رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە جیاکاری لە وەرزشی ژناندا دەوەستێتەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە ڕاپۆرتێکی نوێی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، داوا کراوە هەموو ئەو یاسایانە ڕەت بکرێنەوە، کە لە ناو یارییە وەرزشییەکاندا هەن و ڕێگری لە یاریزانە ژنەکان دەکەن بە هۆی چەند هۆکارێکی بایەلۆجییەوە.

ئەو یاسایانە، تایبەتن بەو ژنانەی کە ڕێژەی هۆرمۆنی تێستێستێرۆنیان لە ڕێژەی ئاسایی بەرزترە. یاساکان ڕێگرییان لێ دەکات کە وەک ژن بەشداریی یارییەکان بکەن، بە تایبەت لە یاریی ڕاکردنی ٤٠٠ مەتری بۆ ١٦٠٠ مەتری، هەروەها ناچاریان دەکات کە چەندین پشکنینی جۆربەجۆری دیکە بکەن، هەتا مافی بەشداریکردنیان هەبێت. ئەمەیش لە کاتێکدا کە هیچ ڕاستییەکی زانستی تا ئێستا، ئەوەی نەسەلماندووە کە ئەو ژنانەی ڕێژەی تێستێستێرۆنیان بەرزە، توانای جەستەییان لە ژنی ئاسایی بەرزترە. تەنانەت بۆ پیاوانیش بە هەمان شێوەیە و ڕێژەی تێستێستێرۆن، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە هێز و توانا وەرزشییەکانیانەوە نییە.

شایەنی باسە سەرنجەکان لەسەر ئەم یاسایە ئەو کاتە زۆر بوون کە ڕاکەری بەناوبانگی ئەفریقای باشوور، کاستەر سێمینیا، دوای ١٠ ساڵ کەیسێکی لە دادگای تایبەت بە مافە وەرزشییەکان، بە هۆی ئەم یاسایەوە دۆڕاند. دادگاییەکە ساڵی پار لە دژی ڕاکەرەکە کۆتایی هات. ئەم کەیسەی سێمینیا بووە هۆی بەئاگاهاتنەوەی چەندین کەسی تر، لەوانیش خانمە ڕاکەری هیندی، دوتی چاند، کە لە دوای کەیسەکەی سێمینیاوە، هەوڵێکی بوێرانەی تری دروست کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم نایەکسانییە بەرامبەر بە ژن لە وەرزشدا. دواتریش چەندین خانمە ڕاکەری دیکە لە وڵاتانی کینیا، بورەندی و ئۆگەندا کاریگەریی گەورەیان لەسەر دروست بوو بەهۆی ئەم ڕووداوانەوە.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لە یاساکە دەگرێت و بە یاسایەک لە قەڵەمی دەدات، کە ڕێگەیەکی تەواو نامۆڕاڵی بەسەر ژندا دەسەپێنێت، تا ژنبوونی خۆی پێ بسەلمێنێت. ئەمەیش بە هۆی ناڕوونییەکی زۆر لە یاساکەدا، لە نێوان ئەوەی کە پشکنینەکە خۆویستانە بێت، یاخود ناچاری بێت. هەموو ئەمانەیش لە کاتێکدا کە پشکنینەکە خۆی پێویست نییە. هەر لە ڕاپۆرتەکەدا، ڕەخنە لە تێکەڵکردنی ڕۆڵی پزیشکی تایبەت بە لاشەی وەرزشی و پزیشکی تایبەت بە وەرزشکار گیراوە، کە لە ڕاپۆرتەکەدا بەم جۆرە هاتووە: ”لە ناو یارییە وەرزشییەکاندا، ئەو ناهاوتاییانەیەی کە وەرزشکارێک هەیەتی، لە لایەن وەرزشکارەکە خۆیەوە بە هۆی مەشقەوە هاوتا دەکرێنەوە. هەروەها هەر بابەتێک کە پەیوەندیی بەم ناهاواتاییانەوە هەبێت، پێویستی بە کەسی پسپۆڕی ئەم بوارە خۆیەتی. بە تایبەت لەو کاتانەی کە بڕیارێک لەسەر چارەنووسی وەرزشکارێک دەدرێت. ئەم یاسایە بێڕێزی و لەقاڵبدان و ناحەقییە بەرامبەر بە ژنە وەرزشکارەکان، هەروەها دەبێت لە لایەن تەواوی وەرزشکارانەوە ڕەت بکرێتەوە. ئەم یاسایە و هەموو ئەو یاسایانەی کە ڕێگری لە ژن دەکەن و دژوارییان بە هۆی ژنبوونیانەوە بۆ دروست دەکەن، نابێت هیچ شوێنێکیان لە ناو وەرزشدا هەبێت.”

نووسەرانی ڕاپۆرتەکە داوا لە تەواوی وەرزشکارانی جیهان و کۆمیتەی تایبەت بە یارییە ئۆڵۆمپییەکان دەکەن، کە پشتگیریی ئەم گوتارە بکەن: ”پێویستە هەموان لە ڕێگەی ناڕەزایی وەرزشاکاران و هەڵبەستنی کەمپەینی تایبەت بە پەروەردەی گشتی، دژی ئەو یاسایانە بوەستینەوە کە ئەرکیان جیاکردنەوە و لەقاڵبدان و ڕێگریکردنە لە ژن.”

سەرچاوە:

https://www.hrw.org/news/2020/07/01/when-will-sports-stop-policing-femininity