رۆژی (٢٠٢١/٢/٢٧) لە هۆڵی کافتریایی ئەمنە سورەکە، سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان مەراسیمی بڵاوکردنەوەی (بەرهەمێکی دێرینی میلۆدییە کوردییەکان) سازکرد، کە رێکخراوی ئازادبوون چاپی کردووە.
کێبەکە د. کارزان محەمەد ئامادەیکردووە و مامۆستا سەڵاح ڕەوف پێشەکی بۆ نووسیوە و رۆژی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەش خوێندەوەیەکی لەسەر کرد.
نووسەر دەربارەی بەرهەمەکەی دەڵێت: ”لە ماوەی گەڕان و سەرقاڵیم بۆ نووسینی ئینسكلۆپیدیایەكی كوردناسی، ژیاننامەی مۆسیقارێكی گەورەی ئەرمەنیم خوێندەوە بە ناوی سۆقۆمۆن گیڤۆركی سۆقۆمۆنیان ((Soghomon Gevorki، کە هەوڵێكی زۆری داوە بۆ كۆكردنەوە و بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێك میلۆدیی كوردی كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢٥ ساڵ لەمەوبەر، پاشان ئەم بەرهەمەی لە ساڵی ١٩٠٣دا لە مۆسكۆ بە چاپ گەیاندووە.
ئەم موزیكزانە، كە دكتۆراكەیشی پەیوەندیدارە بە موزیكی كوردی و چەندین ناوەندی گەورەی هونەری لە ئەرمینیا وەك ڕێزلێنانی بە ناویەوە ناوزەد كراوە.
لایەنێكی پڕبایەخی ئەم بەرهەمە كات و شوێنی بەرهەمەكەیە، لە پایتەختی وڵاتێكی مەزنی وەك ڕووسیا و لە سەردەمی دیكتاتۆریەتی نیكۆڵای دووەمدا كە مۆڵەتی بە دەنگ و ڕەنگی میللەتانیش نەداوە، لەو سەروەختەدا نموونەیەك لە میلۆدییەكانی میللەتێكی بەشخوراوی كورد چاپ و پەخش بكەیت، بێگومان سەروەرییەكی مەزنە و بە دێرینترین بەرهەمی میلۆدیی كوردی دادەنرێت. واتا تا ئەندازەیەك هاوتەمەنی ڕۆژنامەی ”كوردستان”ی دایكە كە ئەویش یەكەمین هەنگاوی ڕۆژنامەگەریی كوردی بوو.”