رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سعودیە دەیەوێت بە سزای لەسێدارەدانی منداڵدا بچێتەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە بەرواری ٢٦ی ٨ی ئەمساڵدا، لیژنەی چاودێریی مافی مرۆڤ لە سعودیە، داوایەکیان بەزر کردووەتەوە بۆ پێداچوونەوە بە سێ سزای لەسێدەدارەداندا. ئەمەیش بەسوودوەرگرتن لەو بڕیارەی نوێیەی وڵاتەکە کە بە هۆیەوە ڕێگری دەکرێت لە سزادانی منداڵ. سزاکە بەسەر سێ منداڵ سەپێنراوە بە ناوەکانی عەلی ئەلنیمر، داود ئەلمەرحوم و عەبدولڵا ئەلزەهیر کە لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵیدا تاوانەکانیان ئەنجام داوە.

کۆمسیۆنەکە داوای کردووە کە بڕیاردان لەسەر سزادانی منداڵەکان، پشت ببەستێت بە بڕیارە نوێیەکە و یاسای نەوجەوانەن بە کار بهێنرێت. بەپێی یاسای نەوجەوانانیش بێت سزای منداڵەکان لە دوا سنووری خۆیدا ١٠ ساڵ دەبێت و لە ساڵی ٢٠٢٢ هەرسێ منداڵەکان، ماوەی سزاکەی خۆیان تەواو دەکەن و دەبێت ئازاد بکرێن.

لە ڕاگەیەنراوی کۆمسیۆنەکەدا باسی ئەوە کراوە چۆن پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کۆڵەکەی ئەو ڕیفۆرمەیە کە شا و جێنشینەکەی دەیانەوێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ئەنجامی بدەن. ئەمەیش لە کاتێکدا کە وڵاتەکە بەردەوام بوونی دیاردەی وەک خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ژن، کوشتن و بێدەنگکردنی ڕەخنەگران و خواردنی مافی کرێکارانی تێدا بەدی دەکرێت. ئەمانەیش جگە لەو هەموو پێشێلکارییانەی کە سعودیە بەرامبەر بە خەڵکی یەمەن ئەنجامیان دەدات. بەڵام کۆمسیۆنەکە هێشتا گەشبینینن و پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی سێ منداڵەکە بە بڕیارێکی پۆزەتیڤ دەزانن و بە هەنگاوێکی باشی دەزانن، بەرەو گەیشتن بە ڕیفۆرمەکە.

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە سعودیە تەواوی سزای لەسێدارەدانەکان ڕابگرێت و پێیاندا بچێتەوە. کەیسی سێ منداڵەکە تەنها دەستپێکە و چەندین کەیسی تر هەیە کە بە هەمان شێوەن و پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە. ئەو سێ منداڵە لە کاتی گرتنیاندا، تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٧ ساڵان دەبوو. هۆکاری گرتنەکەیشیان، بەشداریکردن بوو لە خۆپیشاندان و چالاکیی شیعە کەمینەکان، لە دژی دەزگاکانی حکومەت. منداڵەکان دوای گرتنیان بۆ ماوەی ٢٢ مانگ بەبێ هیچ دادگاییکردنێک لە زیندان مابوونەوە.

پارێزەری منداڵەکان ڕای گەیاندووە کە دوان لەو ٣ منداڵە، بە هۆی ئەشکەنجە و هەڕەشەی بەردەوامەوە ناچار کراون کە دانپێدانێکی هەڵە واژوو بکەن. هەروەها یەکێکی تر لە منداڵەکان بە هۆی ئەشکەنجە قورسەکانەوە، توانای قسەکردن و نانخواردنی لە دەست داوە. منداڵەکان دانیان بەوەدا ناوە کە مۆلۆتۆڤیان هەڵداوەتە ناو دەزگای پۆلیسەوە. بەڵام هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە لە برینداربوونی پۆلیسەکان.

لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕایان گەیاندووە کە ئەو بەڵێنەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بە خەڵکیان داوە کە گوایە تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕیفۆرم ئەنجام دەدرێت، بووە بە بارێکی گران بەسەر خودی دەسەڵاتدارەکان خۆیانەوە و ناچار بوون بە زۆربەی بڕیارەکانی خۆیاندا بچنەوە. لە ناو هەموو بڕیارەکانیشیاندا، بوونی یاسایەک کە سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە لە تەمەنی منداڵیدا تاوان ئەنجام دەدەن، گەورەترین نموونەی پێشێلکارییە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و پێویستە بە تەواوەتی ڕێگری لە هەر بڕیارێکی وا بکرێت.

سەرچاوە (کلیک بکە)