رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

یاداشتنامەی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

Facebook
Twitter
LinkedIn

بۆبەڕێزان:

-ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان

-پەرلەمانی کوردستان

-سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

-سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان

-سەرۆکایەتی داواکاری گشتی

– دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ

-کەناڵەکانی راگەیاندن

-ڕای گشتی

خراپ جێبەجێکردنی یاسا و وەرگرتنی سوودی خراپ لە یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆتە دیاردەیەکی باو و بەربڵاوی ڕۆژانە لەناو دادگاکان و دام و دەزگا حکوومییەکان، ئەم هەنگاوەش پێشینەیەکی مێژوویی هەیە کاتێک هەوڵدرا کە تەواوی پۆستە دادوەرییەکان و پرۆسەی وەرگرتن لە پەیمانگای دادوەری کرایە پرۆسەیەکی حیزبیی پوخت، لێرەوە ڕۆڵی دادگا و سەروەری یاسا گەیشتە ئەوپەڕی لاوازی، حیزب و کەسانی دەستڕۆیشتووی ناو حیزب بوونە بریاربەدەستی یەکەم و بەئاشکرا پێش بڕیاری دادگا دەکەوتن و بڕیاری دادگا دوای خواستە حیزبییەکانی ئەوان دەکەوێت، کەیسی ئازادیخوازانی بادینان ترۆپکی ئەم نادادییە بوو لە پێشتریشدا چەندین کەیسی هاوشیوە بوونی هەبووە، لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین دیاردەی دزێو و نایاسایی لە هەرێمی کوردستان ڕوویاندا کە بەبێدەنگیی و بێ وەرگرتنی هیچ ڕێکارێکی یاسایی پێویست لە لایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە تێپەڕێندرا، لەئێستاشدا دەبینین لە ژێر پەردەی جێبەجێکردنی یاسا و بەناوی یاساوە چۆن ڕوپۆشی ستەمە یاساییەکانی خۆیان دەکەن، لە دەستگیرکردنی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەوان و چالاکوانان، سزانەدانی ئەو تۆمەتبارانەی کە نزیکن لە دەسەڵاتەوە، بەکارهێنانی یاسا بۆسزادانی ستەمگەرایانەی ئازادیخوازان وەک:

١.سزادانی ئازادیخوازانی بادینان بە تۆمەتی بێبنەماو بەڕێکاری نایاسایی لەناو دادگاکاندا و ڕێگری لە سەردانکردنی ئازادیخوازان لەلایەن پارێزەران و کەسوکاریانەوە یاخود سزادانی قورسیان لەبەر سەرپێچییەک بەتوندترین شێوە .

٢.سزانەدانی تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی هەردوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین (راگری کۆلێژی یاسا، پرۆفیسۆر د. کاوان ئیسماعیل گەردی و مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەددین، ئیدریس عیزەت حەمەخان) هێستنەوەی دۆسییەکە لە ڕێککەوتی (٢٨/ ٦/٢٠٢٢) تا ئێستا.

٣.فڕاندنی ڕۆژنامەنووسان و دەستگیرکردنیان لەدەرەوەی یاسا و پشتگوێ خستنی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری ژمارە ( ٣٥) ساڵی (٢٠٠٨) لە کاتی کەیسە یاساییەکانی دژ بە ڕۆژنامە نووسان وەک لە دۆسییەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان (هێمن باقر، ئیبراهیم عەلی، سەرتیپ قەشقەیی) بینرا.

٤.پیشاندانی تۆمەتبار و هێنانە سەر شاشەی هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە و بەڵکو پێشێلکارییە، چونکە بنەمایەکی یاسایی هەیە دەڵێت: تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەوکاتەی تۆمەتەکەی بەسەردا دەچەسپێت، واتە دەکرێت کەتۆمەتبارێک دەستگیر دەکرێت لەکۆتایدا بە بێتاوان دەربچێت لەو کەیسەدا، بۆیە پیشاندانی تاوانە و پێشێلکاری زەقە دژ بە مافی مرۆڤ، پاشان سەرنجمان داوە جیاوازی زەق دەکرێت لەم حاڵەتانە، ئەم پیشاندانە تەنها بۆ کۆمەڵێک کەیسی دیاریکراوە لەچوارچێوەی ململانێی سیاسی نەک گرنگی کەیسەکان لەڕووی یاساییەوە، چونکە چەندین کەیسی هاوشێوە هەن بەهەمان شێوەی ڕوودانی تاوان و ماددەی یاسایی و ئاستی مەترسی تاوانەکان بەڵام هەندێکیان پیشان ئەدرێن، ئەمە جگە لەوەی لەیاسای بنەماکانی دادگایکردنی سزایی ژمارە (23) ی ساڵی (1971) تەواوی ڕێکارەکانی قۆناغی لێکۆڵینەوە بەنهێنی ئەنجام دەدرێت، بڵاوکردنەوەی دۆسیەو پیشاندانی تۆمەتبار و ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی دۆسییەکان پێچەوانەی خودی یاسایە و دەبێتە هۆی گرفت دروستکردن لەبەردەم ڕێکاری لێکۆڵینەوە، پێویستە ئەم عورفە فاسد و دژە یاساو بەها کۆمەڵایەتیانە بوەستێنرێت و دووبارە نەبێتەوە.

٥. لەزۆربەی کەیسە هەستیارەکان ڕێگە بە پارێزەر نادرێت پەڕاوی لێکۆڵینەوەکان بخوێننەوە و بەدواداچوون بۆ دۆسییەکان بکەن، کەئەمە لەسەرەتایترین مافی تۆمەتباری دەستگیرکراوە، کە پێویستە پارێزەر دۆسییەکان ببینێت بەتەواوی، وە ئەگەر تۆمەتبار داوای پارێزەری کرد و بۆی دابین نەکرا، سەرجەم ڕێکارە ئەنجامدراوەکان پوچەڵدەبن و بە نەبوو هەژماردەکرێن، هەر دانپیادانێنیکیش لەژێر فشار و لێدان و هەڕەشە بکرێت، بەنەبوو دادەنرێت و قیمەتی یاسایی نابێت، سەرباری هێرشی کەسی بۆ سەرپارێزەران و هەڕەشەی بەردەوام کە نابێت لەسەر کەیسە هەستیارەکان کاربکەن.

٦. جێبەجێنەکردنی ئەو بڕیاریارانەی کە دەرچووە و تایبەتە بە تۆمەتباران لە کەیسە جیاوازەکان ، بۆتە هۆی دروستکردنی پشێویی و نا ئارامیی کۆمەلایەتی و ڕێخۆشکردن بۆ تۆڵەکردنەوەی کەسیی .

٧.. جێبەجێنەکردن و پشت گوێ خستنی ئەو یاسایانەی کەپەیوەندیدارن بە مافی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، وەک یاسای خانەننشینی یەکگرتووی عێراقی ژمارە (٢٧) ی ساڵی (٢٠٠٦) کە لە هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت، بەڵام بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە (٢٢) ی (٢٠٢٢) لە ڕککەوتی (٢٣/١/٢٠٢٢) هەڵوەشێندراوەتەوە و دەبێت یاسای ژمارە (٩) ی ساڵی (٢٠١٤) ی خانەنشینی یەکگرتوو کاری پێبکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگوێی خستوە و کاری پێناکات.

٨.کارنەکردن بەو یاسایانەی کە پەیوەندیدارن بە ئازادییەکانەوە وەک یاسای (مافی بەدەستهێنانی زانیاری) ژمارە (١١) ی ساڵی (٢٠١٣) و دەرنەکردنی ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، هەروەها دروستکردنی بەربەست و ئاستەنگی بۆ یاسای ڕێکخراوە ناحکومییەکان ژمارە (١) ی ساڵی (٢٠١١) و خوڵقاندنی ڕێکار و ڕۆتینات بۆدروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم کاری ڕێکخراوەکاندا.

٩.زەوتکردنی مافی هاوڵاتیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بێ هیچ پاساوێک و پەکخستنی کاری پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ململانێی حیزبیی و شەخسییەوە.

١٠.زەوتکردنی مافی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و پاشەکەوت و لێبڕینی موچە بەشێوەیەکی نایاسایی و نەناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان بەمەبستی پەسەند کردنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.