سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان رایگهیاند، بەهەمو شێوەیەک پێشێلکاری دژی رۆژنامەنوسان و داخستنی کەنالی راگەیاندن ئیدانە دەکەن و بە پێشێلی یاسای 35 رۆژنامەگەری هەرێمی کوردستانی دەزانن.
سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان لهراگهیهندراوێكدا بڵاویكردوه، “لیژنەی داکۆکی لە سەندیکای رۆژنامەنوسان هەردەم داکۆکی لە رۆژنامەنوسان کردوەو دەکات، هەروەها بەئەرکی خۆی دەزانی داکۆکی لەکاری رۆژنامەگەری بکات، بۆیە بەهەمو شێوەیەک پێشێلکاری دژی رۆژنامەنوسان و داخستنی کەناڵی راگەیاندن ئیدانە دەکەین و بە پێشێلی یاسای 35 رۆژنامەگەری هەرێمی کوردستانی دەزانین”.
ئاماژهی بهوهشكردوه، لە چەند رۆژی رابردو لە چەند شارو شارۆچکهیەک هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان کراوە، کە تێیدا رۆژنامەنوسان روبەڕوی توندو تیژی بونەوە، دەرئەنجام گەیشتە ئەو ڕادەی ئەمڕۆ کاناڵی NRT لەلایەن دەزگایەکی ئەمنیەوە بە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری داخرا، “ئێمە ئەوکارە ئیدانە دەکەین و داواش دەکەین بەزوترین کات ئەو کەناڵە بکرێتەوەو ئەگەر ئەو کەناڵە هەر کێشەیەکی یاسایی هەیە دەبێت لە رێگای یاساو بەپێی بڕگەکانی یاسای 35ی کاری رۆژنامەنوسی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت و پێشیلکاریەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان رابگیرێت”.
سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان ئهوهشی خستهڕو، “دوبارەی دەکەینەوە کە دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنوسان پرسە سیاسیەکانی تێکەڵ بەکاری رۆژنامەنوسی نەکەن وچیتر رۆژنامەنوس نەکرێتە قوربانی ئەو ململانێیانە”.