رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چوار سیناریۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کارەکتەرەکانی لە ٢٠٢١دا

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید ١٩) لە سەرتاسەری جیهاندا بووەتە هۆی ئەوەی توێژەران و سیاسەتمەداران پێشبینیی شێوازی ژینی دوای کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە بکەن و داهاتووی جیهان لەسەر چەند ئەگەر و سیناریۆیەک بخەنە ڕوو.

کێسینا سیڤیتلۆنا، نووسەر و سیاسەتمەداری ئیسرائیلی، لە ١٨ی ئاداردا گوتی: “لە دەرئەنجامی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ دروست دەبێت.” گوتیشی: “گومانی تێدا نییە دوای ڤایرۆسەکە گۆڕانکاریی گەورە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت، سیستمە سیاسییەکان دەکەون، بناغەیان تێک دەشکێت و ناڕەزایەتییەکان دەست پێ دەکەنەوە.”

هەروەها بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: “کۆرۆنا جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگۆڕێت، بە هیوام بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا بێت. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسلامییە میانڕەوەکان بەهێزتر دەکەین.”

کۆتا شیکارییەکان لە لایەن ئیتای برۆنەوە، سەرۆکی پێشووی بەشی توێژینەوەکانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل پێشکەش کراوە، کە لە راپۆرتێکی بارەگای توێژینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەییدا پێشبینیی چوار سیناریۆ بۆ جیهان و ناوچەکە دەکات لە ساڵی ٢٠٢١دا، دوای کۆتاییهاتنی کارەساتی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا.

سیناریۆی یەکەم: بەردەوامیی دۆخی پێشوو

بەپێی ئەم سیناریۆیە، زۆرینەی وڵاتەکان هەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەتوانن کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بکەن و بەشێکی ئابوورییە گەورەکان دەکەونەوە کار و هاوشێوەی جاران بەردەوام دەبن. ئابووریی وڵاتی چین لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا دەکەوێتەوە کار و ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵەوە و ئابووریی ئەوروپا لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا.

کەرتی فڕۆکەوانی، گەشتیاری و خواردنەگان گەورەترین زەرەرمەند دەبن، بەڵام بازرگانیی دیکە سەرپێ دەخرێت و تیشک دەخرێتە سەر خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن و کارکردنی دوور لە یەکتر.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا ژیان بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەگەڕێتەوە باری ئاسایی و لەگەڵیدا ڕێگە سەرەتاییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە هەر دەگیرێنە بەر.

بەپیی ئەم سیناریۆیە، سیستمی جیهانی ناگۆڕێت و ئاڕاستە نێودەوڵەتییەکانی کە پێش کارەساتەکە خاوەن هێز بوون، کۆنتڕۆڵی خۆیان دەکەن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی لە تشرینی دووەمی داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجام بدات و بە ئەگەری زۆرەوە دۆناڵد تڕەمپ لە تۆمەتبارکردنی چین بەرامبەر کارەساتەکە بەردەوام دەبێت. ئەگەری ئەوەیش هەیە تڕەمپ هێزە ئەمەریکییەکان لە عێراق، سووریا و ئەفغانستان بە تەواوی بکشێنێتەوە، ئەوەیش بە هۆی زۆربوونی هەڕەشەکان و دوژمنانی لەو ناوچانەدا.

لە هەمان چوارچێوەدا، وڵاتی چین یارمەتی و زانیاری پێشکەشی وڵاتە ئەورووپی، ئەفریقی و ڕۆژهەڵاتییەکان دەکات لەپێناو تێپەڕاندنی کارەساتەکەدا، هەروەها هەوڵ دەدات لە ڕێگەی وەبەرهێنانە ستراتیژییەکانەوە کاریگەریی خۆی جێگیر بکاتەوە.

وڵاتی ڕووسیایش هەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەقۆزێتەوە، بە تایبەتی لە سووریا و ناوچەکانی دیکە لەپێناو جێگیرکردنی هەژموونی خۆی لەو ناوچانەدا.

هەروەها وڵاتە ئەورووپییەکان هەوڵ دەدەن بەسەر زیانە گەورەکانی کارەساتەکەدا سەر بکەون و لە هەمان کاتدا ڕەخنەی توند ئاڕاستەی یەکێتیی ئەورووپا دەکەن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گەورەترین زیانی لێ دەکەوێتەوە، لەوانەیش: بێکاری، گەندەڵی، نایەکسانی و پشتبەستن بە نەوت و یارمەتییە دەرەکییەکان و هەمان سیستمی سیاسییەکانی پێشوویش لەسەر دەسەڵات دەبن.

ئەگەری هەیە هەڵبژاردنێکی ئیسرائیل لە ساڵی داهاتووەوە لە سووریا، لوبنان و کەرتی غەزەدا هەبێت. هەروەها ئێران لەسەر هەمان سیاسەت و ستراتیژی پێشووی بەردەوام دەبێت تاکو هەژموونی نەتەوەیی خۆی بەسەر پرۆگرامی چەکی ئەتۆمییەکەیدا زاڵ بکات.

سیناریۆی دووەم: سەرکەوتنی چین

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و بەردەوامیی قەیرانەکەدا، سیناریۆی دووەم ئەگەری ڕوودانی هەیە کە ئەویش پێشبینی دەکرێت چین بەڕێوەبردنی جیهان بگرێتە دەست.

ڕێکارەکانی خۆپارێزی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و ڕەنگە بۆ زیاتریش بەردەوام بێت، بە هۆی شەپۆلی نوێی کۆرۆنای نوێ و شکستهێنانی زۆرینەی وڵاتەکان لە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆدا کە لەپێناو زیاتر بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەکە و کەمکرنەوەی ڕێژەی مردوان سەرپێ خراوە.

لە سێبەری ئەم دۆخەدا، ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەی زۆر کەس لە جیهاندا دەگۆڕێت لە ڕێی جۆری ژینی ئێستاوە، لە سایەی قەدەغەی هاتوچۆ و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و کارکردن لە ڕێی ئینتەرنێتەوە.

باری ئابووریی ئەمەریکا تا چارەکی دووەمی ساڵی داهاتوو سەرپێ ناکەوێتەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەگەرێکی کەمی هەیە. ئەگەر ئەنجامیش بدرێت، گومانێکی زۆر لە دەرئەنجامەکانی دەکرێت و شەرعیەتی دەرئەنجامەکەی لە دادگای باڵادا، فێڵ و فێڵکاریی تێدا دەبێت.

ڕێکارەکانی وڵاتی چین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە گونجاوترین ڕێگەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیناریۆیەدا؛ چین پەیوەندییەکی نێوەدەوڵەتیی فراوان پێک دەهێنێت و لە  جەنگی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا خۆی وەک ڕابەری جیهان دەناسێنێت.

بەپێی ئەم سیناریۆیە، ئەگەری هەیە چین خاڵی لاوازی ئەمەریکا لەپێناو سیاسەتێکی نوێدا بقۆزێتەوە کە بۆ ماوەیەکی درێژمەودا بەردەوام دەبێت و سەر دەکێشێت بەرەو سیستمێکی جیهانیی نالیبڕاڵی لەسەر بنەمایەکی سەربەخۆ و بەهێزی دەوڵەت – نەتەوە، کە هەر دەوڵەتێک شوناسی خۆی دەبێت.

لەم سیستمە نالیبڕاڵییەدا، لەپێناو پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بونیادنانی پەیوەندیی ئابووری، هەر دەوڵەوتێک دەبێت ڕێز لە شوناسی دراوسێکەی بگرێت.

ئەم سیستمە نوێیە بیرۆکەی مافە کەسی و مەدەنییەکان، هەروەها سیاسەتەکانی سەرسنوور و ئاڵوگۆڕی کولتووری ڕەت دەکاتەوە و ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکشێتەوە دواوە.

سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پووتین پاڵپشتیی ئەم سیستمە جیهانییە دەکات و تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە تۆڕی جیهانی جیا دەکرێتەوە، ئەویش بە ڕێککەوتن لەگەڵ چیندا.

چین ستراتیژی یارمەتیدان و وەبەرهێنان لە وڵاتە جیاوازەکاندا سەرپێ دەخات لەپێناو دەستکەوتنی زانیاریی ئەمنی و بازرگانی.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێران، میسڕ، ئەردەن و عێراق سیستمی هێزی ئەمنییان بۆ پارێزگاریکردن بە کار دەهێنن و بە یارمەتیی چین سەرکەوتووتر دەبن لە سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسەکەدا.

لە ناوچەکانی وەک یەمەن، لیبیا و سووریا کە جەنگیان تێدایە، ئەگەری زۆری هەیە قەیرانێکی مرۆڤایەتیی گەورە سەرهەڵبدات.

لەم سیناریۆیەدا، بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاسانترە چاو لە هەنگاوەکانی ئێران لە بەرەوپێشبردنی چەکی ئەتۆمیدا بپۆشێت.

سیناریۆی سێیەم: لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی ڤایرۆسەکە

لە سیناریۆی سێیەمدا، چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ ناکرێت تا پێکوتەیەک تایبەت بە ڤایرۆسەکە بەرهەم نەهێنرێت، کە ئەویش ماوەی ١٨ مانگ بۆ ٢ ساڵ دەخایەنێت.

لەم دۆخەدا، ئابووریی وڵاتە گەورەکان زیانی گەورەی بەر دەکەوێت و بە ئەگەری زۆرەوە تا ساڵی ٢٠٢٥ ناگاتەوە دۆخی جارانی.

ویلایەتە یەکگرتووەکان پێگەی جیهانی خۆی لە دەست دەدات و خەڵک گومان لە چالاکیی سیستمی فیدراڵیی ئەمەریکی دەکات.

چین و ڕووسیایش بە هەمان شێوە لە چارەسەرکردنی کارەساتەکە فەشەل دەهێنن، بە تایبەت ئەگەر بێتو دەربکەوێت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زۆر زیاتر بووە لەو ژمارەیەی ڕاگەیەنراوە.

قەیرانێکی خۆراکیی جیهانی و شەپۆلێکی گەورەی توندوتیژی لە چەندین وڵاتی جیهاندا و تەنانەت لە ناوەڕاستی ئەورووپایشدا ڕوو دەدات.

میکانیزمەکانی هاریکاریی نێودەوڵەتی، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کۆتاییان پێ دێت.

ئەگەری هەیە ئەم سیناریۆیە ببێتە سەرچاوەی شەپۆلێکی نوێی پێکدادانی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  ڕووخانی سیستمی پاشایەتی، هاوکات سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی مرۆڤایەتی.

لەم دۆخەیشدا ئەگەری ئەوە هەیە جەنگی نوێ بە جۆری جیاواز لە سووریا ڕوو بدات، یان لە دوای ڕووخانی میکانیزمەکانی دەوڵەت حیزبولڵا دەست بەسەر لوبناندا بگرێت.

هەروەها پێکدادان و توندوتیژی لە نێوان خەڵکی ئێران و دەسەڵاتی ئێراندا ڕوو دەدات، هەر وەک لە ساڵی ٢٠٠٩دا ڕووی دا، ئەگەریشی هەیە لە کەرتی غەزە پێکدادان هەبێت و دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ یەکەی لۆکاڵیی سەربەخۆ دابەش ببێت.

لە بەرامبەردا، رێکخراوە جیهادییەکانی وەک داعش و قاعیدە دووبارە سەر هەڵدەدەنەوە و دەست بەسەر چەندین ناوچەی فراوانی عێراق، سووریا، میسڕ، لیبیا، یەمەن و سعودیەدا دەگرن.

سیناریۆی چوارەم: دووبارە بونیادنانەوە

سیناریۆی چوارەم پێشبینیی ئەوە دەکات ڕێکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەرکردنی ڤایرۆسەکە لە سەرتاسەری جیهاندا بە ئاستی جیا جیا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بەردوەام بێت.

لە نێوان حوزەیران و مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٠دا ئەو راپۆرتانە ئاشکرا بوون کە چین لە بارەی چەندێتیی مەترسیداری ڤایرۆسەکە و ڕێژەی مردوانەوە بە نهێنی هەڵی گرتووە. ئەم راپۆرتانە دەبنە هۆی ڕوودانی قەیرانی سیاسی لە پەکین و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی چین، شی جین بینگ و هاوەڵەکانی.

لە هەمان کاتدا، چەندین وڵات بڕیار دەدەن خۆیان لە پشتبەستن بە چین وەک سەنتەری بەرهەمهێنانی جیهانی ئازاد بکەن.

پێشەنگی ئەم سیناریۆیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانە. کاندیدە دیموکراتەکان سەرکەوتنێکی گەورە بە دەست دەهێنن لە هەڵبژاردنەکاندا. مانگێک لە دوای هەڵبژاردنەکان ئیدارەی خۆراک و دەرمانەکانی ئەمەریکا پێکوتەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ڤایرۆسەکە بەرهەم دەهێنێت.

لە کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١دا، واشنتن لەگەڵ وڵاتە دیموکراتییە ڕۆژئاواییەکان هەوڵێکی هاوبەش بۆ یارمەتیدانی جیهان دەدات لە چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و سەرکەوتن بەسەر قەیرانی ئابووری و پاراستنی سیستمی لیبڕاڵیدا دەدات.

بۆیە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ هەلێک دەبێت بۆ ئەمەریکا تا پەرە بە ڕابەرایەتیی نوێی خۆی بدات لەسەر سیستمی دیموکراتیی لیبڕاڵی.

بەپێی ئەم سیناریۆیە، یارمەتی پێشکەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و گفتوگۆ لە بارەی ڕێککەوتنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا دەکرێت. هەروەها داوا لە دامەزراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە دەکرێت بەرەو دیموکراسیەت هەنگاو بنێن.

سەرچاوە (کلیک بکە)