رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئێمە بەئاگاین

Facebook
Twitter
LinkedIn

وتاری (سلاڤۆی ژیژەک) لە وۆڵ سترییت‌ی شاری نیویۆرک.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ڕاڤین کامەران

“ئەوان دەڵێن، ئێمە کەسانێکی دۆڕاوین. بەڵام دۆڕاوی ڕاستەقینە، ئەوانەن کە لە پشت (وۆڵ سترییت)ـەوەن. ئەوان بیلێۆنان پارەی ئێمەیان دەستبەسەر کردووە. پێمان دەڵێن سۆسیالست، بەڵام ئا ئێرە هەمیشە سیستەمی سۆشیاڵیزمە ـ بۆ دەوڵەمەندەکان ـ.

ئەوان دەڵێن ئێمە ڕێز لە خاوەندارێیتی تایبەت ناگرین. بەڵام لە هەرەسی دارایی گشتی لە ساڵی ۲۰۰٨، خاوەندارێتی تایبەتی بەجۆرێک داڕوخاند، گەر هەموومان پێکەوە شەووڕۆژ و هەفتانە کارمان بۆی بکردبایە، نەماندەتوانی ئەو سیستەمە [بەو جۆرە] هەرەس پێبهێنین.

ئەوان پێتان دەڵێن ئێمە هەموومان خەیاڵپڵاوین، بەڵام خەیاڵپڵاوی ڕاستەقینە ئەوانەن کە پێیانوایە شتەکان بۆ ماوەییەکی نادیار، بەوشێوەیەی کە هەیە بەردەوام دەبێت. ئێمە خەیاڵپڵاو نین، ئێمە [ئەوان] لە خەو بێداردەکەینەوە و ئەو خەونەیان لێ دەکینە کابووس.

ئێمە هیچ شتێک وێران ناکەین، بەڵکو شایەت و بینەری وێرانبوونی خودی سیستەمەکەیەین بەدەستی خۆی. هەموومان لە کارتۆنەکانە کلاسیکییەکانەوە تێگەیشتووین، کاتێک پشیلەکە دەگاتە کەنداڵێک، بێئاگا لەو ڕاستییەی کە ژێر پێی هیچی لێنییە و بۆشە، [بەڵام ئەو] لە ڕاکردنی خۆی هەر بەردەوامە. بەڵام کاتێک سەیری خوارەوە دەکات و دەبینێت هیچی لەژێردا نییە، دەکەوێتە خوارەوە. ئا ئەمە ئەو کارەیە ئێمە ئەنجامی دەدەین، ئێمە بەو کۆمەڵەی (وۆڵ سترییت) دەڵێین؛ “هۆوو، بڕواننە ژێر پێتان.”

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ساڵی ۲۰۱۱ حکوومەتی چین دەستیکرد بە قەدەغەکردنی فیلم و ڕۆمان و هەموو ئەو چیرۆکە خەیاڵییانەی ئەڵتەرناتیڤی حەقیقەتن و [دەربارەی] گەشتەکاتن. ئەمەش نیشانەییەکی باشە بۆ چین. ئەمە بەو واتایە دێت هێشتا خەڵک بە دوای ئەڵتەرناتیڤێکدا دەگەڕێن، هەربۆیە پێویستە ئەم خەیاڵپڵاوییە قەدەغەبکرێ. لێرە پێویستیمان بە قەدەغەکاری نییە چونکە سیستەمی حکومڕانی توانای خەونبینینیشی لێسەندووینەتەوە. سەرنجێک لەو فیلمانە بدەن کە هەمیشە سەیریان دەکەین، زۆر سووکوئاسان باس لە کۆتایی ژیان دەکەن ـ نەیزەکێک لە زەوی دەدات و هەموو ژیان لەناو دەبات. بەڵام هەرگیز ناتوانیین (پیشان نادرێت) سەیری کۆتایی کاپیتاڵیزم و سەرمایەداری بکەین.

ئەی ئێمە لێرە چی دەکەین، ڕێگەم بدەن نووکتەیەکی کۆنی ئەڵمانیایی سەردەمی کۆمۆنیستیتان بۆ بگێڕمەوە.

پیاوێکی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتی بۆ کارکردن ڕەوانەی سیبیریا کرا، دەشیزانی نامەکانی دەخوێنرێنەوە لەلایەن سانسۆرچییەکانەوە. بۆیە بە هاوڕێکانی گوت؛ با کۆدێک بۆخۆمان دابنێین؛ گەر هاتوو نامەیەکی منتان بەدەست گەیشت و بە مەرەکەبی شین نووسرابوو، هەرچی تێدا نوسرابوو ڕاستە، بەڵام بەپێچەوانەوە  ئەگەر هاتوو بە مەرەکەبی سوور نووسیبووم هەرچیم بۆتان نووسی بوو هەڵەیە. پاش مانگێک هاوڕێکانی یەکەم نامەیان بەدەست دەگات و تەواوی نامەکە بە مەرەکەبی شین نووسرابوو. نامەکە بەم جۆرەیە: هەموو شتێک لێرە سەرسوڕهێنەرە، کۆگاکان پڕن لە خوارنی باش و فیلم و شانۆ و نمایشی ڕۆژئاوا، ئەپارتمانەکان فراوان و نایابن، بەڵام تاکە شتێک کە دەستناکەوێت، مەرەکەبی سوورە. ئەمە ئەو شێوازەیە کە ئێمە دەژین، هەموومان ئەو ئازادییەمان هەیە کە دەمانەوێت، بەڵام تاکە شتێک ناتوانین بەدەستی بخەین، مەرەکەبی سوورە، زمانێک بۆ دەربڕینی نەبوونی ئازادیمان. ئەو شێوازی ئازادییەی فێرکراوین کە دەربارەی ئازادی قسە بکەین – سەبارەت بە جەنگی دژ بە تیرۆر و…هتد- ئەمەش واتای ئازادی دەشێوێنێت. هەروەها ئەوەی ئێستا ئێوە لێرەدا ئەنجامی دەدەن، ئێوە خەریکی بەخشینی مەرەکەبی سوورن.

مەترسییەک هەیە، نابێت ئاشقی بە خۆمان ببین، لێرە کاتێکی خۆش بەسەردەبەین، بەڵام لە یادتان بێت کەرنەڤاڵکان [بۆ کۆبوونەوە] هەرزانن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ڕۆژی دواتر، کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ سەر ژیانی ئاساییمان. ئەی دواتر چ گۆڕانکارییەک ڕوودەدات؟ من نامەوێت ئەو ڕۆژانەتان بەیاد بێنمەوە و داخ و حەسرەت بکێشن و بڵێن ” ئاهـــ ئەو کات گەنج بووین، ژیان جوان بوو!”. بیرتان بێت، پەیامی بنچینەیی ئێمە ئەوەیە “مافی ئەوەمان هەبێت بیر لە جێگرەوەو ئەڵتەرناتیڤێک بکەینەوە.” ئەگەر تابووەکە شکێندرا، ئێمە لە گونجاوترین و باشترین دنیادا ناژین، بەڵکو ڕێگایەکی درێژمان لەبەردەمدایە. چەندین پرسیاری جددی هەیە کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئێمە دەزانین چیمان ناوێت، بەڵام ئەی چیمان دەوێت؟ چی ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ببێتە شوینگرەوەی سەرمایەداری؟ چی جۆرە ڕابەرێکی نوێمان دەوێت؟

 بیرتان بێت؛ کێشە سەرەکیەکە گەندەڵی و چاوچنۆکی نییە، بەڵکو سیستەمەکەیە. سیستەمێک کە بەرەو گەندەڵی پاڵت پێوەدەنێت. بەئەگابن، ئەوە تەنیا دوژمنەکانمان نین، بەڵکو ئەو دۆستە ساختانەشن لەسەر ئەم پڕۆسەیە هەوڵدەدەن و کاردەکەن، وەک دەستخستنی کافی بەبێ کافاین و بیرە بەبێ کحول، ئایسکرێم بەبێ چەوری. ئەوان دەیانەوێت هەمووشتێک بێزیان بەڕێوە بچێت، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکی ئەخلاقی. بەڵام هۆی ئەوەی ئێمە لێرەین ئەوەیە لەم جیهانەدا کە بە ڕیسایکڵینی قوتووی کۆکاکۆلا و بەخشینی چەند دۆلارێک وەکو خێر یاخود کڕینی کاپوچینۆی ستاربەکس و لە ٪١ـی پارەکەی دەڕوات بۆ منداڵانی برسیی جیهانی سێێەم و هەستی چاکەخوازی لە ناخماندا دروست دەکار، بێزاربووین.

ئێمە کۆمەنیست نین، گەر کۆمەنیزم ئەو سیستەمە بێت کە لە ساڵی ۱۹۹۱ـدا هەرسی هێنا، بیرتان بێت ئەو کۆمۆنیستانە بێبەزەیترین سەرمایەدارەکانی ئەمڕۆن. لە چینی ئەمڕۆدا سەرمایەدارییەت هەیە ، تەنانەت پایەدارتر لە سەرمایەداریی ئەمریکی. بەڵام لەوێ پێویستییان بە دیموکراسی نییە، واتا کاتێک تۆ ڕەخنە لە سەرمایەداری دەگریت لەوێ، بە مانای ئەوە نایەت پێت بڵێن تۆ دژە دیموکراسیت. پەیوەندیی سەرمایەدار و دیموکراسی بۆ هەمیشە کۆتایی پێهات. ئەگەری گۆڕانکاری لە ئارادایە.

بەڵام بەدیاریکراوی ئەمڕۆ چی شتێک مومکینە؟ تەنیا گوێ‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كان بگرن. لە لایەکی دیکە له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژی و سێكسواڵیته‌دا هه‌موو شتێك مومكین دێتە پێش چاو‌. ئێوه‌ ده‌توانن بچنە سەر مانگ، ده‌توانن بەهۆکاری بایۆجێنەتیکییەوە‌ ژیانێكی هه‌تاهەتاییتان هەبێت، ده‌توانن له‌گەڵ ئاژه‌ڵاندا سێكس بكه‌ن یا هەرشتێکی تر، به‌ڵام با سەیرێکی بواری ئابووری و كۆمه‌ڵای بكه‌ین. وا دەردەکەوێت کە هەموو گۆڕانکارییەک مەحاڵ بێت. تۆ‌ ده‌تەوێت کەمێک باج له‌سه‌ر دەوڵەمەندەکان  زیادبكەیت، ده‌ڵێن ئەستەمە. تۆ‌ ده‌ته‌وێت پاره‌یه‌كی زیاتر له‌ بواری ته‌ندروستیدا خه‌رج بكرێت، ده‌ڵێن “مەحاڵە ئەمە بە واتای دەوڵەتێکی تۆلیتار دێت.”

چ کێشەیەک لە جیهاندا هەیە کە ئەوان دەتوانن ژیانێکی هەتاهەتایت پێ ببەخشن، بەڵام ئامادە نین تۆزێک زیاتر گرنگی بە تەندروستیت بدەن؟ ئێمە ستانداردێکی بەرزترمان ناوێت لە ژیاندا، بەڵکو باشترین ستانداردمان دەوێت بۆ ژیان. تەنیا مانایەک هەبێت بۆ ئەوەی بە ئێمە بگوترێت کۆمەنیست، ئەو شتەیە کە ئێمە گرنگی بە کۆمەڵ دەدەین. سرووشتێکی هاوبەش. تایبەتیکردنەوەی خاوەندارێتیی ڕۆشنبیریی هاوبەش. بایۆجێنەتیکی هاوبەش. تەنیا و تەنیا دەبێت لەم پێناوەدا بجەنگین.

کۆمۆنیزم بە تەواوەتی شکستی هێنا، بەڵام کێشە هاوبەشەکان وا لێرەن. ئەوان پێتان دەڵێن ئێمە ئەمریکی نین لێرە. بەڵام کۆنزەرڤاتیڤە فەندەمێنتاڵیشتەکان، ئەوانەی بانگەشەی ئەمریکیبوون دەکەن، دەبێت شتێکیان بەبیردا بهێنرێتەوە: مەسیحییەت چییە؟ بریتییە لە ڕوحی پیرۆز. ئەی ڕوحی پیرۆز چییە؟ کۆمەڵگەیەکی یەکسانە کە بڕواداران بە خۆشەویستیی یەکترەوە دەبەستێتەوە، بە واتایەک لە واتاکان ڕوحی پیرۆز لێرەیە و لە خوارەوەی وۆڵ ستریتیش ئەو بتپەرستانەی لێیە کە خەریکی پەرستنی بتەکانن. کەواتە ئەوەی پێویستیمانە ئارامگرتنە. تاکە شتێک من زۆر دەترسێنێت، ڕۆژێک بێت و بڕۆینەوە ماڵ، لە ساڵێکدا یەکجار یەک ببینین، بیرە بخۆینەوە و نۆستاڵۆجیای ئەم ڕۆژە خۆشانەمان بیر بکەوێتەوە و لەبەرخۆمانەوە بڵێین “چ ڕۆژانێکی خۆشمان هەبوو”. دەبێت بەڵێن بە خۆمان بدەین کە هەرگیز نەکەوینە وەها بارودۆخێکەوە. دەزانین خەڵک بە بەردەوامی ئارەزووی شتێکی هەیە، بەڵام بەڕاستی نایەوێت. ئێوە مەترسن لەوەی ئارەزووی چی دەکەن. زۆر سپاستان دەکەم:

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە