رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕاگەیەندراوی کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان

Facebook
Twitter
LinkedIn

خەڵكی بەشەرەفی كوردستان
ئێمە وەك كۆنگرەی دەنگە ناڕازییەكان تەنها بانگەشەی خۆپیشاندانێكی “ناتوندوتیژ” و هێمنانەمان كرد لەپێناوی گۆڕینی ئاراستەی ئەو توندوتیژیی و پەلاماردانەی كە دەسەڵات ماوەی چەند رۆژێكە لەشار و شارۆچكەكان دەستی دابویە و خوێنی چەندین گەنجی گیرفان بەتاڵی رشتبو، بەڵگەش بۆ ئەمە بەشداریكردنی مامۆستایانی ناڕازیی بو كە چەندین ساڵە بەبێ توندوتیژی و پشودرێژانە بەردەوامن لەخۆپیشاندان، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات پێش كۆبونەوەی خەڵك و دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان، بەكۆكردنەوەی هێزێكی بێشومار و نمایشكردنی دەبابە و مودەڕەعە و چەكی قورس و بڵاوەپێكردنی هێزی چەكدار بەناو شارەكاندا، نیازی خراپی خۆی بەرامبەر خەڵك نیشاندا.
دوێنێش لەكاتی گەیشتنی بەشێك لەرێكخەرانی خۆپیشاندانەكان، لەچەندین لاوە هێزی دەمامكدار و ئەمنی پەلاماریان دان و بەشێوەیەكی ناشارستانی و ناسەردەمیانە دەستگیریانكردن، دوای كۆبونەوەی خەڵكیش بەتەقەكردن و رشتنی گازی فرمێسكڕێژ وەڵامی داواكاری مەدەنییانەی مامۆستایان و فەرمانبەران و گەنجی گیرفان بەتاڵیان دایەوە و بونەهۆی نانەوەی پشێوی. 
سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی زیاتر خەڵكی كوردستانی نیگەران كرد، بڵاوكردنەوەی راگەیەنراوی لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی بو كە بەزمانێكی بەعس ئاسا و هەڕەشە ئامێز هەمو دەرگاكانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هێمنانەیان بەیانوی ئەو پشێوی و نائارامییەی كە بەچەكەكانی خۆیان دروستیان كردوە داخست.
لێرەوە رایدەگەیەنین، سلێمانی و شاروشارۆچكەكانی زمانی هەڕەشەی قبوڵنەكردوە و نایكات، خوێنی دەستگیركراوەكان و سەلامەتییان لەئەستۆی پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای ئەمنیدایە، داوای ئازادكردنی بەپەلەیان دەكەین.
دوپاتیشیدەكەینەوە، تا موچەی مامۆستا و فەرمانبەر بدرێت بەبندیواری حزبی، تا ئابوری و داهاتوی گەنجانی ئەم وڵاتە بكرێتە قوربانی مەرامی حزبی و بنەماڵەیی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام دەبێت.
كۆنگرەی دەنگە ناڕازییەكان
12/12/2020