مێژووی دروستبوونی تۆڕی ٨ مارس:
تۆڕی ٨ مارس کە پێكهاتووە لە ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەیەك لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کەسانی ئەکادیمی و داکۆکیکاران لە مافەکانی ژنان. سێ ساڵ لەمەوبەر دروستبوە وەك نەریتێکی ساڵانە کار و چالاکی پێکەوەیی ئەنجامدەدات. ئەندامەکانی ئەمتۆڕە ژن و پیاون پێکەوە کار و چالاکی دەکەن بۆ بەهێزکردنی بزوتنەوەیەکی بەهێز کە پرسەکانی ژنان و پرسە مەدەنیەکان تێدا سەرچاوەی کارو چالاکیەکانییان بێت و مافی مرۆڤ و تیدا پاریزراوبیت، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمەڵێک کارو چالاکی بەرچاوی ئەنجامداوە.
٨ی مارسی ساڵی ٢٠٢٠، مێژووی دروستبوونی ئەم تۆڕەیە، کە تەنها لە کاتی ٨ مارسدا کاری پێکەوەیی ڕێکخراوەکان و داکۆکیکاران ئەنجامدەدرا، بەهۆی کۆرۆناوە دوو ساڵ نەتوانرا چالاکی جەماوەری ئەنجام بدات، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ وەك نەریتێکی جێکەوتوو بڕیار لەسەر کاری جەماوەریی درا کە یەکەم کاری بە شێوەی گردبوونەوە و ڕێپێوان لەبەردەم پزیشکی دادی سلێمانی بوو ، بە هۆکارەی ئەوەی لەو مانگەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان خۆیان سوتاند و سوتێنران. بەناوی کەمپینی سەرانسەری ٨ مارس، لە بەردەم پزیشکی دادی سلێمانی تا پارکی ئازادی ڕێپیوانی ئەنجامدا و سەدان هاوڵاتی و کەسانی ئازادیخواز و یەکسانی خواز بەشدارییان تێدا کرد.
لە سالی ٢٠٢٣ لەگەڵ بوونی تەوژمێكی بەهێزی کۆنەخوازی بەرانبەر ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکاران؛ ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکان بەیەك دەنگی کارێکی جەماوەری بەهێزییان ئەنجامدا و بڕیار لەسەر خەڵاتی یەکسانی درا بۆ یەکێك لەو چالاکوانە دیارانەی کە هەرەشە و سوکایەتی پێکراوە، هەر ئەو کات لە دەقێکی نەگۆڕ لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە دەنگی بۆ درا، بە ئامانجی ئەوەی ببێتە نەریتێکی ساڵانەی چالاکی ٨ی مارس.
ئەمەش دەقی خەڵاتەکەیە ( خەڵاتی یەکسانی هەموو ساڵێك دەبەخشرێت بە داکۆکیکاریك کە ڕۆڵی هەبووە لە خەباتی یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگادا سەرەڕای بوونی ئاستەنگی و بەربەستەکان توانیویەتی بەردەوامبێت لە خەبات و هەوڵدان لە پێناو بەرەوپێشچوونی هزری یەکسانی، ئەم خەڵاتە لە لەلایەن ئازادیخوازن و یەکسانیخوازانەوە لەبەردەم ڕای گشتی دەبەخشرێت) ساڵی یەکەم خەڵاتەکە پێشکەشی دکتۆر (چۆمان هەردی) کرا، ساڵی دووەم پێشکەشی دکتۆر (کارین ملدۆخ) کرا، ساڵی ٢٠٢٥ دەبێتە ساڵی سێیەم خەڵات ئەمساڵ براوەی خەڵاتی یەکسانی (بەهار موونزیر), داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و مافە مەدەنیەکان لە کوردستان.
تۆڕی ٨ مارس لەگەڵ پێشکەشکردنی پرۆژەهەمواری یاسایی باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ دەستی بەکارو چالاکی کرد، هەر لە سەرەتاوە پەیوەندی بە تەحالوفی ١٨٨ەوە کرد و بوو بە ئەندامێكی کارا لە تەحالوفەکەدا بۆ ماوەیەکی کاتی ناوی تۆرەکە گۆڕدرا بۆ هاوپەیمانی ١٨٨ – سلێمانی.
.
لە مانگی ٢ی ٢٠٢٥ لەگەڵ دەستپێکردنی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئەم تۆڕە وەك ئەرکی مرۆڤانەی پشتیوانی لە مافە ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران کرد، بە بەرنامەوە لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی هەمان کات لە خەمی تەندروستیاندا بوو کە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو، ئەم تۆڕە لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکاران دا کاری مەدەنی خۆی ئەنجام دا جێگا دەستیان دیار بوو، دیارتین کار مانەوەی ئەندامانی ئەم تۆڕە بوو لەگەڵ مانگرتواندا و بە ئاراستەی کۆتایی هێنان بە مانگرتن لە خواردن کاری کرد، بۆپشتیوانی لە مانگرتون لیژەیەکی فراوانی ڕێکخست لەناو بازاڕی سلێمانی بە داخستنی دوکانەکان ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری هەبوو لە ناو کۆمەڵگادا، بەجیا لە ناردنی یاداشت بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان و کونسوڵخانە و لایەنە پەیوەندارەکان.
لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا (٢٠٢٥) تۆڕەکە تیشك دەخاتە سەر دەرچواندنی یاسای باری کەسیەتی، کە یەکێكە لە بابەتە گرنگەکانی ئەمساڵ و ڕەتکردنەوەی لە لایەن تۆڕی ٨ مارسەوە، هەرچەندە لە ٢١/١/٢٠٢٥ یاساکە تێپەڕێنرا، هەروەها تیشكخستنە سەر پەرلەمانی نوێی کوردستان کە ڕێکخراوەکان لە ئێستاوە بەرنامەیان ئەوەیە ڕەشنوسێكی یاسایی ئامادە بکەن بۆ پەرلەمانی کوردستان تاکو بەهەموو جۆرێك پەرلەمانی کوردستان ڕێگربێت لە کارپێکردنی ئەو یاسایەی دەسەڵات دەدات بە مەزهەبەکان بۆ پرسە کەسیەکانی وەكو هاوسەرگیری و جیابوونەوە و …. هتد. ئەمەش ڕێگا خۆشدەکات بۆ هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا، کە تێیدا منداڵان و ژنان دەسپێرێت بە قەدەرێكی نادیار و دەرگا دەکاتەوە بۆ هاوسەرگیری منداڵ و لێسەندنەوەی بەشێکی بەرچاو لە مافەکانی ژنان کە لە ساڵی ١٩٥٩ەوە کاری پێدەکرا.

