رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پەڕاوی نۆبێڵ: لە بارەی خەڵاتی نۆبێڵەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

خەڵاتی نۆبێڵ بریتیە لە شەش خەڵاتی جیاواز (کە سەرەتا پێنج دانە بوون و لە ساڵی ١٩٦٩ بوون بە شەش) کە ساڵانە بەسەر کۆمەڵێک کەسدا دابەشدەکرێن لەسەر ئەرکی دامەزراوەیەکی تایبەت کە لەسەر پێشنیاری زانا و پیشەسازی سویدی ئەلفرێد نۆبێڵ دامەزراوە. خەڵاتی نۆبێڵ بە شکۆدارترین و پایەبەرزترین خەڵات دانراوە، کە بدرێت ڕۆشنبیرەکان بەهۆی ئەو داهێنانەی لە پێشکەش بە مرۆڤایەتیان کردووە.

سەرەتای دروستبوونی ئەم خەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٥ کە تیایدا وەسێتنامەکەی ئەلفرێد نۆبیل ئاشكرا دەبێت کە تیایدا داوایکردووە داهاتەکەی لە بەخشینی پێنج خەڵاتی تایبەتدا بەکاربهێنرێت، کە دەبەخشرێن بەو پێنج کەسەی کە گەورەترین سوودیان بە مرۆڤایەتی پێشکەشکردووە لە ماوەی ئەو ساڵەدا، کە خەڵاتەکەی تیادا دابەشدەکرێت. ئەو خەڵاتەنەیشی کە ئاماژەی پێکردبوون بریتیبوون لە خەڵاتی نۆبێڵ بۆ بوارەکانی فیزیا، کیمیا، پزیشکی، لەگەڵ خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئەدەب و ئاشتی. یەکەم مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکانیش لە بەرواری ١٩٠١/١٢/١٠ دا بوو، کە ساڵیادی پێنج ساڵەی مردنی ئەلفرێد نۆبێڵ خۆی بوو. هەروەها لە ساڵی ١٩٦٩دا، بانقی سوید بۆ یەکەمجار بواری ئابووری زیادکردە سەر پێنج بوارەکەی خەڵاتی نۆبێڵ و لەو ساڵەوە، ئابووریش وەک یەکێک لە خەڵاتەکانی نۆبێڵ دەبەخشرێت. ئەمەیش لەکاتێکدا کە هێشتا ئەم بوارە بە بوارێکی سەرەکی لە نۆبێڵ هەژمار ناکرێت. بەڵام هێشتا هەموو ساڵێک لە هەمان مەراسیمی خەڵاتەکانی دیکەی نۆبێڵدا، ئەم خەڵاتەیش لەپاڵ خەڵاتەکانی دیکەدا دەبەخشرێت.

دوای مردنی ئەلفرێد نۆبێڵ. دامەزراوەی نۆبێڵ دروستکرا. ئەرکی سەرەکی ئەم دامەزراوەیە بریتی بوو لە بەجێهێنانی وەسێتنامەکەی ئەلفرێد نۆبێڵ. هەربۆیە ئەم دامەزراوەیە کاری لەسەر رێکخستن و ئامادەکردنی مەراسیمەکە دەکرد، لەپاڵ بەکارهێنانی سامانەکەی ئەلفرێد نۆبێڵ بۆ هەمان مەبەست. هەروەها هەر لە وەسێتنامەکەی ئەلفرێد نۆبێڵدا داواکرابوو کە خەڵاتەکە لەلایەن ٤ لایەنەوە دابەشبکرێت، کە ئەوانیش بریتیبوون لە سێ لایەنی سویدی و لایەنێکی نەرویجی. هەربۆیە دامەزراوەکە کارەکانی بەجۆرێک رێکخست کە ئەکادیمیای شاهانەی سویدی بۆ زانست لە ستۆکهۆڵم خەڵاتەکانی فیزیا، کیمیا و (ئابووری) دابەشبکات و کۆمیتەی نەرویجی نۆبێڵیش لە ئۆسڵۆ، خەڵاتی نۆبیڵێ ئاشتی. هەروەها پەیمانگای کارۆلینکسا نۆبێڵی پزیشکی و ئەکادیمیای سویدی نۆبێڵی ئەدەب دابەشبکات. شایەنی باسە کە ئەوەی کارەکان بەڕێوەدەبات و بودجەی لەدەستە، بریتیە لە دامەزراوەی نۆبێڵ. بەڵام ئەو دامەزراوەیە تەنها لەو بوارە ئیداریەکەدا بەرپرسە و بەشدار نییە لە بڕیردان لەسەر براوەکان.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی براوەکان

ئەو پایە بڵندەی کە خەڵاتی نۆبێڵ هەیەتی لەناو خەڵکدا، بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی براوەکان. هەرچەندە ساڵانە خەڵاتەکە لە مانگەکانی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەردا دابەشدەکرێن، بەڵام پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە لە پاییزی ساڵی پێشووەوە دەستپێدەکات. لە دەستپێکی پڕۆسەکەدا، لایەنی بەرپرسیار لە دیاریکردنی براوەکان نزیکەی ٦٠٠٠ کەس بانگهێشتی مەراسیمێکی تایبەت دەکات کە تیایدا پاڵێوراو هەڵدەبژێرن یاخود پێشنیاردەکەن بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە. نزیکەی ١٠٠٠ کەسیان دەتوانن ڕاستەوخۆ پاڵێوراو هەڵبژێرن و ژمارەی پاڵێوراوەکانیش بە گشتی لەنێوان ١٠٠ بۆ ٢٥٠ کەسدایە. لەو کەسە بانهێشتکراوانەی کە مافی هەڵبژاردنیشیان هەیە، زۆرینەیان بریتین لە ئەندامانی پەیمانگا و دازگا جیاوازەکانی نۆبێڵ کە کەسانی چالاکی ناو لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک فیزیا، کیمیا، پزیشکی و ئابووری. ئەم کەسانە خاوەنی پسپۆڕی و پەروەردەی تایبەتن لەو بوارانەدا. وە هەرکەسێکیان لە کاتی هەڵبژاردنی پاڵێوراوەکاندا ناچارن کە هۆکاری پاڵاوتنەکەیان بە وردی بنووسن و شایستەیی کەسی ناوبراو دەربخەن. هەروەها بە هیچ جۆرێک قبوڵ ناکرێت کە ئەو کەسانە ناوی خۆیان وەک پاڵێوراو بنووسن و هەرکەسێک ناوی خۆی بنووسێت وەک پاڵێوراو، ڕاستەوخۆ مافی هەڵبژاردنی لێوەردەگیرێتەوە. ئەم پڕۆسەیە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت و دواجار لە بەرواری ٣١ی مانگی یەکی ئەو ساڵەی کە خەڵاتەکەی تیادا دابەشدەکرێت، پڕۆسەی پاڵاوتن و هەڵبژاردن کۆتاییاندێت و تەواوی پێشنیارەکان وەردەگیرێن.

لە بەرواری ١ی فێبروەریدا، ئەو شەش کۆمیتەیەی کە هەریەکەیان بەرپرسن لە بوارێکی نۆبێڵ، دەستدەکەن بە کارکردن لەسەر پاڵێوراوەکان. زۆرجار ئەم کۆمیتانە پشت بە هاوکاری دەرەکی دەبەستن لە کەسانی پسپۆڕ و پەیوەندیدار بە بوارەکانەوە، تا بتوانن ڕاست و دروستی هۆکاری پاڵاوتنەکان دەربخەن و دواجار باشترینەکان جیابکەنەوە. ئەم پڕۆسەیە تا سەرەتای مانگی سێپتەمبەر یاخود تا مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوامدەبێت و دواجار ئەنجامی کۆتایی خۆیان دەدەن بە ئەکادیمیای شاهانەی سویدی بۆ زانست و لایەنەکانی دیکە کە بەرپرسن لە پێدانی خەڵاتەکە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ئەنجامە پێویستە هەموو ساڵێک لەو بەروارەدا پێشکەشبکرێت، بەڵام وەکو ئەنجامی کۆتایی قبوڵناکرێت و پێویستە کۆتا ئەنجام لە بەرواری ١٥ی نۆڤەمبەر دیاریبکرێت. هەروەها مەرجە کە ئەنجامی کۆتایی ریتی بێت لە دیاریکردنی تاکێک یاخود چەند تاکێک کە لە یەک پڕۆژەدا کاریان کردبێت نەک لایەن و کۆمەڵ. بێگومان ئەم یاسایە لە بواری ئاشتیدا بەو جۆرە نییە و رێکخراو و کۆمەلەیش دەتوانن ببن بە براوەی خەڵاتی نۆبێڵی ئاشتی. هیچ کەسێکیش لە دوای مردنی ناتوانێت بپاڵێورێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە. بەڵام ئەگەر بە زیندوویی پاڵێورابوو و دواتر پێش وەرگرتنی خەڵاتەکە کۆچی دواییکرد، ئەوا دەتوانێت دوای مردنی خەڵاتەکەی بۆ وەربگیرێت. لە نموونەی ئەو کەسانەی کە دوای مردنیان خەڵاتەکەیان پێ بەخشراوە: ئێریک ئاکزێل کارفێلدت بۆ بواری ئەدەب لە ساڵی ١٩٣١، داگ هامارهێلد بۆ ئاشتی لە ساڵی ١٩٦١، ڕاڵف م ستینمان بۆ بواری پزیشکی لە ساڵی ٢٠١١. ستینمان چەند ڕۆژێک پێش وەرگرتنی خەڵاتەکە کۆچی دواییکرد.

خەڵاتەکان

هەر خەڵاتێکی نۆبێل پێکدێت لە کۆمەڵێک شتی جیاواز کە بریتین لە: مەدالیایەکی ئاڵتوون، بڕوانامەیەک کە دەتوانرێت وەک سەرچاوەی سەرەکی بابەتی براوە دابنرێت، لەگەڵ بڕە پارەیەک کە بەپێی دەستکەوتی دامەزراوەکە لەو ساڵەدا دیاریدەکرێت. خەڵاتەکەیش پیویستە بە جۆرێک دابەشبکرێت کە ئەگەر یەک کەس براوە بوو، تەواوی خەڵاتەکە تەنها بۆ خۆی بێت. ئەگەر دوو کەس براوە بوون، لەنیوانیاندا دابەشدەکرێت. ئەگەریش سێ کەسبوون، بە هەمان شێوەی دوو کەس پێویستە لە نێوان سێ کەسەکە دابەشبکرێت. هەندێکجاریش خەڵاتەکە نابەخشرێت بە هیچ کەس. لەو کاتەدا ئەگەر تا کۆتایی ساڵەکە کەس دیاری نەکرا وەک براوەی خەڵاتەکە، تەواوی خەڵاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراوەی نۆبێڵ. ئەگەریش براوەیەک دیاریکرا و نەتوانرا خەڵاتەکەی پێببەخشرێت لە ماوەی ساڵی بردنەوەکەیدا، ئەوا ساڵی داهاتوویش پێویستە چاوەڕێ بکات تا خەڵاتی ئەو ساڵە دەبەخشرێت و دواتر وەریبگرێت. هەندێکجاریش براوەکان خۆیان خەڵاتەکە وەرناگرن بەهۆی ئەوەی کە لەلایەن حکومەتی وڵاتەکانیانەوە ڕێیانلێگیراوە تا خەڵاتەکە وەربگرن. هەندێکیشیان خۆیان ڕەتیانکردووەتەوە کە خەڵاتەکە وەربگرن. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناوی براوەکان دەچێتە ناو لیستی تایبەتی نۆبێڵەوە و وەکو براوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت سەرەڕای وەرنەگرتن یاخود قبوڵکردنی خەڵاتەکە، بەڵام لە تەنیشت ناوەکانیانەوە ئاماژەی پێدەکرێت کە خەڵاتەکەی وەرگرتووە یاخود نا لەناو لیستەکەدا. دروستبوونی ئەو دۆخەیش کە تیایدا براوەکە خۆی وەرگرتنی خەڵاتەکە ڕەتبکاتەوە، زۆر دەگمەنە زۆربەی جارەکان هۆکاری دەرەکی هەبووە کە وای لە براوەکان کردووە خەڵاتەکە قبوڵنەکەن. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٣٧دا ئەدۆڵف هیتلەر وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێڵی بە تەواوەتی قەدەغەکرد بۆ هاونیشتیمانیە ئەڵمانیەکان. هۆکاری ئەوەیش دەگڕایەوە بۆ ئەوەی کە دوو ساڵ پێش ئەو کاتە و لە ساڵی ١٩٣٥ خەڵاتی نۆبێڵی ئاشتی بەخشرا بە جارل ڤۆن ئۆزیتسکی. کە ڕۆژنامەنووسێکی دژە نازی بووە و لەدژی چالاکیەکان نازیەکان کاری کردووە. وە هەروەها لەو کاتەدا زیندانی سیاسی بووە لە ئەڵمانیا. لەکاتی دروستبوونی بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا، براوەکە دەتوانێت بۆ دامەزراوەی نۆبیڵی ڕوونبکاتەوە کە بۆچی خەڵاتەکەی وەرنەگرتووە. لەو کاتەدا ڕاستەوخۆ بڕوانامە و مەدالیا ئاڵتوونیەکەی پێدەبەخشرێت، بەڵام بڕە پارەکەی پێنابەخشرێت، بەهۆی ئەوەی کە ئەو پارەیە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی دیاریکراو، دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراوەکە و مافی براوەکەی بەسەرەوە نامێنێت.

کاتێک کە هیچ بەربژێرێکی گونجاو نادۆزرێتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە لە ماوەی ساڵەکەدا لەلایەن بەرپرسانی دیاریکردنەوە، ئەوا لەو ساڵەدا خەڵاتەکە نابەخشرێت. یاخود ئەگەر بارودۆخی گشتی جیهان وا بخاوزێت کە خەڵاتەکە نەبەخشرێت هەروەک چۆن لەکاتی ڕوودانی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی ڕوویدا، ئەو کاتەیش خەڵاتەکە نابەخشرێت. شایەنی باسە کە خەڵاتەکە جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکاندا ناکات و هەرکەس لە هەر نەتەوە، ئایین، ڕێباز و ئایدۆلۆژیا بێت، دەتوانێت ببێت بە خاوەنی خەڵاتەکە. هەروەها ئەگەر کەسێک زیاتر لەجارێک پاڵێورا بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، ئەوا دەتوانێت وەریبگرێت. مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکە لە بوارەکانی فیزیا، کیمیا، پزیشکی، ئابووری و ئەدەب لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید دەبەخشرێن. وە لە بواری ئاشتیشدا لە شاری ئۆسڵۆ دەبەخشرێت لە بەرواری ١٠ی دیسەمبەر کە دەکاتە ساڵیادی مردنی ئەلفرێد نۆبێڵی خاوەن بیرۆکەی خەڵاتەکە. بە گشتی براوەکان خۆیان ئامادەی مەڕاسیمەکە دەبن و خەڵاتەکەیان وەردەگرن. هەروەها لەدوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، بابەتێک پێشکەشی ئامادەبووان دەکەن.

ئەو یاسا و پێوەرە گشتیانەی کە خەڵاتەکەی لەڕێگاوە دەبەخشرێن، لەلایەن ئەلفرێد نۆبێڵ خۆیەوە دانراون و لە وەسێتنامەکەیدا پێمان گەیشتووە. لە ساڵی ١٩٠٠دا کۆمەڵێک یاسا و رێکخستنی تایبەت زیادکراون بۆ پێوەرەکانی ئەلفرێد نۆبێڵ و دواتریش جێگیرکران و هەتاوەکو ئیستایش بەردەوامن، جگە لە هەندێک گۆڕانکاری کەم کە بەسەریان هاتووە. گۆڕانکارییەکانیش بە درێژایی کات دەرکەوتوون. بۆ نموونە ئەلفرێد نۆبیل وای دەخواست کە خەڵاتە بۆ بەرهەمی ئەو ساڵە بێت کە تیایدا دەبەخشرێت. بەڵام دوای چەندین ساڵ کارکردن دەرکەوت کە ئەم داواکارییە جێبەجێکردنی قورسە و ناتوانرێت تەنها پشت بە بەرهەمی ئەو ساڵە ببەسترێت کە خەڵاتەکەی تیادا دەبەخشرێت. بەڵکو وا پێویست دەکات کە بەرهەمەکان کاتێکی زیاتریان بەسەردا ڕۆیشتبێت. گۆڕانکارییەکی دیکە لەسەر ئەو خواستەی ئەلفرێد نۆبێڵ بوو کە داوایکردبوو براوەی نۆبێڵی ئەدەب کەسێک بێت کە بەرهەمەکەی ئایدیالیزمیانە بێت. بەڵام لە ئیستادا ئەو پێوەرێکی زۆر جددی نییە لەناو پێوەرەکانی نۆبێڵی ئەدەب. گۆڕانکارییەکی دیکەیش بەرسەر نۆبێڵی ئابووریدا هات. کە سەرەتا وا چاوەڕوان دەکرا پێوەرەکانی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە تەنها پێوەری سیاسی و کۆمەڵایەتی بن. بەڵام دواتر پێوەرەکانی بوون بە پێوەری زانستی، ماتماتیکی و ئاماری.

شایەنی باسە کە لە تەواوی بوارەکانی خەڵاتی نۆبێڵدا، بوارەکانی فیزیا، کیمیا، پزیشکی و ئابووری کەمترین کێشە و گیروگفتیان هەبووە بە درێژایی مێژووی دابەشکردنی خەڵاتەکە، هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا دەگات بە ئیستا. بەڵام بوارەکانی ئاشتی و ئەدەب، بەپێچەوانەی ئەوانەوە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ئەو دوو بوارە و پەیوەندی زۆر و ڕاستەوخۆیان بە خەڵکەوە. لەناو هەموو بوارەکانیشدا، ئەو بوارەی کە زۆرترین جار بەخشینەکەی دواکەوتووە لە کاتی ئاسایی خۆی یاخود نەدراوە، نۆبێڵی ئاشتیە.

سەرچاوە:

سەرچاوە (کلیک بکە)