رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سەڵاحەدین دەمیرتاش داوا دەکات دادگایی بکرێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

بە تۆمەتی ”سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا،” سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رۆژی دووشەممە 2020/11/23 دادگاییکرا.

دانیشتنی دادگاییەکە بە بەشداریکردنی دەمیرتاش لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگەوە لە دادگای 7ی ئەسڵییەی سزاکانی ئیستەنبووڵ سازکرا.

سەلاحەددین دەمیرتاش کە مافی گوتەی پێدرا، داوای لە دادگا کرد دۆسیەکەی لەگەڵ دۆسیەکانی دیکەی دادگای 14ی ئەسڵییەی مێرسین یەک بخەن و بە یەک دانیشتنی دادگایی یەکلای بکەنەوە.

هەروەها دەمیرتاش ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ناتوانێت راوێژ لەگەڵ پارێزەرانیدا بکات و بەشداری لە دانیشتنەکانی دادگادا بکات.

هاوکات هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە جەختی لەوە کردەوە، دەیەوێت خۆی بە شێوەی رووبەڕوو بەشداری لە دانیشتنەکاندا بکات، وەڵامی هەموو شتەکان بداتەوە و لە کەشێکی ئارامدا بەرگری لە خۆی بکات.

دوای ئەوەی پارێزەرانیشی هەمان داوکارییان دووپات کردەوە، دەمیرتاش گوتی، “ئەگەر دادگایی دەکرێم، پێویستە بە زووترین کات کارەکە بکرێت. تەنانەت دۆسیەشم لا نییە، هەمووی لای پارێزەرانمە. ئەوان ناتوانن بێنە لام. لەسەر هەمان ئەم گوتەیەم لە 47یەمین دادگای ئەسڵییەی ئیستەنبووڵ سکاڵام لەسەرە. لەم دادگایەشدا هەر لە سەرەتاوە ئێمە گفتوگۆی شێوازی دادگاییکردن دەکەین. یان ئێوە دۆسیەکان یەک بخەن، یان با دادگای ئەوێ ئەم کارە بکات.”

لەو نێوەندەدا ئونیت کودبای، پارێزەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە کە درێژە بە سکاڵاکەیان دەدەن. دادوەر بریاریدا نووسراوێک بۆ دادگای 47’مینی ئەسڵییەی ئیستەنبووڵ بنێرێت و بڕیار لەسەر داواکاریی یەکخستنی دۆسیەکان بدرێت.

داواکاری گشتیی باکڕکۆی لە ئیستەنبووڵ بڕیاری لێپرسینەوەی لەو گوتانەی سەلاحەددین دەمیرتاش دەستپێکرد کە رۆژی 24ی کانوونی یەکەمی 2015 لەبارەی ئەحمەد داودئۆغڵو و رەجەب تەیب ئەردۆغان کردبوونی.

داواکاری گشتی داوای 1-4 ساڵ زیندانیکردن بۆ ”سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار” و 1-2 ساڵیش زیندانیکردن بۆ ”سووکایەتیکردن بە سەرۆکوەزیران” کردووە.

گوتە و رەخنەکانی دەمیرتاش زیاتر لەبارەی دەستگیرکردن و کوژرانی هاونیشتمانیان بوو لە باکووری کوردستاندا.

(لە پرۆتاڵی رووداوەوە وەرگیراوە)