رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گۆرانیبێژێکی ئێرانی بە هۆی کارکردن لەگەڵ ژندا دەستگیر دەکرێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

مەهدی ڕەجەبیان، گۆرانیبێژێکی تەمەن ٣٠ ساڵە. لەم دواییانەدا دەستگیر کراوە و بانگهێشتی دادگا کراوە. هۆکاری دەستگیرکردنەکەیشی، کارکردن بووە لەگەڵ چەند گۆرانیبێژ و سەماکەرێکی ژندا کە لە دوایین پڕۆژەی هونەریی خۆیدا کاری لەگەڵدا کردوون.

ئەو پڕۆژەیەی مەهدی بریتییە لە ئەلبوومێکی گۆرانی، تێیدا چەند ژنێک بە دەنگبێژی و سەماکردن بەشدارن، لە کاتێکدا بەشداریکردنی ژن لەو جۆرە کارانەدا، لە ئێران قەدەغە ڕێگەپێنەدراوە.

مەهدی لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی بی بی سی ڕای گەیاندووە، ڕژێمی ئیسلامی داوای ئەوەیان لێ کردووە واز لە گۆرانیوتن بهێنێت و چیتر هیچ بەرهەمێک بڵاو نەکاتەوە. ئەوەیشی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ڕژێم تەنها بە گرتنی مەهدی نەوەستاون و ئەو موزیسیانەیشیان گرتووە کە کاری لە ئەلبوومەکەدا کردووە، هەروەها ڕۆژنامەنووسێکیشیان گرتووە لەبەر ئەوەی لە ڕاپۆرتێکدا، باسی کەیسەکەی مەهدی کردووە.

لە ئێستادا مەهدی ئازاد کراوە و کەفالەتەکەیشی ئەوە بووە کە چیتر گۆرانی نەڵێت، هەتاوەکو بڕیاری کۆتایی دادگا لەسەر کەیسەکەی دەردەچێت، بەڵام مەهدی دەستی کردووە بە کار لەسەر بەرهەمی داهاتووی و لەو بەرهەمە نوێیەیشیدا، دووبارە ژنی سەماکەر بوونی هەیە.

یاساکانی ئێران بە جۆرێکن کە ڕژێم دەتوانێت ڕێگری لە هەر ژنێک بکات کە بیەوێت کارێکی هونەری ئەنجام بدات، ئەگەر ئەو کارە لە لایەن خودی ڕژێم خۆیەوە بە کارێکی نەشیاو و نائەخلاقی پێناسە بکرێت. هەروەها ژن تەنها لە بەشداریکردن لە ناو کۆرسەکان و لەو کۆنسێرتانەی کە تەنها ژنان ئامادەن، دەتوانێت نمایشی هونەری بکات، ئەویش زۆر بە دەگمەن ڕوو دەدات.

مەهدی ڕەجەبیان تاکە کەس نییە کە بە هۆی کارێکی لەو جۆرەوە بگیرێت و سزا بدرێت. ساڵی ڕابردوو، نەزەر موعەزەم کە خاتوونێکی گۆرانیبێژە، بانگهێشتی دادگا کرا. تەنها لەبەر ئەوەی کە بە جلوبەرگی کولتوورییەوە گۆرانیی بۆ کۆمەڵێک گەشتیار وتووە. هەروەها چەند مانگێکیش لەمەوبەر، ئاوازدانەرێک بە ناوی عەلی قەمسەرییەوە سزای ڕاگرتنی تەواوی نمایشەکانی درا، بە هۆی ئەوەی کە گۆرانیبێژێکی ژنی بە کار هێنابوو لە ناو نمایشێکیدا.

ئەمە یەکەم جار نییە کە ڕژێمی ئیسلامی، مەهدی ڕەجەبیان لەسەر کارە هونەرییەکانی دەستگیر دەکەن. پێشتر لە ساڵی ٢٠١٣دا بۆ ماوەی ٣ مانگ دەستگیر کراوە و جارێکی دیکەیش بۆ ماوەی ٦ ساڵ حوکم دراوە. بەڵام دوای ئەوەی کە مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنێت و سەرنجی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان بۆ خۆی ڕادەکێشێت، حوکمەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە. بەڵام لە دوای ئازادکردنیەوە، ئەو لە دابڕانێکی بەردەوامدا دەژیی و هەمیشە لەژێر چاودێریدایە. هەروەها ڕەخنەی توند لە هونەرمەندانی وڵاتەکەی دەگرێت کە لەسەر گرتنەکانی نایەنە دەنگ.

سەرچاوە (کلیک بکە)