رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گەشەکردنی تاکگەرایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

Facebook
Twitter
LinkedIn

جۆن بی ئاڵتەرمان

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دەستیان پێکرد، دەتوانین کۆمەڵێک بابەت ببینین کە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی خۆپیشاندانەکان بوون. ئەو بابەتانەیش بریتیبوون لە ناجێگیری نرخی نەوت، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و بێزاربوونی خەڵک لە حوکمی دیکتاتۆری. لە هەمان کاتیشدا، هەریەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست خاوەنی هۆکارێکی تایبەت بە خۆیان بوون کە جیاواز بوون لە هۆکاری وڵاتەکانی تر. بۆ نموونە لە وڵاتی عێراق خەڵکی ناڕەزاییان دەردەبڕی لە دژی دەستێوەردانەکانی وڵاتی ئێران بۆ سەر سیاسەتی وڵاتەکەیان و بڵاوکردنەوەی میلیشیاکانی لەناو عێراقدا. لە جەزائیر ڕەخنە لەوە دەگیرا کە حکومەت شکستی هێناوە لەو بەڵێنانەی کە داویەتی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفۆڕم.

بەڵام هێشتا ئەم هۆکارانە بەس نین تا تەواوی گرژییەکانی ئەو کاتەی تیادا کورت بکەینەوە و هۆکارێکی سۆسیۆلۆژی قووڵتر هەیە لە پشتی گرژییەکانەوە. ئەو هۆکارەیش زیادبوونی ڕێژەی تاکگەراییە لەناو تاکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا. ئەو تاکانەی کە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتەوە ناچار دەکران کە بەردەوام پەیوەست بن بەو شوێن و پێگەیەی کە بۆیان دیاریکرابوو و خۆیان سەربەست نەبن لە ژیانی خۆیان. پێشتر کۆمەڵگای عەرەبی لەسەر سیستەمێکی هەرەمی کاری دەکرد کە لە خێزان، گوند، خێڵ و لایەنی گەورەتر لە خێڵ پێکهاتبوو. دەسەڵات لەنێوان ئەم لایەنە جیاوازانەدا دابەشببوو و هەریەکەیان بەپێی ئاستی خۆیان لە هەرەمەکە دەیانتوانی ببن بە خاوەنی دەسەڵات. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و کرانەوەی خەڵک بەڕووی جیهاندا، وە زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووانی شارەکان و کەمبوونی ڕێژەی گوندنشینان، ناڕەزایی خەڵک بە گشتی و بەتایبەت جیلی گەنجەکان زیاد دەبوو لە دژی ئەم سیستەمی دابەشکاریەی دەسەڵات. بۆیە لەگەڵ دروستبوونی ئەم ناڕەزایەتییانە، ڕێژەی تاکگەرایی لە هەندێک لە شوێنەکاندا لە زیادبووندا بوو. هەرچەندە ئەمەیش لە تەواوی ناوچەکان ڕووی نەدەدا و هەندێک ناوچە زۆر بە توندی ڕێگریان لە دروستبوونی دەرفەتی لەم جۆرە دەکرد بۆ تاکەکان.

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لە ئێستادا دەستییان کردووە بە پڕۆسەی وێستێرنایزینگ (بە ڕۆژئاوایی بوون). ئەوان دەیانەوێت سیستەمی دەسەڵات و  قەراردان لەسەر ژیانی تاک لە وڵاتەکانیاندا بگەڕێتەوە بۆ تاکەکان خۆیان، هەروەک چۆن لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەو جۆرەیە. خەڵکی لە ئێستادا زیات لە یەک دابراون لە چاو جاراندا و خێزانەکان بەرەو پەرتەوازەیی زیاتر دەڕۆن. وە ئابووریش زیاتر بەرەو ئەو ئاقارەدا دەڕوات کە گوێ بە کاری کەسەکان دەدات لەجیاتی ئەوەی کە گوێ بە کەسەکان خۆیان بدات. ئەم گۆڕانکارییە خێرایە دەکرێت بۆشایی زۆر جێبهێڵێت کە دواجار ببنە هۆی دروسکردنی کێشە. پیشتر یەکێک لە زاناکانی بواری زانستی سیاسی لە زانکۆی هارڤارد بە ناوی ڕۆبەرت پوتنام پێشبینی ئەوەی کردبوو لە کارەکانیدا کە چۆن تاکگەرایی لەناو ئەمریکا دەگات بەوەی کە تاکەکان هەست بە تەنیابوونی خۆیان بکەن و دواجار بەدەست ئەو تەنیابوونەوە بناڵێنن. لەبەر ئەوەیشی کە تاکگەرایی لەم کۆمەڵگا دواکەوتووانەدا زۆر خێراتر لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان ئەگەری دەرکەوتنی هەیە، بۆ سەیر نابێت کە ئەو دەرئەنجامە خراپە و دابڕانی تاکەکان زۆر خێراتر ڕووبدات لە ژیانی تاکەکانی ئەم وڵاتانە.

ساڵی پار لە لێکۆڵینەوەیەکی من و هاوڕێیەکمدا کە بۆ سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان ئەنجامماندا، ئەوەمان دەرخست کە تاکگەرایی چۆن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت. ئەو ئەنجامەیشمان لە ڕێگەی چاوپێکەوتنەکانمانەوە بەدەست خست کە لەگەڵ ١٠٠ کەسی عەرەبی چوار وڵاتی جیاواز کردبوومان. وڵاتەکان بریتیبوون لە سعودیە، ئیمارات، ئوردن و تونس. لەناو ئەو ١٠٠ کەسەدا، کەسانی دەوڵەمەند و هەژار، گەنج و پیر، پشتگیریکاری کۆماری و پشتگیریکاری پاشایەتی، خەڵکی ناو شارەکان و دەرەوەی شارەکان. چیرۆکەکانی ئەو کەسانە بوونە هۆی ئەوەی کە بارودۆخی ئێستایانمان بۆ دەربکەوێت هۆکاری خۆپیشاندانەکانیشیان بزانین.

لێکۆڵەر و یاسادانەرەکان پێشتر ئاماژەیان بەوە کردووە کە چۆن مۆبایلی زیرەک دەتوانێت ڕێژەی چالاکی تاکەکان بەرز بکاتەوە. چونکە ئامرازێکی بەسوودە بۆ پێکەوە بەستنی خەڵک و کارئاسانیکردن بۆ پلاندانانی ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش. بەڵام ئەو چیرۆکانەی کە ئێمە پێمان دەگەیشت، شتانێکی جیاوازبوون لەمەی کە ئێستا باسمان کرد. ئێمە ئەوەمان لە عەرەبەکان بیست کە چۆن مۆبایل یارمەتیان دەدات کە خۆیان لە بینینی ڕاستەوخۆی و خێزان و کەسە نزیکەکانیان بپارێزن و لە ڕێگای نامە و قسەکردنی سەرهێڵ ئەرکی چاوپێکەوتنەکانیان بەجێ بگەینن. واتە لەجیاتی ئەوەی کە کاریگەری مۆبایل تەنها دروستکردنی چالاکی زیاتر بێت، لای بەشێکی زۆری عەرەبەکان گەورەترین کاریگەری مۆبایل پاراستنیانە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی.

جگە لە تەکنەلۆژیایش، ژیانی ناو شاریش بووە بە هۆکارێکی تر کە تاکەکان لە یەکتری دوور بکەونەوە. پێشتر لەناو گوندەکاندا، خەڵکی پەیوەستبوونێکی ڕاستەوخۆیان هەبوو بە یەکترەوە. دراوسێکان یەکتریان دەناسی و بەردەوام پەیوەدیان لەگەڵ یەکتریدا هەبووە. ڕێک بە پێچەوانەی ژیانی ئێستای ناو شارەکان، کە بەردەوامیش ڕێژەی شارنشینان لە بەرزبوونەوەدایە. لە ئوردن، لە ساڵی ١٩٦٠ تەنها نیوەی دانیشتووانەکەی شارنشین بوون. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەی شارنشینان بەرزبووەتەوە بۆ ٩١٪ی دانیشتووان. ئەمە لە زۆربەی وڵاتەکانی دیکەیش بە هەمان شێوەیە. زۆربەی ئەو شارنشینە عەرەبانەی کە قسەمان لەگەڵ دەکردن، دراوسێکانی خۆیان نەدەناسی. هەندێکیان تەنها بەهۆی دەنگی ئۆتۆمبێلی گەورە لە هاتنی دراوسێیەکی نوێ ئاگادار دەبوون.

پیاوێکی سعودی کە تەمەنی لە سەرەتای سییەکانی تەمەنی بوو، چیرۆکێکی بۆ باسکردین کە زۆر سەرنجی ڕاکێشاین. ئەو وتی کە باپیری لەگەڵ ١٢٠ خێزانی تردا پێکەوە بە کۆمەڵ ژیاون. لەو سەردەمەدا یەکێک لە کوڕەکانی باپیری دەبوو بڕوات لە شوێنێکی تر بژی. بەڵام کەسەکانی تر نەیانتوانی بەرگەی ڕۆیشتنی بگرن و دواجار هەر ١٢٠ خێزانەکە لەگەڵیدا ڕۆیشتوون بۆ ئەو شوێنە. تەنانەت لە ئیستایش نەوەکانی ئەو ١٢٠ خێزانە کە لەناو شار دەژین، ساڵانە سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و خزم و کەسوکارەکانی ئەوێیان بەسەر دەکەنەوە. ئەو کەسەی کە ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕاینەوە خۆی لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ڕیاز دەژی. بەڵام مانگی دوو جار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنە. بەم بارودۆخانە لە ئێستادا زۆر دەگمەنن و زۆرینەی خەڵک بەم جۆرە نەماون. لەگەڵ پیاوێکی دیکە قسەمان کرد کە ناڕازی لە منداڵەکانی کە بە بیانووی گرانی کرێی هاتوچۆوە هەرگیز سەردانی ناکەن.

هەندێک لە خێزانەکان بۆ ماوەیەکی درێژی مێژوویی، لەسەر کۆمەڵێک نەریت و چالاکی پێکەوەیی ڕاهاتبوون پێشتر کە لە ئێستادا بەو شێوەیە نەماون. ئەو گۆڕانکارییە تەنانەت کاریگەری لەسەر چۆنییەتی بەڕێکردنی هەفتەکەیش هەبووە کە چۆن ڕۆژەکانی هەفتەکەیان بەڕێ دەکەن و هەر ڕۆژێکیان بۆ چ شتێک داناوە. لە پێشتردا کۆبوونەوەی بە کۆمەڵ و نانخواردنی بە کۆمەڵ لەو چالاکیانە بوون کە هەموو هەفتەیەک دەبوو ئەنجام بدرانایە. بەڵام لە ئێستادا ئەوانە بوون بە سەردانی یەک کاتژمێری و دوو کاتژمێری مانگانە، کە بە تەواوەتی شێوازی ژیانی تاکەکان گۆڕیوە لە چاو پێشتردا. گەنجەکانی ئێستا لەجیاتی ئەم جۆرە کۆبوونەوە بە کۆمەڵانە، پێیان باشترە کە هاوڕێکانی خۆیان ببینن.

ئەم گۆڕانکارییە لە شێوازی ژیانی تاکە عەرەبەکاندا، دەرئەنجامی گەورەتریشی لەدوای خۆیدا هێناوە. بۆ نموونە دروستکردنی کاریگەری لەسەر پەیدابوونی کار. دەکرێت لێرەدا سەرنجی ئەوە بدەین کە چۆن لە ڕابردوودا گەنجەکان بۆ دەستکەوتنی کار پشتیان بە خێزان و خێڵەکانی خۆیان بەستووە. واتە لەسەر داواکاری خێزان و خێڵ گەنجێک لە دەزگایەک دامەزراوە. بەڵام ئەم بارودۆخەی ئێستا و ئەو ڕیفۆرمەی کە سێکتەری ئابووریشی گرتووەتە، وایکردووە کە ڕۆڵی خێڵ و خێزان بەرەو کەمبوونەوە بچێت و گەنجەکان ناچاربن زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن.

پێشتر ژیانی تاکەکان بە جۆرێک بوو کە دەکرا کاتێک هەبێت بۆ تەواوی چالاکییەکانی وەک کارکردن و بینینی خێزان. بەڵام لە ئێستادا کاتی کارکردن تەواو جیابووەتەوە. بۆیە خەڵکیش دەیانەوێت کە کاتی پشوودانیان و کات بەسەربردن لەگەڵ خێزانەکانیان بە دوو کاتی جیاواز بهێڵنەوە و تێکەڵ بە یەکتریان نەکەن، تا بتوانن هاوسەنگی هەردووکیان بە باشی ڕابگرن. خێزانە گەنجەکان لەم سەردەمەدا دەیانەوێت بەشی زۆری کاتەکانی خۆیان بدەن بە منداڵەکانیان، لەجیاتی ئەوەی سەردانی کەسوکاری خۆیان بکەن و کات لەگەڵ ئەواندا بەسەر ببەن. بۆیە دەتوانرێت بگوترێت کە ئەو پەیوەستبوونەی لە ڕابردوودا تاک هەیبووە بە خێزان و کەسانی نزیک خۆیەوە، لە ئێستادا نەماوە و پەیوەستبوونەکە لەسەر بنەمانی پێویستی، گونجان و بارودۆخ دروست دەبێت لەجیاتی ئەوەی کە لەسەر بنەمای خزمایەتی دروست بێت.

بەس ئایا شتێکی باشە کە تاک بتوانێت بەدڵی خۆی ئەم بڕیارانە بدات لەوەی کە کات لەگەڵ کێ بەسەر ببات و لە کێ نزیک بێت؟ بە سەیرکردنی بابەتەکە لە ڕوویەکی گشتییەوە، دەتوانین بڵێین بەڵێ. بەڵام ئەوەیش نرخی خۆی هەیە و هەروا ئاسان بەدەست نایەت. بۆ نموونە لەناو وڵاتێکی وەک ئەمریکادا، دامەزراوەی کۆمەڵایەتی تایبەت هەیە کە کار لەسەر پاراستنی تاکگەرایی هاوڵاتیانی وڵاتەکە دەکەن. سیاسەتی دیموکراتی لە ئەمریکا و تەنانەت دەستووریش یارمەتی تاک دەدەن کە جگە لەوەی ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی ئایین و کارکردنێکی سەربەخۆ، ئازادیش بێت لەوەی کە خۆی ناسنامەی خۆی دیاری بکات بەو جۆرەی کە دەیەوێت. بۆیە تاکگەرایی لە ئەمریکا مەترسی کەمتری هەیە لە چاو تاکگەراییە لەناکاو دروستبووەکەی وڵاتانی عەرەب. بۆ چارەسەری ئەمەیش وڵاتە عەرەبەکان پێویستیان بەوەیە کە ئەوانیش دامەزراوە و ڕێکخراوی تایبەت بە پرسی تاکگەرایی دابمەزرێنن تا ڕێگە لە مەترسییەکانی تاکگەرایی بگرن و یارمەتی تاک بدە کە بە شێوەیەکی تەندروست ئەزموونی تاکگەرایی خۆیان بکەن. بە تایبەت مەترسییەکانی وەک بێکاری و ئاژاوەی سیاسی.

لە ئیستادا سێ ڕێگەچارە هەن بۆ ئەوەی بەباشی مامەڵە لەگەڵ تاکگەراییدا بکرێت لەناو وڵاتە عەرەبییەکاندا. یەکەمیان ئەوەیە کە حکومەتەکان هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای تازە بدەن بۆ ئەوەی ەیوەندی دروستبکەن لەگەڵ خەڵکەکانیاندا. ئەمەیش لەپێناو ئەوەی کە ئەو کەسانەی کە دابڕاون لە زۆرینە، بتوانن دەنگیان هەبێت و هەست بە بوونی کاریگەری خۆیان بکەن. وە پێویستیشە کە حکومەت واز لە شێوازە کۆنەکانی خۆی بێنێت لە مامەڵەکردن. بۆ نموونە ئەوەی کە بۆ دامەزراندن پشت بە پەیوەندی کەسی و ویستی تایبەتی ببەستێت. لەجیاتی ئەوە دەتوانێت کە دەرفەتی پەروەردەبوونێکی باشتر بۆ تاکەکان بڕەخسێنێت، تا دواتر بتوانن ئامادەی کارکردنێکی باش بن.حکومەت پێویستی بە ئەنجامدانی ئەم کارانەیە چونکە کاتێک تاکەکان لە خێزان و خێڵەکانیان دوور دەکەونەوە و نە زۆر شوێندا ڕاستەوخۆ پشت بە حکومەت دەبەستن، ئەوا خزمەتکردنی ئەو تاکانە تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی کە حکومەت ڕێژەی پشتگیریکردنی خەڵکلە دەسەڵات بەرز بکاتەوە.

دووەم ڕێگەچارە ئەوەیە کە گەنجەکان هەوڵ بدەن پەیوەندی نوێ دروست بکەن لەگەڵ کەسانی نوێ، کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکانی خۆیان بێت لەجیاتی ئەوەی بنەمایەکی پەیوەست بە خوێنەوە بێت. بەم جۆرە سەرەڕای تاکگەرابوونی خەڵک، هێشتا دەتوانرێت یەکبوونی نوێ دروست ببێت کە بەرهەمی سوودبەخشی هەبێت هەم بۆ تاکەکان و هەم بۆ کۆمەڵگاکانیش. چونکە ئەگەر گەنجە تاکگەرەکان هەر بە دابڕاوی بمێننەوە و هەموو پێکەوەییەک ڕەت بکەنەوە، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە لە کۆتاییدا دەبن بە تیرۆرست و دەچنە ڕیزی جیهادییەکان.

ڕێگەچارەی سێیەم و کۆتایی، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی نەریتێکی نوێ کە بەهۆیەوە کەسانی سەرکردە و بەتوانا لەناو ئەو گروپە نوێیانە دروست ببن کە لەسەر بنەمای نوێ دروستبوون و بنەما کۆنەکان ڕەت دەکەنەوە. دەبێت ئەم جۆرە لە ئەقڵیەتە نوێیە وردەوردە بچنە ناو دەسەڵات و خۆیان ڕێگا بۆ باش ڕۆیشتنی ئەو قۆناغە نوێیە خۆش بکەن کە دەیانەوێت بۆ کۆمەڵگاکەیان.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە