رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پەڕاوەکان لە ماڵپەڕی ئازادبوون

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئا: ئازادبوون

لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا، رێکخراوی ئازادبوون پڕۆژەیەکی نوێ ڕادەگەیەنێت، کە تایبەت دەبێت بە ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک پەڕاوی تایبەت لە ماڵپەڕی ئازابووندا. ئەم پەڕاوانە هەر یەکەیان بە ناوی چەمکێک یاخود بابەتێکی دیاریکراوەوە ناو دەنرێن، لە ناویشیاندا زنجیرەیەک بابەتی جیاواز دەبن کە تایبەت بن بە چەمک یاخود بابەتە دیاریکراوەکە. بابەتی سەرەکیی پەڕاوەکانیش بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان دەبێت بەو چەمک و دروشمانەی کە ڕێکخراوی ئازادبوون کاریان تێدا دەکات؛ وەک هەر یەک لە چەمکەکانی تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان.

یەکەم پەڕاوی پڕۆژەکە پەیوەندیی دەبێت بە چەمکی تاکگەراییەوە؛ تاکگەرایی بەو مانایەی کە تاکەکان توانای بڕیاردانیان هەبێت لەسەر ژیانی خۆیان و بتوانن خۆیان بەرپرس بن لەو بڕیارانەی کە پەیوەندیی بە ژیانی خۆیانەوە هەیە، لەجێی ئەوەی کە تاکەکان خۆیان ئەم توانایەیان نەبێت و لایەنێکی دەرەکی کۆنتڕۆڵی بڕیارەکانیان بکات. بێگومان ئازادبوونی مرۆڤەکان و ئەو کۆمەڵگەیەی کە لە ناویدان، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی بەسەر تاکگەراییەوە هەیە و هەتا ئازادیی زیاتر بوونی هەبێت، تاکەکانیش زیاتر دەتوانن پێگەیەکی شایستە و تاکگەراییانەیان هەبێت.

لە یەکەم پەڕاودا ئێمە ”نۆبڵ”مان وەک ناونیشانی پەڕاوەکە و بابەتی سەرەکی هەڵبژاردووە. هۆکاری ئەم هەڵبژاردنەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگە و مانایەی کە خەڵاتەکە هەیەتی، لە پاڵ هەموو ئەو کاریگەرییانەی کە بە درێژایی مێژووی خۆی دروستی کردووە. کاریگەرییەک کە بووەتە هۆی ئەوەی داهێنانی تاکەکان لەبەرچاو بگیرێن و ڕێزی تایبەتیان لێ بگیررێت، هەروەها هاندانی تاکەکانی دیکەش کە ئەوانیش داهێنانی خۆیان هەبێت و دواجار ببن بە تاکێکی داهێنەر.

ئەو پەیوەندیەی لە نێوان ناوەڕۆکی خەڵاتی نۆبڵ لەگەڵ چەمکی تاکگەراییدا هەیە، پەیوەندییەکی بەهێز و مانادارە. هەوڵی ئێمەیش ئەوەیە کە لە ڕێگەی باسکردنی ئەم پەیوەندییە و چوونەناو ناوەڕۆک و مانای خەڵاتی نۆبڵەوە، دەری بخەین کە تاکگەرایی چۆن دەتوانێت کار بکات و کاریگەرییەکانیشی چین.

بابەتەکانی ناو پەڕاوەکە لە ناساندنی ئەلفرێد نۆبڵەوە دەست پێ دەکەن کە خەڵاتەکەی لەسەر ناو نراوە. دواتر ناساندنی خەڵاتەکە خۆی و پاشان ناساندنی تەواوی براوەکان و باسکردنی داهێنراوەکانیان و کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی.

پڕۆژەکە دوای تەواوبوونی پەڕاوی یەکەم درێژەی دەبێت و پەڕاوەکانی داهاتوو لەسەر چەمک و بابەتی جیاوازتر دەبن.