رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ئەندامانی ئازادبوون، سەردانی گڵکۆی شەهید غەزال دەکەن

Facebook
Twitter
LinkedIn

رۆژی یەک شەممە، ڕێکەوتی (١٨/٠٤/٢٠٢٦) هاوڕێیانی ئازادبوون لەگەڵ ژمارەیەک لە چین و توێژی سلێمانی، سەردانی گڵکۆی شەهید (غەزال مەولان)یان کرد.

غەزاڵ مەولان چەپەراباد، کچە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو، لە بۆردوومانێکدا کە حیزبەکەی دەڵێت “کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە” لە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٠٤/١٤) لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ دوو هاوسەنگەری دیکەیدا بریندار دەبێت.

دوای گەیاندنی غەزاڵ و هاوسەنگەرانی بە نەخۆشخانەکان، دوای چەند کاژێرێک غەزال بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید دەبێت. 

سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: “هاوڕێ غەزال مەولان چەپەراباد، پێشمەرگەی کۆمەڵە، گیانی لەدەستدا. هاوڕێ غەزاڵ کە بەهۆی هێرشی درۆنیی کۆماری ئیسلامییەوە بریندار ببوو، دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و بە کاروانی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و کوردستان پەیوەست بوو”.

ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە میدیاکانی راگەیاند: دوای ئەوەی غەزال دەبەنە سلێمانی، سەرەتا دەیبەنە نەخۆشخانەی شۆڕش (نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بە پێشمەرگە و سەر بە وەزارەتی پێشـمەرگەیە)، لەوێ چارەسەری سەرەتایی بۆ دەکرێت، بەڵام جێ نابێت بۆ داخیلکردن و دەڵێن بیبەنە نەخۆشخانەیەکی دیکە.

ئەمجەد پەناهی دەڵێت: “هەڵوێستەکەی نەخۆشخانەی شۆڕش سیاسیی نەبووە و پێشتر چەندین برینداریان چارەسەر کردووین، بەڵام شوێنی بریندار لەوێ سنووردارە و نەیانتوانی وەریبگرن.”

ئەمجەد وتیشی: “دواتر غەزالی بریندار برایە نەخۆشخانەی ئاسیا (نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە لە سلێمانی)، بەڵام قبووڵیان نەکرد و رەتیانکردەوە وەریبگرن، دواتر بردیانە نەخۆشخانەی بەخشین (ئەویش نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە) ئەوانیش ئامادە نەبوون چارەسەری بکەن و دوای زیاتر لە 20 خولەک راگرتن، پێیان گوتین بیبەینە نەخۆشخانەی فارووق (ئەمیش نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە).

دوای چەند خولەکێک لە گەیاندنی غەزال بە نەخۆشخانەی فارووق، بەرگەی سەختیی برینەکەی ناگرێت و هەر لەوێ گیان لەدەست دەدات.

تۆڕی میدیایی رووداو، زیاتر بەدوای دۆسیەی شەهیدبوونی غەزال-دا رۆیشت و پەیوەندیی بە کاروان عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی بەخشینەوە کرد و لەبارەی وەرنەگرتنی غەزاڵەوە پرسیاری کرد.

کاروان عەلی گوتی: “بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی هەیە، دۆسیەی پۆلیس و ئاسایش لە نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت وەرناگیرێ، ئەو کەیسە پەیوەندیی بە ئەمنیەت هەبووە و پێویستی بە نووسراوی فەرمیی لایەنی ئەمنییە، بەڵام پێیان نەبووە.”

کاروان عەلی زیاتر گوتی: “لە نەخۆشخانەی بەخشین چارەسەری سەرەتایی بۆ غەزال کراوە، بەڵام نەبراوەتە چاودێریی چڕ و نەتوانراوە لەوێ وەربگیرێ.”

بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی بەخشین زیاتر دەڵێت: “وەرنەگرتنی غەزال، هیچ بڕیارێکی سیاسیی لە پشت نەبووە و تەنانەت نەزانراوە برینداری بۆردوومانەکەیە و وەکو دۆسیەی پۆلیس مامەڵەی لەگەڵ کراوە.”

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نەخۆشخانەی ئاسیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: “دوای ئەوەی بریندارێکی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە دەگەیێندرێتە سلێمانی و وا بڵاوکراوەتەوە کە هێنرابێتە نەخۆشخانەی ئاسیا، بەڵام سەرلەبەری ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە و ناڕاستن و هیچ پەیوەندییەكمان پێوە نەکراوە.”

نەخۆشخانەی ئاسیا دەشڵێت: “هەرکات نەخۆش بگەیێندرێتە نەخۆشخانەی ئاسیا، ئەولەویەت بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکانە و دواتر رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان دەگیرێنە بەر.”

تۆڕی میدیایی رووداو، پەیوەندیی کرد بە د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانییەوە و لە وەڵامدا بە رووداوی گوت: “ئەو پێشمەرگە نەبراوەتە هیچ نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی.”

د. سەباح گوتی: “سەرەتا براوەتە نەخۆشخانەی شۆڕش، کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، دواتر براوەتە نەخۆشخانەکانی ئاسیا و بەخشین، کە ئەوانیش ئەهلین و سەر بە وەزارەتی تەندروستی نین.”

غەزال، لە کەمپی سوورداشی سنووری سلێمانی بریندار بوو، کە کەمپی هاوبەشی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.

بۆ بینینی وێنەی زیاتر، کلیک لەم لینکە بکەن: