رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئاماری پێشێلکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ لە بەرزبوونەوەدایە

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

هیومان ڕایتس وۆچ، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئەوەی دەرخستووە، کە پێشێلکارییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ، لەمساڵدا بەرز بوونەتەوە.

لە ئەفغانستان، ئەمساڵ ڕێژەی ئەشکەنجەدان نزم بووەتەوە، بەڵام پێشێلکارییەکانی تری مافەکانی مرۆڤ، بەرزبوونەوەی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیوە، بە تایبەت ئەو پێشێلکارییانەی کە لە لایەن هێزە سەربازییەکانەوە ئەنجام دەدرێن. بە جۆرێک کە تەواوی دەسەڵاتی وڵات لە دەست هێزی سەربازییە لەو وڵاتە، لەبری ئەوەی لە دەست هێزی سیاسی و حکومیدا بێت. هەروەها هەر ئەو هێزە سەربازییانەیشن کە زۆرترین ڕێژەی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤیان تێدا بەدی دەکرێت. لە نموونەی پێشێلکارییەکانیش، دەستدرێژیی سێکسیی چەندین ئەفسەر و فەرماندەی پلەباڵا. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە پیشێلکارییانەیش کە لە لایەن هێزی سەربازییەوە ئەنجام دەدرێن، پێویستیان بە حکومەتێکی بەهێز و کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی چالاک و هۆشیار هەیە، کە هیچ کام لەوانە لە ئەفغانستان لە ئێستادا بوونیان نییە. هەروەها ژمارەی قوربانییانیش بە هۆی دەستدرێژییەوە لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە. لە کاتێکدا کە جاران ئەو ڕێژە زۆرەی قوربانییان بە هۆی بۆمبی خۆکوژی و ئاکتی تیرۆرستییەوە لە ئەفغانستان دروست دەبوون.

دۆخی ئێرانیش لە خراپبوونی بەردەوامدایە، بە تایبەت ڕێگرییەکانی حکومەت لە ئازادیی ڕادەربڕین، لەمساڵدا ڕێژەکەی بەرزتر بووەتەوە. ئەو حوکمانەی کە لە دادگا دەردەچن لە دژی ئەو هاووڵاتییانەی کە بە کەیسی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ زیندانی کراون، لە هەڵکشاندایە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەوەمان پێ دەڵێن کە دادگا لە ئێران دادگای خەڵک و بەرگریکردن لە مافی خەڵک نییە، بەڵکو دادگایەکە کە ئامانجەکەی تەنها بەرگرییە لە بەرژەوەندییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران و سەرکردەکانی شۆڕشی ئیسلامی. ئەوەیش کە ڕێگری لێ دەکرێت، تەنها سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانی مرۆڤە لە ئێران، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەر زۆر قورسە، بە تایبەت کە زۆرینەی پێشێلکارییەکان  بەشێکن لە یاسا و دەستووری ئێران. واتا پێشێلکارییەکان یاسایی و دەستوورین، لەبری ئەوەی نایاسایی بن.

زیاتر لە هەموو پێشێلکارییەکانیش، ئەو مامەڵە دڕندانەیەی کە ئیمارات بەرامبەر بە چالاکوانەکانی مافی مرۆڤ دەیکات، جێگەی سەرنجە. چونکە ساڵی ٢٠١٩ ئیمارات ڕای گەیاند کە ئەو ساڵە لە وڵاتەکەیان، ساڵی لێبوردەیی دەبێت. بەڵام لە هەموو کات زیاتر نالێبوردە بوون و هیچ بەزەییەکیان بەرامبەر بەو کەسانەی کە داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، پیشان نەداوە.

لە سعودیەیش هەموو دەنگێک کپ دەکرێت، کە لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤدا بێت. ئەم جۆرە مامەڵەکردنەیش بەردەوام جێگەی ناڕەزایەتیی وڵاتان بووە، بە تایبەت دوای ڕووداوەکەی ٢٠١٨ کە تێیدا چەند بریکارێکی دەسەڵاتی سعودی ڕۆژنامەنووسێکیان تیرۆر کرد. بەڵام سعودیە بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی. سەرەڕای ئەوەی کە پاشای سعودیە بە جۆرێک خۆی دەرخستووە، کە ویستی ڕیفۆرمی هەیە، بە تایبەت بۆ مافەکانی ژن لەو شانشینە، بەڵام ئامارەکان و لێدوانە جۆربەجۆرەکان ئەوە دەردەخەن کە هەموو ئەو کارانەی بە ناوی کاری باش و ڕیفۆرمەوە دەکرێن، تەنها بۆ شاردنەوەی کۆمەڵێک کار و ئامانجی ترن.

سەرچاوە:

https://www.jpost.com/middle-east/despite-year-of-tolerance-human-rights-violations-abound-in-middle-east-614468