رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەهرۆز بوچانی مافی پەنابەریی لە نیوزلەندا وەرگرت

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووسی کورد، بەهرۆز بوچانی، کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەیەوە، ”هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان”، لە دوورگەی مانوسەوە ناوبانگێکی جیهانیی پەیدا کرد، بەم دواییانە لە نیوزلەندا مافی پەنابەری و ڤیزەی ساڵێک ژیانی لەوێ وەرگرت.

بەهرۆز لەو بارەیەوە دەڵێت: ”دواجار دڵنیام لەوەی داهاتوویەکم هەیە. دڵخۆشم کە ئێستا دڵنیاییەکەم لە بارەی داهاتوومەوە هەیە. لە کۆتاییدا هەست بە ئاسایش و ئارامی دەکەم.”

هەروەها دەڵێت: ”بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ناتوانم زۆر خۆشحاڵ بم و ئاهەنگی بۆ بگێڕم، چونکە چەندین کەس کە لەگەڵ مندا لە زیندان بوون، لە ململانێی گەیشتندان بە ئازادی. تەنانەت ئەگەر ئازادیش کرابن، ڕێکارە یاساییەکانی ئوسترالیا بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەمیاندا.”

بە شێوەیەکی فەرمی، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣\٧\٢٠٢٠، دوای حەوت ساڵ دواجار داواکارییەکەی بەهرۆز بۆ مافی پەنابەرێتی لە نیوزلەندا پەسەند کرا. هەروەها هەمان ڕۆژ یادی لەدایکبوونی بوچانی بووە و تەمەنی بووە بە ٣٧ ساڵ.

لە ئێستادا بوچانی دەیشتوانێت مافی مانەوەی هەمیشەیی لە نیوزلەندا وەربگرێت و وەک هاونیشتمانییەکی ئەوێ بژیی. خەڵک لە ئێستا و تەنانەت لەم ڕۆژانەیشدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید ١٩) بە شێوەیەکی فراوان بڵاو بووەتەوە، دەچنە بەردەرگای بوچانی و وەک بەخێرهاتنێک گوڵڕێژیان کردووە. کاتێک لە شەقامەکاندا دەیبینن، دەیوەستێنن تاکو لەگەڵیدا قسە بکەن و گرنگیی پێ دەدەن.

بوچانی دەڵێت: ”بە درێژایی شارەکە پاسکیل لێ دەخوڕم، لەسەر پاسکیلەکەم هەست بە ئازادی دەکەم.” هەروەها دەچێتە شاخەوانی بۆ بەرزاییەکانی دەوری شارەکەدا.

بەهرۆز بوچانی هێشتا لە کارکردندایە بۆ یارمەتیدانی ئەو هاوڕێیانەی لە مانوس لەگەڵیدا بوون و دەڵێت: ”من بەرپرسیاریەتیم لەسەر شانە بەرامبەر ئەو کەسانە و بۆ ئەو شەش ساڵەی ژیانم. بۆیە دەبێت هێشتا کاری لەسەر بکەم. ناتوانم ئەو کەسانەم بیر بچێتەوە و ئەو کاتانە فەرامۆش بکەم، ئەوە کارێکی نائەخلاقییە.”

سەرچاوە (کرتە بکە)