رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کوردێکی ڕۆژهەڵات لە زینداندا ئاگر لە خۆی بەردەدات

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەندکراوێکی کورد بە ناوی عادل موکەرەم لە ناو زیندانێکی شاری ورمێدا زیندانی کراوە. ئەو دوای ئەوەی کە دوو جار مان لە خواردن دەگرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، دواجار ئاگر لە خۆی بەر دەدات وەک بەرپەرچدانەوەی ئەو دواکارییانەی کە هەیبووە و بۆی جێبەجێ نەکراوە، لەو ماوەیەی کە لەناو زینداندا بووە.

بەپێی ڕاگەیانراوێکی رێکخراوی هەنگاوی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەندکراوەکە لە بەرواری ١٨/١٠/٢٠٢٠، ئاگر لە خۆی بەردەدات و لە ئەنجامدا قاچێکی بە خراپی دەسووتێت. ئەم کارەیشی لە بەرچاو دادوەری چاودێری ورمێ و جێگری بەڕێوەبەری بەندینخانەی ورمێ ئەنجام داوە و کارەکەیش، وەک هەڵوێستێک بووە دژی بەرپرسانی دەزگای داد بە هۆی پەسەندنەکردنی داواکارییەکەیەوە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی رێکخراوی هەنگاو ئەوە ئاشکرا بووە، کە دوای خۆسووتاندنەکە پاسەوانانی گرتووخانەکە عادل ڕزگار دەکەن. بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێکی بۆ بکەن، ڕاستەوخۆ دەیگوازنەوە بۆ ناو زیندانی تاکەکەسی.

یەکەم مانگرتنی عادل دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە، کە تێیدا عادل لێوەکانی خۆی دوورییەوە و ڕەتی کردەوە کە هیچ خواردنێک بخوات. هۆکاری ئەم مانگرتنەیشی دەستگیرکردنی بوو بۆ ماوەی ١٠ مانگ، لە کاتێکدا ئەو خۆی بە بێتاوان دەزانێت. هەر بۆیە لەو ڕۆژەدا مان لە خواردن دەگرێت. بەڵام دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ و بەڵێندانی بەرپرسانی دەزگای داد و گرتووخانەکەیش بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی عادل، کۆتایی بە مانگرتنەکە دەهێنێت. بەڵام بەڵێنەکان جێبەجێ ناکرێن.

 هۆکاری گرتنی عادل لە سەرەتادا گومانێک بووە لەوەی کە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان بێت. بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بەهێز بوونی نییە تا ئەو گومانە بسەلمێنێت و لە کاتی گرتنیەوە، عادل دادگایی نەکراوە و کەیسەکەی بە کراوەیی ماوەتەوە.

سەرچاوە (کلیک بکە)