمیرتاش راستەوخۆ داوای ئەوەیان کرد کە دادوەران ڕەچاوی داواکارییەکەی دادگای تاوانەکانی ئەوروپا بکەن و وەڵامی بدەنەوە. دادوەرانیش ڕاستەوخۆ داواکاری پارێزەرەکانیان ڕەتکردەوە. وەک کاردانەوەی ئەم ڕەتکردنەوەیەیش، مەحسونی قارەمان کە پارێزەری دەمیرتاشە بەم جۆرە بەرپەرچی هەڵوێستەکەی دادگای دایەوە: “ئێوە بەجۆرێک ڕەفتار دەکەن کە داواکارییەکەی دادگای تاوانەکانی ئەوروپا هەر بوونی نەبێت. بەم هەڵوێستەتان جوان دیارە کە ناتانەوێت لە دواییشدا بگەڕێنەوە سەری”.

پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە لێدوانێکیدا ڕەخنەی خۆی ئاڕاستەی داواکارییەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کردبوو. لە ڕەخنەکەیدا ئاماژەی بەوە دابوو کە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پشتگیری لە مافی مرۆڤ ناکات و پشتگیری لە مافی تیرۆرست دەکات. ئەمەیش سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا پێشتر بەڵێننامەی جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤی واژووکردووە و دەبوو پەیوەست بێت بەو بڕیارانەی کە لە دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپاوە دەردەچن. بەڵام هەم سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرتووە و هەمیش دادگا رەچاوی داواکارییەکەیان نەکردووە.

دەمیرتاش لەدوای ئەم هەڵوێستەی دادگاوە، ڕەخنەی لە دادگاییەکە و حکومەتەکەی ئەردۆگان گرت و دادوەرەکەیشی بە پێشێلکارێکی سەرکەوتوو وەسفکرد. دەمیرتاش ئەوەیشی ڕاگەیاند کە دڵنیایە لەدوای هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەم حکومەتەی ئێستا دەگۆڕدرێت. وە پەیامێکیشی بۆ حکومەتەکە نارد کە لەدوای هەڵبژاردنەوە، لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵدا دەکرێت بەهۆی ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەری ئەنجامیانداوە. هەروەها داوای ئەوەیشی کرد کە دادگاییەکەی دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣، بەهۆی ئەوەی کە متمانەی بەم حکومەتەی ئێستا نییە دادگاییەکی ڕەوای بکەن و مافەکانی بپارێزن.

دانیشتنەکەی سێشەممە درێژکراوە بۆ ڕۆژی دوایی و ئەمڕۆ دانیشتنەکە بەردەوام دەبێت.

سەرچاوە:

https://ahvalnews.com/selahattin-demirtas/demirtas-congratulates-turkish-court-over-blatant-violation-echr-ruling

https://www.rudaw.net/english/middleeast/turkey/160320211