رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پارێزەرێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران مان لە خواردن دەگرێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

نەسرین ستودە کە یەکێکە لە دیارترین پارێزەرەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، دوای مانگێک لە ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردن دەبرێتە نەخۆشخانە. بەپێی لێدوانی ڕەزا خەندانیی هاوسەری نەسرین، هۆکاری سەرەکیی مانگرتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی دۆخی زیندانییانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید ١٩).

دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر مانگرتنەکەدا، بارودۆخی تەندروستیی نەسرین تێک دەچێت، بە تایبەت نزمبوونەوەی فشاری خوێن و تێكچوونی بارودۆخی دڵی. ئەوەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە شارەزایانی بواری تەندروستی داوای بردنی نەسرین بکەن بۆ نەخۆشخانە و خستنی بۆ ژێر چاودێریی تەندروستی. ڕەزا خەندان ڕای گەیاند کە لە ڕۆژی شەممەوە نەسرین لە زیندانی ئەڤینەوە گواستراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی باکووری تاران.

مانگرتنەکەی نەسرین ستودە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆگەستی ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە. ئەو لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستگیر کرا، هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ”دژایەتیکردن و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بووە لە دژی حکومەت و دەسەڵاتی ئێران”. دوای ئەوەی کە دەستگیر دەکرێت و دادگایی دەکرێت، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی ٣٨ ساڵ بۆ دەردەچێت، لەگەڵ لێدانی ١٤٨ قامچیدا. بەپێی یاسایش نابێت لە ١٢ ساڵ کەمتر لە ناو زینداندا بمێنێتەوە.

نەسرین لە پێش مانگرتنەکەیشیەوە و لەو کاتەوەی کە لە زینداندا بووە، چەندین جار چاوی بە دکتۆر و پسپۆڕی تەندروستی کەوتووە بە هۆی ئەو کێشە تەندروستییانەوەی کە هەیبووە. هۆکاری سەرەکیی مانگرتنەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مەترسییانەی کە لەسەر زیندانییان هەبووە لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە. وەک ئاشکرایە چەندین کەیسی پۆزەتیڤ لە ناو زیندانەکانی ئێراندا هەن و دەسەڵاتداران گرنگیی پێویست بەو بارودۆخە نادەن. ئەمەیش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی زیندانییانی وەک نەسرین دروست کردووە.

سەرچاوە (کلیک بکە)