رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەیاننامەی رێکخراوی ئازادبوون سەبارەت بە حکومی نا دادپەروەرانە بەسەر رۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادیناندا

Facebook
Twitter
LinkedIn

بۆ:

  • ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری
  • په‌رله‌مانی كوردستان
  • سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
  • ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
  • نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان
  • بالیۆزخانه‌و كونسوڵخانه‌كان له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان
  • رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی
  • ده‌زگاكانی راگه‌یاندن
    له‌ كاتێكدا به‌هۆی هێرشه‌ تيرۆریستيه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر له‌ڕێی هاویشتنی موشكه‌وه‌، وڵاتانی جیهان و بالیۆزخانه‌ و میدیاكان چاویان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بوو، لە رۆژی ١٦ی شوبات هه‌واڵی بڕیارێكی نا دادپه‌روه‌رانه‌ی دادگا بۆ پێنج چالاكوان و رۆژنامه‌نووسی بادینان (شێروان شێروانی، ئه‌یاز كه‌ره‌م، شڤان سه‌عید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا)، به‌ سه‌پاندنی شه‌ش‌ ساڵ زیندانیكردن و پێنج ساڵ چاودێریكردنیان له ‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ له‌ دوای ته‌واوكردنی ماوه‌ی سزاكه‌یان، رووماڵی دیمه‌نه‌كانی له‌ شوێنی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی موشه‌كه‌كانه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆسه‌ر فرمێسك و گریانی به‌رده‌م دادگا وهۆكاره‌كانی پشتەوەی ده‌ستگیركردنیان…
    بەپێی ئەو بڕیارەی دادگا كه‌ كۆپییه‌كی لای رێكخراوی ئازادبوونه‌، جگە لە سزاکانی سەرەوە، دادگا بڕیاریداوه‌ به‌پێی مادده‌ی ٢٤٠ له‌ یاسای سزادانی عێراقی و مادده‌ی ٢١ له‌ یاسای مافی هه‌ڵگرتنی چه‌ك له ‌عێراق، گوهدار زێباری بۆ دوو دۆسیه‌ ببرێتەوە‌ لێكۆڵینه‌وه‌، هەروەها به‌پێی مادده‌ی ٣٠٨ له‌ یاسای ئسوڵی دادگاكانی عێراق، ئامێره‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراوه‌كان وه‌ك مۆبایل و لاپتۆپ و كامێرای وێنه‌گرتن، موساده‌ره‌ بكرێت و بنێردرێت بۆ وه‌زاره‌تی دارایی تا هه‌ڵسوكه‌وتی پێوه‌بكات، کە ئەم بڕیارانە جیێ گومان و سەرسوڕمانە !

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تای ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی مه‌ده‌نی له‌ (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌كانی تر)‌ ناڕه‌زایی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و ئەو کاتیش ئێمە لە رێکخراوی ئازادبوون لە رۆژی (١٧/١٠/٢٠٢٠) بە بە یانێک داوای کۆتایی هێنان بەو دۆخەمان کرد، به‌تایبه‌ت هێشتنه‌وه‌ی مامۆستایان و خۆپیشانده‌ران و رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی مه‌ده‌نی بادینان بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌حه‌وت مانگ له‌ناو زیندانه‌كان. به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ دركی پێكرا رووبدات،‌ له‌ڕێی بڕیاری دادگا جێبه‌جێكرا، به‌بێ ئەوەی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌لمێنه‌ر و قایلكه‌ر هه‌بێت بۆ تاوانباركردنیان.

رێكخراوی ئازادبوون له‌ڕێگای چاودێریكردنی پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌، تێبینیكرد ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ده‌زگای ئاسایش له‌ناو هۆڵی دادگا و له‌پێش هۆڵی دادگاییكردنه‌كه‌ ئاماده‌بوون، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر بەڕێوەچوونی ئازاد و یاساییانەی پرۆسەی دادگاییکردنەکە هەبوو بۆ هەردوو لایەنی دادوەران و تۆماتباران، تەنانەت بەهۆی ئەو دۆخەوە بایەخ بە سکاڵای شیروان شیروانی نەدرا کە چەندین جار هاواری کرد کە ئەشکەنجە دراوە و تەهدیدی ناموسی لێکراوە.

تیمی یاسایی رێکخراوی ئازادبوون پێ وایە، ئەرکی دادوەرانی هەرێمی کوردستانە سەربەخۆیی خۆیان و دادگاکان بپارێزن، رێگەنەدەن بەرپرسانی حزب و حکومەت بڕیاریان پێدەربکەن.
دەبوو ئەنجومەنی دادوەری هەڵوێستی لەبارەی لێدوانە رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌بوایه‌، كه‌ هه‌فته‌یه‌ك پێش ده‌ستپێكردن به‌پرۆسه‌ی دادگاییكردن وتی “ئه‌وان رۆژنامه‌نووس و چالاكوانی مه‌ده‌نی نین، هه‌وڵی ته‌قاندنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ و كوشتن و رفاندنی دیپلۆماتكارانی بیانیان داوه‌ و سیخوڕییان كردووه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان”. بەتایبەتیش دوای ئەو لێدوانەی سەرۆکی حکومەت دادگای دووی جینایه‌تی هەولێر سزای قورسی به‌سه‌ر تۆمه‌تباراندا سه‌پاند، له‌كاتێكدا به‌پێی نه‌بوونی به‌ڵگه‌كان ده‌بوو ئازادبكرێن.
ئەگەر مامەڵەیەکی یاسایی لەگەڵ ئەو دۆسێیەدا بکرایە، دەبوو قسەکانی سەرۆکی حکومەت رەتبکەنەوە لەبەرئەوەی بنەمای یاسایی ئەوەیە، کە “تۆمەتبار بێ تاوانە تا بەبەڵگە تاوانەکەی لەدادگا دەسەلمێندرێت”، کەچی بەداخەوە سەرۆکی حکومەت و دادوەران و ئەنجومەنی دادوەریش ئەم بنەما یاساییەیان پێشێلکرد، کە مافێکی سەرەتایی هەر تۆمەتبارێکە.

بۆیە داواکارین:
١- دادگای ته‌مییز دادپه‌روه‌رانه‌ و دوور له‌هه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانێكی سیاسی بەدۆسێکەیاندا بچێتەوەو ماف بۆ سزادراوەکان بگێڕێتەوە.

٢- جه‌خت له‌هه‌مان داواكاری خانه‌واده‌ی سزادراوانی بادینان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌وه‌ی “بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی دانپیادانانی سزادراوان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌. دروستكردنی ڤیدیۆ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دان كارێكی نایاسایی و نامرۆییه” بۆیه‌ نابێت په‌نای بۆ ببرێت.

٣- ئەرک و به‌رپرسیارێتی حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەریی و دادوەرانیشە، گوێ لەدەنگی ناڕازی خەڵک و مافناسان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بگرن، تەنیا بەپێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ژمارە ٣٥ی ساڵی 2007و یاسای ژماره‌ 11ی ساڵی 2010ی رێكخستنی خۆپیشاندان، مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوسان و خۆپیشانده‌ران بکەن، پێچەوانەكه‌ی واده‌كات، داگاكان له‌بری ئه‌وه‌ی ببنه‌ شوینێك بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری ده‌بنه‌ شوینێك بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی سیاسی.

٤- پێویسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچوونی جددی بۆ جیبه‌جێكردنی یاساكان بكات.

٥- ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە زەمینەی ئازادی بیروڕا سازبکات، مەوداکانی ئازادی تاک وهاونیشتمانی فراوان بکات، چونکە ئەوەی رەوایەتی بەحکومەت دەدات دەنگ و رەزامەندی خەڵکە نەک هێزی چەک وداپڵۆسین.

رێكخراوی ئازادبوون
٢٣ شوباتی ٢٠٢١