رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا مەترسیدارترین شوێنی سەر زەوین

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

بۆ ماوەی شەش ساڵی بەردەوامە، هەردوو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکووری ئەفریقا، بە مەترسیدارترین شوێنی سەر زەوی دادەنرێن، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای ئابووری و ئاشتیی ئوسترالیا. لێکۆڵینەوەکە ساڵانە ئەنجام دەدرێت و لەم ساڵدا لەسەر ١٦٣ وڵاتی جیاواز ئەنجام درابوو. دوای دەرچوونی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، دەرکەوت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا مەترسیدارترین ناوچەی سەر زەوین و بۆ ماوەی ٦ ساڵە بەردەوام هەمان ئەنجام بۆ ئەو دوو ناوچەیە لە لێکۆڵینەوەی دەزگا ئوسترالییەکەوە دەردەچێت. لە ناو وڵاتانی ئەو دوو ناوچەیەیشدا، ناوی پێنج وڵات وەک مەترسیدارترین هاتووە، ئەوانیش سوودان، سووریا، لیبیا، عێراق و یەمەنن.

لە ناو ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا، سووریا وەک مەترسیدارترین وڵات دەستنیشان کراوە، هەروەها لە دوای ئەوەوە عێراق دێت، کە دووەم مەترسیدارترین وڵاتی ناوچەکەیە. هەر لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چەند وڵاتێک لەچاو ساڵانی پێشوودا ئەنجامێکی باشتریان داوە بە دەستەوە، وەک سعودیە، کە توانیویەتی سێ پلە بچێتە پێشەوە. پێشکەوتنەکەی بەحرەین تەنانەت لە هیی سعودیەیش باشترە و بە ڕێژەیەکی زۆر لەچاو ساڵی ڕابردوویدا پێش کەوتووە. شایەنی باسە کە ئیمارات و کوەیت و قەتەڕ، هەرچەندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەڵام ناویان لە ناو ٥٠ سەلامەتترین وڵاتەکانی جیهاندا هاتووە.

لە ئاستی جیهانیشدا، ئەورووپا هێشتا لە پلەی یەکەم دێت لە ڕیزبەندی سەلامەتترین ناوچەکاندا. ئەمەیش لە کاتێکدا کە نزیکەی نیوەی وڵاتانی ئەورووپا ساڵ بە ساڵ، لە ڕیزبەندییەکە هاتوونەتە دواوە و بەرەو مەترسیداربوونی زیاتر ڕۆیشتوون.

پێوەرەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە تەنها هەبوون و نەبوونی جەنگ نییە لە وڵات یان ناوچەکەدا، بەڵکو سێ پێوەری گشتی هەن کە پشت بە هەرسێکیان دەبەستێت بۆ هەر شوێنێک، ئەوانیش سەلامەتی، پارێزراوی، بوونی ململانێی بەردەوام یاخود بوونی گرژیی سەربازی. هەرچەندە ململانێی بەردەوام و گرژیی سەربازی لە ئاستێکی گشتیی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکووری ئەفریقادا کەمی کردووە، بەڵام لە ڕووی سەلامەتی و پارێزراویی هاووڵاتییانەوە بەرەو خراپی ڕۆیشتووە. هۆکاری گەورەی ئەو خراپبوونەیش ململانێی سیاسییە.

لە ڕووی توندوتیژی بەرامبەر بە هاووڵاتییانەوە، عێراق پێشەنگە. ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩. لە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، ڕێژەیەکی زۆری توندوتیژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە سەربازییەکاندا هەبووە. بەڵام ئەم ڕووداوانەی عێراق و هیچ ڕووداوێکی دیاریکراو، هۆکاری هەژمارکردنی ناوچەکە بە مەترسیدارترین ناوچەی سەر زەوی نین، بەڵکو ئەوە دۆخی گشتیی هەموو وڵاتەکانە، کە ئەو ئەنجامەی داوە بە دەستەوە؛ بە تایبەت زۆربوونی ڕێژەی مردن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاوردە و هەناردەی چەک بۆ ناوچەکە.

سەرچاوە:

https://www.arabnews.com/node/1696391/middle-east