رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

شێروان شێروانیی ڕۆژنامەنووس دەستگیر کرایەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

دوای ئەوەی کە ساڵی پار بۆ ماوەی ٤٢ ڕۆژ بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە لایەن هێزە حکومییەکانەوە دەستگیر کرا، شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنووس لە بادینان، لە بەرواری ٧ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا جارێکی تر بە هۆی تۆمەتێکی هاوشێوەوە دەستگیر کرایەوە. ڕووگەش کە هاوسەری شێروانە، ڕای گەیاندووە کە لە بەرواری ٧/١٠/٢٠٢٠ هێزێکی دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و شێروانیان بردووە.

بەپێی قسەی هاوڕێ و هاوکارانی، هۆکاری دەستگیرکردنەکەی شێروان چالاکییە بەردەوامەکانیەتی لە باسکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە دژی مافی مرۆڤ لە ناوچەکەیدا دەکرێت. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایی کۆمەڵێک بابەت بوون کە شێروان بەردەوام ڕاپۆرتی لەسەریان هەبووە و هەر ئەوەیش بووە بە هۆکاری ئەوەی کە دووبارە دەستگیر بکرێتەوە.

دەستگیرکردنەکەی شێروان خۆی لە خۆیدا پێشێلکارییەکی تەواوی تێدایە دژی مافی مرۆڤ. بە تایبەت لەو ڕووەوەی کە ئەو هێزەی دەستگیریان کردووە، خۆیان نەناساندووە هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردنی فەرمیشییان پیشانی خێزانەکەی شێروان نەداوە. هەروەها بە شێوەیەکی توند و ناشیرین شێروانیان لە ماڵەکەی خۆیدا بردووە و ئەوەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە بارودۆخی ماڵەکە تێک بچێت و ژن و منداڵەکەی فشارێکی دەروونیی زۆریان بۆ دروست ببێت.

خێزانەکەی شێروان ئەوەی ڕاگەیاندووە کە پێشتر هیچ سکاڵەیەکی یاسایی لەسەر شێروان تۆمار نەکراوە، ئەم دەستگیرکردنە بەبێ بوونی هیچ سکاڵایەک ئەنجام دراوە. بێگومان ئەمەیش لە کاتێکدایە هێشتا چەندین چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی تر، لە وێنەی بەدەل بەرواری، لە زیندانی هێزە ئەمنییەکانی بادیناندان و شێروان شێروانییش چووە لایان.

شایەنی باسە ساڵی پار و لە بەرواری ٢٨/١/٢٠١٩ شێروان بە هەمان شێوەی ئەمساڵ دەستگیر کراوە و پاساوی دەستگیرکردنەکەی ئەو کاتەیش دروستکردنی پشێوی و هێرشکردن بووە بۆ سەر ئاسایشی گشتی. لەو کاتەدا شێروان بۆ ماوەی ٤٢ ڕۆژ لە زیندان مایەوە.