رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

یاداشتنامەی بەشێک لە مامۆستایانی بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی

Facebook
Twitter
LinkedIn

هاونیشتمانیانى هەرێمى كوردستان

حكومەتی هەرێمى كوردستان

سەركردایەتى حزبە سیاسییەكان

کۆمەڵەو ڕێکخراوە مەدەنییەکان

بابەت/ یاداشتنامە

بەسەرنجدان لەو دۆخە ئاڵۆزەی ماوەیەکی زۆرە هەرێمی کوردستانی تێکەوتووەو ئەمڕۆش بەچاوی خۆمان دەیبینین، هەتا دێت قەیرانە قووڵەکان زیاتر بەرۆکی خەڵکی هەرێمەکەمانی گرتووەو تەنگی بەهەمووان هەڵچنیوە، بە خوێندوەمان بۆ لاپەڕەکانی مێژوو، دەردەکەویت مێژووی کورد دەیان ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام لاوازیی دونیابینی و تێنەگەیشتن لەشێوازی بەڕێوەبردن و دوورکەوتنەوە لەئامانجەکان، سەرەنجام و ئاکامی ئەو ئەزموونانەی ڕووبەڕووی نوشستی و لەباربردن کردۆتەوە، لەبەرئەوە ئەزموونی ئەم جارەی باشوورو هەرێمى كوردستان، سەرەتاکانی هەمان چارەنووس و ئەنجامی لێدەرکەوتووەو لەسەر ڕێگەى هەڵوەشاندنەوەو داڕوخانە، بەپشتبەستن بەم ڕاستیانەی لای خوارەوە:

یەكەم/ بەشێک لەو ئەزموون و دەسەڵاتدارێتییانەی کورد لەمێژوودا، لەڕووی فراوانی ڕووبەرو هێزی سەربازیی و بناغەی ئابووریی و تەنانەت ماوەی فەرمانڕەواییان، شایستەی بوونە بناغەی دەوڵەتیان هەبووە، بەڵام خۆخۆریی و بەرژەوەندچێتی تایبەتی و سزادان و ئاوارەکردنی ڕەخنەگران و نەیارانیان، وایکردووە توشی لێکترازانی ناوخۆیی ببن و لەزۆرینەشیان ناپاکی و خۆدانە پاڵ هێزە داگیرکارەکانی لێکەوتۆتەوە، هۆکارەکەشی گوێپێنەدانی دەسەڵاتدارو فەرمانڕەواکانی کوردبووە بەباری سەختی ژیان و زۆرداریی و بێگارییکردن بووە بەخەڵکی خۆیان… کە هەمان ئەو ئاماژانە لەمڕۆدا زۆر بەڕوونی دەبینرێن.

دووەم/ سیستمى حوكمڕانى لە هەرێمى كوردستان، لەگەڵ ئەوەی لەخانەی هیچ پێناسەیەکی زانستییدا شوێنی نابێتەوە، لە بری ئەوەى وابەستەى یاساو ڕێساكان بێت بۆ خزمەتی گشتی هاوڵاتیان، بەدەست تاقم و گروپ و خێڵ و خزمایەتى دووچاری چەقبەستوویی بووە. ئەوەش گەندەڵی و سەرپێچى یاساو كوشتن و چەتەیی و کاری مافیایی لەژیانی ڕۆژانەدا کردۆتە کردەیەکی ئاسایی و خەڵک لەسەرو ماڵ و گیانی دڵنیا نییە.

سێیەم/ قەدەری باشووری کوردستان بەحکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە، وابەستەی پەیوەندییەکانێتی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی و فیدراڵی عیراقی ئەمڕۆ، ئەوەی کەشارەزایانی مێژوو دەڵێن (کورد هەمیشە ئەوەی بەشۆڕش و خەبات دەستیدەکەوێت، لەسەر مێزی گفتوگۆ دەیدۆڕێنێت)، لەمێژووی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی عیراقی چەندبارە بۆتەوە، هەموو شکستێکی دانوستاندنیش لەگەڵ عیراق چارەنوسێکی پڕشکستی ڕووبەڕووی خەڵک کردۆتەوەو نەهامەتی و دەردەسەری تووشبووە، جگەلەوەی بۆ چەند دەیەیەک پرسی کوردی دواخستووە، بۆیە ئەگەری شکستی ئەم ئەزموونەش، بەشێکی گەورەی وابەستەی پرۆسەی دانوستاندنی نێوان سەرکردایەتی سیاسی کوردو عیراقە.

چوارەم/ تێگەیشتن لەهاوکێشە سیاسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پێویستییەکی گەورەی سیاسەتکردنە لە دونیای ئەمڕۆدا، چونکە بێ ئەم تێگەیشتنە، هەر کارو جوڵەیەک هەنگاونانە لەتاریکیدا، لەبەرئەوە ڕاوێژکردن بەکەسانی پسپۆڕو دڵسۆزو ناوەندە زانستییەکان، هاوکات دوورکەوتنەوە لەبڕیاری میزاجی و پەرچەکردارانە لایەنێکی زۆر پێویستی سیاسەتکردنە،..کەتائێستا بایەخێکی لای سیاسییەکان نییە.

پێنجەم/ دوورکەوتنەوە لەغروری سیاسی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆو دەرەوەی هەرێم بەتایبەت لەناوخۆدا، هەنگاونانی ڕاستەقینەو کرداریانە بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان خەڵکو حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی کورد، پێویستییەکی تری ئەم قۆناغەیەو خۆگێلکردن و پشتگوێخستنی، چارەنوسێکی نەخوازراو ڕووبەڕووی هەمووان دەکاتەوە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستیانە و چەندین ڕاستی مێژوویی دیكە، ئێمە خەڵك و حكومەت و حزب و لایەنەکان ئاگاداردەكەینەوە، كە هەرێمى كوردستان بەرەو نادیار هەنگاودەنێت، هۆكارە ناوخۆییەكانی ئەم چارەنوسە کارەساتبارەش، زۆر زیاترە لە هۆكارە دەرەكیەکانی.

لەکۆتاییدا پەندوەرگرتن لەمێژوو پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستاو داهاتوومانە، تاوەکو مەحکوم نەبین بەدووبارەکردنەوەی هەڵە مێژووییەکان، لەم سۆنگەیەوەو وەك ئەركێکی مێژوویی و نیشتمانى و ئەكادیمى ئەم یاداشتنامەیە ڕادەگەیەنین.

بەشێک لە مامۆستایانی بەشی مێژوو

کۆلێجی زانستەمرۆڤایەتییەکان

زانکۆی سلێمانی

٣/١٢/٢٠٢٠