رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گرووپە سیاسییەکانی بەسڕە دەکرێنە ئامانج

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

چەکدارێکی نەناسراو لە ١٤ی ٨ی ئەمساڵەوە، دوو خۆپیشاندەری لە شاری بەسڕە کوشتووە و چواری دیکەیشی بریندار کردووە. هەموو قوربانییەکانیش پەیوەندییان هەیە بە گرووپە سیاسییەکانی ناو خەڵکەوە کە خۆپیشاندان دەکەن. شایەنی باسە ئەم قوربانییانە، بەشێکن لەو سەدان کوژراو و بریندارانەی کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ەوە لە لایەن چەکدار و هێزەکانی ئاسایشەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

هەتاوەکو ئێستایش، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵێکی جیدییان نەبووە بۆ ڕاگرتنی ئەم کوشتن و بریندارکردنانەی خۆپیشاندەران. ئەمەیش لە پاڵ ئەو بەڵێنانەی کە مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە بە خەڵکی دابوو. تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی باڵا دەستگیر نەکراوە و تەنها چەند فەرماندە و کەسانێکی پلە نزم دەرکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

بێلکیس ویڵی، کە توێژەرێکی هیومەن ڕایتس وۆچە، لە لێدوانێکدا بەم جۆرە لەسەر بابەتەکە دوا: “دۆخەکە گەیشتووە بە ئاستێک کە تێیدا چەکدارێک دەتوانێت بە ئاسانی خۆپیشاندەر و خەڵکی سیڤیل بکوژێت. تا ئێستایش ڕوون نییە کە ئەم حکومەتە توانای کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەی هەیە یاخود نا.”

قوربانییەکانی ئەم دواییەی بەسڕە، ئەندامی گرووپی گەنجانی سیڤیلی بەسڕەن کە گرووپێکە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دامەزراوە و کار لە ڕێکخستنی خۆپیشاندان و چالاکی دژی گەندەڵی دەکات. لەم دواییانەدا بەشێک لە ئەندامەکان ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە گرووپەکە ئامادەکاری دەکات بۆ بوون بە حیزبێکی فەرمی و ئامانجیەتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا بەشدار بێت.

ئەندامێکی گرووپەکە ڕایگەیاندووە کە لە دوای کوشتنەکەوە، چەندین هەژماری ساختەی فەیسبووک دروست کراون کە ئامانجیان هێرشکردنە بۆ سەر گرووپەکە. هەروەها بەردەوام بە گرووپێکی دژەئیسلامی ناوزەد دەکرێن، بەوپێیەی کە گرووپێکی سێکۆلارن و دەیانەوێت لە چوارچێوەی سێکۆلاریزمدا کار بکەن. هەروەها هێزەکانی سەر بە حکومەتیش بەردەوام هێرشیان دەکەنە سەر و بەم دواییانە، دوو ڕۆژنامەنووس لە لایەن هێزەکانی سواتەوە، هێرشیان کرایە سەر بە هۆی گواستنەوەی هەواڵ لەسەر کوژراوەکان.

لە ڕۆژی ١٤ی ٨دا، دوو کەس بە جلی ئاسایی و ماسکەوە گەنجێکیان لە ناو شوقەکەی خۆیدا کوشتووە بە ناوی تەحسین عوسمان عەلی، هەروەها براکەیشیان بریندار کردووە. تەحسین ئەندامێکی چالاکی هەمان گرووپی ناوبراوە و چەند ڕۆژێک پێش کوشتنەکەی، پۆستێکی لە فەیسبووک کردبوو و تێیدا ڕەخنەی لە بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسڕە کردبوو کە شکستی هێناوە لە پاراستنی گیانی خۆپیشاندەراندا. هەروەها لە چەند کات و شوێنێکی جیاوازدا، هێرش و هەڕەشەی جۆربەجۆر ئاڕاستەی ئەندامەکانی تری گرووپەکە کراوە.

بەڵام هیچ کام لەم هەڵوێستە توندانە، نەبوونەتە هۆی ڕاگرتنی ناڕەزایەتییەکان. هەر بۆیە هیومەن ڕایتس وۆچ، سەرنجێکی زۆری لەسەر هەڵوێستی حکومەتە بەرامبەر بەم ڕووداوانە و داوای کردووە کە دەسەڵاتی عێراقی، بە زووترین کات هەوڵی دۆزینەوە و لەکارلابردنی هەموو ئەو کاربەدەستە حکومییانە بدات کە دەستیان لە کوشتن و ئازاردانی خۆپیشاندەراندا هەبووە.

سەرچاوە (کلیک بکە)