رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کاردانەوەی ڕێکخراوەکان لە بارەی کوشتنی دوو خوشک لە چەمچەماڵ

Facebook
Twitter
LinkedIn

فەرهاد سەعدی

دوای چەند ڕۆژێک لە دیارنەمانیان، ڕۆژی ٩\١٠\٢٠٢٠ تەرمی دوو خوشک لە گۆڕستانی گوندی ئیبراهیم ئاغای ناوچەی شوان لە نزیک قەزای چەمچەماڵ دۆزرانەوە.

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ میدیاکان گوتی: ”دوای ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێک ئەم دوو کچە ون بوون و هیچ دەنگیان نەبووە و وەڵامی مۆبایلیشیان نەداوەتەوە، کەسوکاریان ئەمڕۆ تەرمەکانیان دۆزرایەوە، پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکانەوە کردووە، بەڵام کە چوونەتە ماڵەکە هیچ کەسێکی لێ نەبووە، بۆیە کەوتوونەتە سۆراخکردنیان.”

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی زیاتر وردەکاری لە بارەی ڕووداوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ”(ف. ح.) باوکی دوو کچەکەیە و خەڵکی چەمچەماڵە، دوای ئەوەی ماوەیەک لەمەوبەر لە دایکیان جیا بووەتەوە، هەردوو کچەکەی لە لای خۆی هێشتووەتەوە و لە خانوویەکی کرێدا لە ناحیەی شۆڕش نیشتەجێ بوون. ئەو دوو كچە، لە ١٧ی تەمووزی ئەمساڵەوە، دوای ئەوەی سكاڵایان لەسەر باوكیان تۆمار كرد، بە هۆی ‘ئەنجامدانی توندوتیژییەوە’ پەڕاویان لە نووسینگەی چەمچەماڵی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بۆ كراوەتەوە و لە شێڵتەردا هێڵدراونەتەوە. دواى مانەوەیان لە شێڵتەر و دواتر سەردانیکردنى باوکیان، كچەكان ڕەزامەندییان نیشان دا بگەڕێنەوە ماڵەوە و پاشەكشێیان لە سكاڵاكەیان كردووە و بە بڕیارى دادوەر، لە ١١ی ئاب، دوای ئەوەی باوكیان بەڵێننامەی پڕ كردەوە، ڕادەستی باوكیان كراونەتەوە.”

دوای ئەوەی کەسوکاری دوو کچەکە ئامادە نەبوون تەرمەکان وەرگرنەوە، قائیمقامی چەمچەماڵ ئەرکی وەرگرتن و بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو دوو کچەی گرتە ئەستۆ. بە ئامادەبوونی هاووڵاتییان، مامۆستایانی ئایینی، لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تایبەت بە ژنان، لە گۆڕستانی نوێی چەمچەماڵ بە خاک سپێردران.

قائیمقامی چەمچەماڵ ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەوان دوێنی لە نەخۆشخانەوە تەرمی دوو خوشکەکەیان ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە، ئەمڕۆیش دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی داد، وەک کەسوکاری قوربانییەکان مامەڵەیان کردووە و تەرمەکانیان وەرگرتوونەتەوە و بە مەراسیم بە خاکیان سپاردوون.

لە بارەی تۆمەتبارەکەیشەوە دەڵێت: ”تا ئێستا تۆمەتبار باوکی کچەکانە، بەو سیفەتەی هەم دەبێت ئاگاداریان بێت و هەروەها بە بەڵێننامەی دادوەر ئەم کچانەی لە توندوتیژیی خێزانی وەرگرتووەتەوە، بۆیە فەرمانی گرتنی هەیە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.”  ئاماژەی بەوەیش کردووە، لە کاتی وەرگرتنەوەی ڕاپۆرتەکانی پزیشکی داددا، هەر زانیارییەکی تر لەسەر کەیسەکە بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا دەکەن.

هاووڵاتییان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان ناڕەزایی و نیگەرانییان لە بارەی تاوانەکەوە بە شێوەی جیا جیا ڕاگەیاندووە، ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات کە بکوژ و هەموو بکوژانی دیکەی ژنان بە سزای یاسایی بگەیەنرێن و پێویستە هەموان بەشدار بن لە هەڵمەتی نەهێشتنی کوشتنی ژناندا. هەروەها ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنانیش (WOLA) دوای بەشداریکردنی بەرێوەبەر و پارێزەرانیان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی قوربانییەکاندا، بەرێوەبەری ڕێکخراو دوای ئیدانەکردنی ئەم تاوانە و ڕاگەیاندنی خەم و ماتەمینییان بەرامبەر بەم تاوانە گەورەیە، ڕای گەیاند کە دەستەیەک لە پارێزەرانی خۆبەخش پێک دەهێنن بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەکە و بەدواداچوونی و بەسزاگەیاندنی تاوانباران، ئەگەر پێویستیش بکات لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە سکاڵا تۆمار دەکەن، تاوەکو هەموو پێکەوە هاوکار بن لە بەدیهینانی دادپەروەری و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدا.