رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کولتووری تاکگەرایی

Facebook
Twitter
LinkedIn

جیهاد محەمەد

تاکگەرایی خاسیەت و کولتوورێکە مرۆڤ، یان تاکەکەس وریا و بە ئاگا دەهێنێتەوە، مرۆڤێکی ئازاد و سەربەخۆ دروست دەکات، کە ئازادانە، بوێرانە و زیرەکانە بە گژ هەموو ئەو ڕێگری و بەربەستانەدا دەچێتەوە، کە نەک هەر ئازادییەکانی خەفە دەکەن، بەڵکو دەیشیترسێنن و هیوا و خواستە تایبەتەکانی، خەونەکانی، بیرکردنەوە جیاوازەکانی لە ناو بۆتەی مێگەلێتیدا، یان لە ناو بۆتەی کۆلێکتیڤیدا دەتوێننەوە. تاکگەرایی بۆچوونێکی فەلسەفییانەیە، بە زەرورەت بەرهەمی ئابوورییەکی هەڵکشاوی پیشەسازی و گەشەی مرۆڤی ئازادە و نوێیە، کە تەواو دوور کەوتووەتەوە لە ئابووریی دەستەجەمعی، واتا خودی تاکەکەس دوور لە خێزان و دەستەجەمعیی خاوەنی بەرهەمی ئازادانەی خۆیەتی.

ئەگەر ورد بینەوە لەم کولتوور و فەلسەفەیە، دەبینین، دژی هەموو حکومڕانە سیاسییە نادیموکرات و دواکەوتووەکانە، دژی هەموو سیستمە ئابوورییە چەقبەستووە دەربەگایەتی و شوانکارەیی و بۆرژوازیەتە دواکەوتووەکانە، بە واتایەکی دیکە ئەم جۆرە لە حوکمی نادیموکرات و ئابووریی وابەستە بە خێزان و دەستەجەمعی، تێدەپەڕێنێت، چونکە ئەم جۆرە لە سیستمی سیاسی و ئابووری، کۆمەڵگە دەکات بە مێگەل و سیستمێکی سیاسیی داپڵۆسێنەر و میلیشیایی، تا هەموو کۆمەڵگە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ئیتر تاک بیەوێت یان نا، دەبێت لە نێو ئەم سیستمە سیاسی و ئابوورییە ستەمکارییەدا بتوێتەوە، هیچ دەرفەتێک نامێنێتەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تاک. سیستمی سیاسی و دەرەبەگایەتی و بۆرژوازیەتی دواکەوتوو بە شەقڵ و خەسڵەتە ئایینی و ترادسیۆنی و کولتوورە باوە ڕۆژهەڵاتییەکەیەوە، نەک هەر تاکەکەسی ئازاد و سەربەخۆی قبووڵ نییە، نەتەوە و گەلی سەربەخۆیشی قبووڵ نییە.

هەڵبەت دەبێت ئەوەیش بزانین و ئاگاداری بین! کاتێک ناوی نەتەوە و گەلی سەربەخۆ دەهێنین، لێرەدا مەبەست ئەوە نییە، کە لە نێو گەل و نەتەوەی سەربەخۆدا بە تەواوەتی تاکەکەسی ئازاد و سەربەخۆ دروست دەبێت، چونکە زۆرێک لە گەلان و نەتەوەی سەربەخۆ هەن، لەژێر هەمان سیستمی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە دەرەبەگایەتییەکەیدا، یان هەمان سیستمی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و بۆرژوازییە دواکەوتووەکەیدا ماونەتەوە و کۆمەڵگەیان کردووە بە مێگەل، دەرفەتێکیان نەهێشتووەتەوە بۆ تاکەکەسی ئازاد و سەربەخۆ، لەژێر ناوی بەرژەوەندیی گەل و نەتەوەدا، جەور و ستەمێکی زۆر دەکرێت لە تاکەکەس. لەم کۆمەڵگەیانەدا هەموو تاکەکەسێک دەبێت بەرژەوەندییە گەشتییە مێگەلییەکەی نەتەوە و گەل بخاتە سەروو حەز و ئارەزووکانی و بۆچوون و دیدگا تایبەتییەکانی خۆیەوە. نەتەوە و گەلی سەربەخۆ، تەنها بە ڕزگاری لە دەست چەوساندنەوەی نەتەوەیی، ناگات بە سیستمی دیموکراتیەت، ناگات بە سیستمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بۆرژوازییانەی پێشکەوتووخواز، کە تێیدا تاکەکەس فەراهەم دەبێت لە ئازادی و سەربەخۆیی.

فەلسەفەی تاکگەرایی، دژی هەموو جۆرە ترس و خەفەکردنێکە. سیستمی نادیموکرات و مێگەلی، لەژێر هەر ناو و فەلسەفەیەکی حوکمڕانیدا بێت، ترس و خەفەکردنی بیر و ئەندێشەی تاکەکەسی کردووە بە داردەستێکی بەهێز، بە ئامڕازێکی بەهێز بۆ سەپاندنی یەک بیروڕا، یەک بۆچوون و ئایدیا، یەک بیرکردنەوە، یەک خەیاڵ و ئەندێشە بۆ تاک بە تاکی کۆمەڵگە. هەر ئەم ترس و تۆقاندن و خەفەکردنەیشە، کە ڕێگرییەکی تەواو لە بەردەم سیستمێکی پەروەردەی مۆدێرن و دیموکراتدا دەکات، چونکە سیستمی پەروەردەی مۆدێرن و دیموکرات، منداڵ و فێرخوازی ئازاد و سەربەخۆ دروست دەکات، منداڵ و فێرخوازێک شەرم ناکات لە پرسیارکردن، لە گفتوگۆکردن، لە هەر وانە و فێربوونێک کە بە ڕاستی نەزانێت. ئیتر فێرخواز خودی خۆی دەبێت بە ئامڕازێک بۆ فێربوون، خۆی بەدواداچوون دەکات، ورد دەبێتەوە، تێڕامانی قووڵی بۆ دروست دەبێت، بەگومان دەبێت، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە خودی خۆی بگات بە ڕاستییەکان، ئەوەی لای پەسەند بێت، بێ دوودڵی پەسەندی دەکات، ئەوەی لای ناپەسەند بوو، بێ ترس ڕەتی دەکاتەوە.

تاکگەرایی، فەلەسەفەیەکە، مرۆڤی تێکشکاو و کۆیلە، ئەو مرۆڤگەلەی خۆیان داوە بەدەم شەپۆلی کۆلێکتیڤی و مێگەلییەوە قبووڵ ناکات. ئەم فەلسەفەیە مرۆڤێکی نەترس و بوێر دروست دەکات، مرۆڤێک هیچ جۆرە ترسێکی لە هێزە ستەمکارەکان نییە، لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە و بە دەنگێکی دلێرەوە دژایەتیی هەر جۆرە ستەمکارییەک دەکات. ئەگەر ورد بینەوە لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییە گەورەکانی جیهان، کە پاڵنەری هێنانەدیی ڕزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی بوون، دەستەچیلەی ئەم شۆڕشانە، کە گۆڕانکاریی گەوەرەیان لە جیهاندا دروست کردووە، زانا و ڕۆشنبیر و فەیلەسووفەکان بوون، خۆڕاگر بوون لە بەردەم هەڕەشەوگوڕەشەی حوکمڕانە ستەمکارەکاندا، دەیان لە فەیلەسووف و زانا و ڕۆشنبیر تیرۆر کراون، نانبڕاو کراون، برسی کراون، دەربەدەر کراون و تۆقێنراون، بەڵام لە کۆتاییدا ئیرادەی گەورەیان سەر کەوت و بوون بە داینەمۆی شۆڕش و گۆڕانکارییە گەورەکان.

فەلسەفە و کولتووری تاکگەرایی، مرۆڤگەلێک دروست دەکات ستەمکێشیی قبووڵ نییە، ترس و تۆقاندن و خەفەکردنی بیروڕاکانی خۆی قبووڵ نییە، لە هەست و نەستیدا پشتیوانی لە کۆلێکتیڤی و توانەوە لە مێگەلێتیدا ناکات. تاکەکەسی ئازاد و سەربەخۆ، چونکە ناترسێت، چونکە بوێر و ئازایە، چۆن ئازادی و سەربەخۆیی خۆی قبووڵە، بە هەمان شێوە ئازادی و سەربەخۆیی بەرامبەریشی قبووڵە، چۆن بیر و ئەندێشە و بۆچوونی هیچ کەس و هیچ حوکمڕانییەک بە هێڵی سوور دانانێت، بە هەمان شێوە بیر و  ئەندێشە و ئایدیای خۆیشی ناکات بە هێڵی سوور. تاکی ئازاد و سەربەخۆ، ڕەخنەگرە، گومانکەرە، پرسیارکەرە، بۆیە ڕەخنە و گومان و پرسیاری بەرامبەریش قبووڵ دەکات. مرۆڤی ئازاد و سەربەخۆ بزوێنەر و دەستەچیلەی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانە.

فەلسەفە و کولتووی تاکگەرایی، دژی هەموو توندوتیژییەکە، نەرم و لەسەرخۆیە، بە کاوەخۆ بەردەوام لە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی نەرمدایە. ئەم فەلسەفەیە، ئەم کولتوورە، لە کوردستانی ئێمەدا بەوپەڕی  تێکۆشانیشەوە، بەوپەڕی پشوودرێژییشەوە، ئەوسا ڕەنگە دەیان ساڵی دیکەی پێویست بێت بۆ فەراهەمکردنی، چونک فەراهەمکردنی تاکەکەسی ئازاد و سەربەخۆ، پەیوەندیی بە گەشە بونیادییەکانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە هەیە. ئەگەر تێڕامانێکی وردمان هەبێت بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، حیزبی، پەروەردەیی و تەندروستی و سەرجەم کێشەکانی مرۆڤ، هەموویان بونیادین.

ئەو تاکگەراییەی ڕێکخراوی ئازادبوون و کارەکتەرەکانی ئەم ڕێکخراوە بیریان لێ کردووەتەوە، دژی خێزان نییە، ناخوازێت خێزان هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵکو دەخوازێ خێزان لەسەر بنەمای دیموکراتیەت پێک بهێنرێت، تاکەکانی ناو خێزان ئازاد و سەربەخۆ بن لە دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکانیاندا، خێزان بە بیانووی کولتووری دینی و ترادسیۆنە باوەکانەوە ڕێگری نەکات لە ئازادیی ئەندامانی، ئەندامانی ناو خێزان نەتوێتەوە لە ناو کولتووری دەسەڵاتی باوکێتیدا.

کولتووری تاکگەرایی، ئەو کولتوورەیە، کە هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ئازادیی تاکەکەس و سەربەخۆ دروست دەکات. ئەم کولتوور و فەلسەفەیە، دەخوازێت هەموو ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و حیزبی و سیاسییانەی لەسەر بنەمای باوکایەتی دروست بووە، هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە ئەم کولتوورە دواکەوتووە، وا لە تاک دەکات خودی خۆی نەفی بکات و کولتووری باوکایەتی و کۆلێکتیڤی بە پیرۆز ڕابگرێت.

لە ڕاستیدا کاتێک مرۆڤەکان لە نەستی خۆیاندا کولتووری خێزان و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و حیزبییەکان بە پیرۆز بزانن و خودی خۆیان بتوێننەوە تێیدا، ئەمە هیچ بەرهەم ناهێنێت، جگە لە ڕازیبوون بە ستەمکێشی و ستەمکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، تاکێک بەرهەم دێنێت کە بیر نەکاتەوە، بیرکردنەوە بداتە دەستی بە ناو سەرکردە و باوکە کاریزماییەکان، پیاوەکانی دین و ڕیشسپی و دەمسپییەکان بکات بە ڕابەر و پێشەنگ، قسەی باوکەکان سەنگی مەحەک بێت، کۆتا پێوەر بێت بۆ ساغکردنەوە و بڕیاردان لەسەر هەر مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی. فتواچییە دینییەکان، پیاوە ماقوڵەکانی خێڵ و حیزب و ناو خێزان موبارەک بن، قسە و بۆچوونیان ڕەت نەکرێتەوە، کەس نەتوانێت گومان لە قسە و بڕیارەکانیان بکات. لەم ڕەوشە کۆمەڵایەتییەدا، تاک پاسیڤە، ئەوەی لەسەر تاکە تەنها گوێڕایەڵییە، گوێگرتنە لە مەنەلۆگەکان. تەنانەت سیستمی پەروەردەیش لەسەر ئەم بنەمایە دروست دەبێت و هەموو پرنسیپە پەروەردەییە مۆدێرن و دیموکراتییەکان بڤەیە و جێگەی نابێتەوە لە کۆمەڵگەیەکی پاتریارکیی ئاوادا.

ڕێکخراوی ئازادبوون، وەک ژن سەیری ژن ناکات، بەڵکو وەک مرۆڤ سەیری هەر تاکەکەسێک دەکات؛ چ ژن، چ پیاو. ئەم ڕێکخراوە وا بیر دەکاتەوە ئەگەر نیوە کۆ یەکی ئەندامانی ڕێکخراوەکە ژن بن، ئاساییە لای، بەو مەرجەی کارەکتەری ئازاد و سەربەخۆی خۆیان بن. ژمارەی ژن لە ناو ئەم ڕێکخراوەدا لەسەر بنەمای ڕێژەی کۆتا نییە، ژن وەک دیکۆر لە ناو ئەم ڕێکخراوەدا قبووڵ نییە، بە پێچەوانەوە، چ ژن، چ پیاو لە ناو ئەم ڕێکخراوەدا لەسەر بنەمای کەسایەتیی خۆی و بڕوابوونی تەواوی بە کولتوور و فەلسەفەی تاکگەرایی دەبێت بە ئەندام، لەسەر بنەمای چالاکی لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا بۆ هێنانەدیی کولتووری تاکگەرایی ژنان و پیاوان دەبن بە ئەندام.

هۆکاری سەرەکیی توانەوەی تاک لە ناو کۆلێکتیڤییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و حیزبییەکاندا، وەک پێشتر ئاماژەم پێ داوە لەم نووسینەدا سیستم و عەقڵیەتە پاتریارکییەکەیە.

ئەم سیستم و عەقڵیەتە بە حەز و ئارەزوو نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵکو بنەمایەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی پتەو و تۆکمەی هەیە، وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، بنەمایەکی بونیادییان هەیە، داهات و بەرهەمە ئابووری و داراییەکان کە زەرورەتێکی حەیاتییە بۆ تاک و خێزان و کۆمەڵگە، لە قۆناغی دەرەبەگایەتیدایە، لە قۆناغێکدایە، تاک ناتوانێت لە خێزان جیا ببێتەوە و درێژە بە ژیانی خۆی بدات، چونکە ئامڕازێکی بەهێزی بە دەستەوە نییە کە بتوانێت لە دەرەوەی خێزانەکەی، لە دەرەوەی ئابوورییە پاتریارکییەکە ئازادانە و سەربەخۆییانە لەسەر بەرهەمی ئابووریی خودی خۆی بژیی. کاتێکیش کوڕ و کچ کە هاوسەرگیری دەکەن و لە خێزانی خۆیان جیا دەبنەوە، بە هەمان شێوەی خێزانی یەکەمیان ناچارن خێزانێکی ئابووریی پاتریارکی دابمەزرێنن، بە واتایەکی دیکە سولالەی پاتریارکی بەردەوامە و درێژەی هەیە، هەتا ئەو قۆناغەی ئەم بونیادە کۆنە دەرەبەگایەتی و خێڵەکییە تێدەپەڕێنن. بەڵام ئەمە پاساو نییە کە مرۆڤەکان دەستوپێ سپی دانیشن، چونکە تێپەڕاندنی ئەم بونیادە پڕ لە کێشانە پێویستی بە ڕێنسانس، یان شۆڕشی کۆمەڵایەتیی نەرم هەیە.

ڕێنسانس لە ڕۆژئاوادا مرۆڤی نوێی هێنایە ئاراوە، بۆیە ئامانجی ڕێکخراوی ئازادبوون دەستپێکردنی ڕێنسانسە، یان ڕابوونێکی شۆڕشگێڕانەی نەرمە. ڕێنسانس نەک هەر ڕەوتی خۆی نەبینیوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بەڵکو ئەو پێشکەوتنە پیشەسازییە ئابووری و تەکنۆلۆژیایەی کە ”سەرمایەداریی جیهانی”ی گەیاندە لوتکە و گەیشتنە قۆناغی کۆلۆنیاڵی، ئەم سیستمە کە دەستی کرد بە داگیرکردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بۆ ئەوە نەبوو کە سیستمی ئابووریی ئەم وڵاتانە پێش بخات، بەڵکو بە پێچەوانەوە داگیری کردن و برەوی بە سیستمی ئابووریی پاتریارکی دا، بۆیە ئەمەیش هۆکارێکی بەهێز بوو، کە هەموو ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان و ئابووری و سیاسییەکان تۆکمەتر هێزی پاتریارکییان تێدا بچەسپێت.

سەرمایەداریی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، زۆرەملێیی، خەفڵەتزەدەیی تاک و خێزان و کۆمەڵگە، مێگەلێتیی کۆمەڵگە و کولتووری ترادسیۆنی و دینیی پتەوتر و تۆکەمەتر کرد. بۆیە حیزبە بە ناو کۆمۆنیست و لیبڕاڵ و دیموکراتەکانیش، کە بە ناوی پێشەڕەوێتی و ڕزگاری و ئازادییەوە هاتوونەتە ئاراوە، نەک نەیانتوانی ئەم ئامانجانە بەدی بهێنن، بەڵکو خودی خۆیان و مەکتەب سیاسی و سەرکردەکانیان بوون بە ئامڕازگەلێک بۆ برەودان بە سیستمی پاتریارکی و نادیموکراتیی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی.

ڕەنگە بتوانرێت بوترێت کە سیستمی دەرەبەگایەتی بە واتای تێپەڕاندنی قۆناغە زۆر نەریتی و چەوساندنەوە زەقەکەی، بە واتای نەمانی ڕێژەی بەرزی نەخوێندەواری، بە واتای گەیشتنی تەکنۆلۆژیا بۆ وڵات و کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، بە واتای کردنەوەی زانکۆی زۆر، بە واتای دەستگەیشتن بە کولتووری ئەورووپا، بە واتای ڕزگار بوون لە داخرانی کۆمەڵ و کۆمەڵگە لە ناوچە و وڵاتێکدا، بە واتای ئەو یاسایەی کە دەڵێت زەوی هیی ئەو کەسەیە کە دەیکێڵێت، تێپەڕێنراوە. هەموو ئەمانە ڕاستییان تێدایە، وەلێ هەتا سیستمی ئابووری و بەرهەمهێنان نەگاتە قۆناغ و ئاستی بەرهەمی پیشەسازی و شۆڕشی کۆمەڵایەتیی نەرم بەرپا نەبێت بۆ ئەوەی عەقڵ بخاتە جێگەی نەقڵ، هەتا کولتووری دیموکراتی فەراهەم نەکرێت، هەتا سیستمی پەروەردە نەریتییەکە نەگۆڕێ بۆ سیستمی پەروەردەیەکی مۆدێرن و دیموکرات، مەحاڵە تاکەکەسی ئازاد و سەربەخۆ دروست بێت، مەحاڵە تاکگەرایی ببێت بە کولتوور. کەواتە ئامانجی سەرەکیی ڕێکخراوی ئازادبوون شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی نەرمی دوور لە توندوتیژییە، کە بەرهەمە ئابوورییەکان بکات بە بەرهەمێکی پیشەسازی، بەرهەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بکات بە بەرهەمێکی مەدەنییانە و دیموکرات، کۆمەڵگە و تاکەکەس بەرەو مەدەنیەت هەڵكشێن، مافی چارەنووسی گەلی کورد دانپێدانراو بێت و خودی ئەم گەلە خۆی بڕیاری لەسەر بدات. لە حاڵەتێکی ئاوایشدا ڕزگاری و ئازادی، پێکەوەبەستراو دەبن و لێک جیا ناکرێنەوە.   

هاوشێوە