رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

فەڵەستینییەک ٧٠ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

دوای ئەوەی زیندانییەکی فەڵەستینی کە بە دەستی ئیسرائیل گیراوە، مان لە خواردن دەگرێت و بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ مان لە خواردن دەگرێت، لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی ئەو زیندانییە تێک چووە و بەپێی لێدوانی کەسوکار و پشتگیریکارانی زیندانییەکە، ئێستا لە نەخۆشخانەیە و دۆخیشی بەرەو خراپبوون دەچێت.

ماهیر ئەلەخرەس دوای ئەوەی کە لە مانگی حەوتی ئەمساڵ دەستگیر دەکرێت، دەست دەکات بە مانگرتن لە خواردن وەک کاردانەوەیەک بۆ دەستگیرکردنەکەی. بە تایبەت لە دژی ئەو یاسایەی ئیسرائیل کە تێیدا ڕێگە بە هێزەکانی حکومەت دەدات خەڵک دەستگیر بکەن و بۆ ماوەیەکی زۆر لە زینداندا بیهێڵنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ حوکمێکی لە دادگاوە بەسەر سەپێنرابێت.

هاوسەرەکەی ماهیر ڕای گەیاندووە کە ماهیر لەو ماوەیەدا تەنها ئاوی خواردووەتەوە و سووریشە لەسەر ئەوەی کە بەردەوام بێت لە مانگرتنەکەی، تا ئەو کاتەی کە ئازاد دەکرێت. ماهیر لە شەشی مانگی نۆوە لە نەخۆشخانەیە و توانای قسەکردن و هەڵسوکەوتی نییە.

هاوسەرەکەی ماهیر لە لێدوانێکیدا دەڵێت: “نیوەی کیشی لەشی لە دەست داوە، لەو ماوەیەی کە وازی لە نانخواردن هێناوە، سەرئێشەیەکی بەردەوام و بەهێزی هەیە لەگەڵ ئازاری ماسولکە. ئەمانەیش جگە لەوەیە کە هێزی قسەکردنی نییە، تەنانەت لەگەڵ منیشدا.”

لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕەتی دەکەنەوە کە لێدوان لەسەر دۆخی ماهیر بدەن و تەنها ئەوە دەڵێن کە دۆخی جێگیرە. هەر زانیارییەکیش لەسەری بڵاو کرابێتەوە لە سەرچاوەی نەناسراوەوە بووە.

ئەو لایەنەی کە ماهیری دەستگیر کردووە ئەوەی ڕاگەیاندووە ماهیر ئەلەخرەس بە هۆی گومانێکەوە دەستگیر کراوە کە گوایە پەیوەندیی بە گرووپە جیهادییە ئیسلامییەکانەوە هەیە. ئەوەیشیان ڕاگەیاند کە پێشتریش ٥ جاری دیکە لەسەر هەمان مەبەست دەستگیر کراوە. لە وەڵامی ئەم تۆمەتەیشدا، هاوسەرەکەی ماهیر ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ماهیر ئەندامی هیچ گرووپێکی چەکداری نییە و پەیوەندییشی پێیانەوە نییە، بەڵکو تەنها هەندێک جار ناڕەزایەتیی دەربڕیوە لە دژی گرتنی فەڵەستینییەکان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.

ئەحلام حەدادی، پارێزەری ماهیر ئاشکرای کرد کە پیشتر ئۆفەری ئەوە خراوەتە بەردەستی ماهیر کە لە ٢٥ی نۆڤەمبەر ئازاد بکرێت. بەڵام ماهیر ئەمەی ڕەت کردووەتەوە و ویستوویەتی ڕاستەوخۆ و بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک ئازاد بکرێت. چونکە پێی وایە کە ئەوە تاکە ڕێگەی پەیڕەوکردنی دادپەروەرییە بۆی.

سەرچاوە (کلیک بکە)