رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ملیاران کەس ناچارن خۆیان فێری بەهرەی دیکەی کارکردن بکەن

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

لە ئێستادا و بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێوە (کۆڤید ١٩)، ئابووریی سەرتاسەری جیهان خەریکە شکست دەهێنێت و ملیاران کەس لەمساڵدا کارەکانی خۆیان لە دەست داوە.

بەپێی وتەکانی سەرۆکی مایکرۆسۆفت، براد سمیس، ملیۆنان کەس ناچارن خۆیان فێری توانا و بەهرەی پیشەی نوێ بکەن تاکو کاریان دەست بکەوێت، یاخود لەپێناو ئەوەی بتوانن دەست بە کارەکانی خۆیانەوە بگرن، کە لە ئێستادا وا دەخوازرێت توانای زیاتر و جیاوازتر بە کار بهێنن.

دامەزراوەی مایکرۆسۆفت بەم دواییانە پلانێکی ڕاگەیاند کە بۆ ئەمساڵ هەوڵ دەدات ڕاهێنان بە ٢٥ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا بکات، تاکو ئەو بەهرە نوێیانەی شێوازی نوێی کارکردن دەیخوازێت، وەربگرن. پلانەکە یارمەتیی خەڵکی دەدات بەهرەکانیان باشتر بکەن و لە بەرامبەردا بڕوانامەیان پێ دەدات تا بتوانن کاریان دەست بکەوێت.

هەروەها سمیس ڕایشی گەیاند کەوا چەندین هەلی کار لە شارە جیاوازەکان  لە سەروو ڕاهێنانی تەکنەلۆژییەوەن و هێشتا پێویستیان بە ئەزموون و بەهرەی زیاتر هەیە: ”ڕاستە سروشتی کار بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شارێک و وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت، هەموو کارێک ناتوانرێت بە ئۆنڵاین و تەکنەلۆژی بکرێت، بە تایبەت لەو وڵاتانەدا کە هێشتا لە گەشەسەندندان. ئێمە لە جیهانێکدا دەژیین کە لە ڕووی دابەشکاریی ئینتەرنێتەوە، جیهانێکی نایەکسانە، ئەگەر بێتو شتێک نەکەین، ئەوا ڕووبەڕووی هەموو ئەو نایەکسانییانە دەبینەوە کە لە ئێستادا لێی دەترسین و خەممانن.”

جەختی لەوەیش کردەوە کە ”ئەمە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکە لە سەروو توانای دەوڵەت و کۆمپانیاکانەوەیە، بەڵام ئەگەر بێتو ئێمە بتوانین ڕاهێنان بە ٢٥ ملیۆن کەس بکەین لە جیهاندا، ئەوا ئێمە ئەرکی خۆمان بە جێ گەیاندووە”.

مایکرۆسۆفت بۆ ئەم پرۆگرامە ٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان تەرخان کردووە. جیهانی تەکنۆلۆژیا لەگەڵ ئەوەی کە گرنگیی خۆی هەیە، هەروەها دەکرێت مەترسیدارترین چەکیش بێت بۆ مرۆڤایەتی، ئەگەر بێتو بە شێوەیەکی دروست بە کار نەهێنرێت، بۆیە ئێستا ماوەیەکی هەستیارە بۆ تەکنۆلۆژیا و لە هەموو کاتێک زیاتر بەرپرسیاریەتیی لەسەرە.

سمیس وتیشی: ”پێم وابیت خەڵکی ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پرسیاریان هەیە، ئەمەیش شتێکی خراپ نییە، تاکو دڵنیایی بدەین لەوەی کە تەکنۆلۆژیاکان وەک هێزێک بۆ چاکە بە کار بهێنرێت، دەبێت دەوڵەت کار لەسەر پەرەپێدانی یاسای نوێ بکات پەیوەند بە بەکارهێنانەکانی تەکنۆلۆژیاوە.”

سمیس بەوە کۆتایی پێ هێنا کە ”دەبێت هەموومان بیرمان بێت تەکنۆلۆژیا ناتوانێت هەموو شتێک چارەسەر بکات، بەڵام بە نزیکەیی هیچ شتێکیش لە ئێستادا بەبێ بەشداریی تەکنۆلۆژیا بە ڕێوە ناچێت”.

سەرچاوە:

https://www.bbc.com/news/business-53444823?at_custom1=%5Bpost+type%5D&at_custom2=facebook_page&at_custom4=7271498E-C876-11EA-9D95-E74D4D484DA4&at_campaign=64&at_medium=custom7&at_custom3=BBC+News&fbclid=IwAR1SjXkuxTPa61y0C94Eu0z6FMzZ2YDqAvZ8EUipRg6XYBGE9OhE8f6Jb0Y