رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

داواکاری رەوای هاوڵاتیان پێویستی بەوەڵامدانەوەی کرداری هەیە‎

Facebook
Twitter
LinkedIn

‎لەهەرێمی کوردستان تادێت نادادی و خراپی گوزەرانی ‏هاوڵاتی و خێزان زیاتر دەبێت و حزبە دەستەڵاتدارو حکومڕانەکانیش هیچ وەڵامێکی کردارییان نییە بۆ باشترکردنی ژیانی ‏هاوڵاتیان لەهەرێمی کوردستان، ئێستاش پاشئەوەی بەدرێژایی ساڵی 2020 حکومەت و حزبە دەستەڵاتدارەکانی بەشدار ‏لەحکومەت نەک نەیانتوانیوە مافی شایستە داراییەکانی مانگانەی فەرمانبەران دابەشبکەن و بەڵکو لەرێگەی جیاواز باری ‏سەرشانی هاوڵاتیانیان قورسترکردووە، ئەویش لەرێگەی زیادکردنی باج و رسومات و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە ‏سەرەتاییەکان. ئێستا هەرێمی کوردستان بەهۆی بێکارییەکی زۆری گەنجان و خراپی رەوشی ئازادی را دەربڕین و ئازادییە ‏گشتییەکان، هاوڵاتیان لەخراپترین ئاستی ژیاندایە، سەرباری هەموو ئەمانەش، نەک هیچ کەس و بەرپرسێک لەسەر گەندەڵی سزا ‏نەدراوە، بەڵکو هۆکارو رێگەی زۆر جیاوازو نوێ بەکارهێنراوە بۆ بردنی سامانی گشتی. بەردەوامی ئەم شێوە حکومڕانیەش ‏وایکردووە دۆخی هاوڵاتیان بگاتە خراپترین ئاست و، لەسەروو هەموشیانەوە بارو گوزەرانی ئابوری، کەبەشێوەیەکە هیچ ‏سەرچاوەیەکی ژیان بۆ تاک و خێزان نەماوەتەوە. بۆیە لەئەنجامی خراپی دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان گەنجان رژاونەتە سەر ‏شەقامەکان و داوادەکەن ژیان و گوزەرانیان باشتربکەن، مەیدانی ئازادی را دەربڕین فراونتر بکەن، بەڵام بەداخەوە دەستەڵات و ‏حزبە حکومڕانەکان لەهەرێمی کوردستان زۆر بێباکانە بەرامبەربە نارەزایی هاوڵاتیان وەستاونەتەوەو خۆپیشاندەران شەهیدو ‏بریندار دەکەن‎. ‎بۆیە ئێمە وەک فیدارسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین وەڵامی ‏دەستبەجێ کرداری خۆپیشاندەران بدەنەوە، ئەویش لەرێگەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و، کار بۆ شەفافیەت لەداهات و ‏جێبەجێکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری بکەن و، دادگاو دەستەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بکەن و، رێگەبدەن کەسانی ‏ئەکادیمی و سەربەخۆ بتوانن ئەم دامەزراوانە بەرێوەببەن، لەگەڵئەوەشدا حکومەت دامەزراوەکان بەتایبەت پارێزگاو دامودەزگا ‏خۆجێیەکانی پارێزگای سلێمانی رێنمایی ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان بکەن، تادووربکەونەوە لەبەکارهێنانی تەقەکردن و توندوتیژی ‏هەڵکوتانە سەر خۆپیشاندەران، لەهەمان کاتدا داوا لەگەنجان و خۆپیشاندەرانی بەشمەینەت، لەناوچە جیاوازەکان دەکەین، خۆیان ‏بەدووربگرن لەهەڵکوتنانە سەر دامودەزگا گشتییەکان و سوتاندنیان، چونکە ئەمانە موڵکی گشتین و دواجار هەموومان تێیدا ‏زەرمەند دەبێن نەک ئەو حزبە سیاسییانەی کەئەم جەهەنمەیان بۆ هەموان دروستکردوە‎.

‎فیدارسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی ‏مەدەنی

8/12/2020