رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە کرماشان ژنێکی چالاکوان بێسەروشوێن دەکرێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

لەم ڕۆژانەی دواییدا، هەواڵی دەستبەسەرکردنی سارا بەرزگەر بڵاو کرایەوە، کە چالاکوانێکی خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەپێی سەرچاوەکان سارا لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە لە بەرواری ٢٠٢٠/٠٩/١٢ دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەیشەوە هیچ هەواڵێکی نییە.

هۆکاری گرتنی سارا بەپێی چەند سەرچاوەیەک، هەبوونی پەیوەندییەتی لەگەڵ حیزبێکی دژ بە حکومەتی ئێراندا. ئەمەیش لە کاتێکدا کە دەستبەسەرکردنەکەی سارا، لەناکاو بووە و هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت نەبووە لە لایەن دەزگا حکومییەکانی ئێرانەوە. هەر لە ڕۆژی دەستبەسەربوونیشیەوە، خێزانەکەی لە هەوڵی بەردەوامدان تا هەواڵی بزانن، بەڵام تەواوی هەوڵەکانیان بێسوود بووە و هیچ کەسێک نازانێت سارا ئێستا لە چ بارودۆخێکدایە و تا کەی لە ناو زیندانەکاندا دەمێنێتەوە.

ئەم جۆرە مامەڵەیەی حکومەتی ئێران لەگەڵ چالاکواناندا، کارێکی نوێ نییە و چەندین کەیسی لەم جۆرە هەن کە تێییاندا چالاکوانان لەناکاو دەستبەسەر کراون و دواتر بێسەروشوێن کراون تا ماوەیەکی نادیار. ئەمەیش لە کاتێکدا کە زۆرینەی ئەو دەستبەسەرکراوانە، تۆمەتەکەیان بنەمایەکی بەهێزی نییە و بێتاوانن. سارا بەرزگر یەکێکە لەو نموونانەی کە تەنها بە هۆی هەبوونی گومان لە پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکدا، دەستبەسەر کراوە.

شایەنی باسە حکومەتی ئێران لە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووەوە، سیاسەتێکی ئێجگار توندی گرتووەتە بەر لە بەرامبەر هەر چالاکییەک کە بە مەترسیی بزانێت لەسەر دەسەڵاتی خۆی. ئەو سیاسەتەیش لە بەرامبەر کوردەکان زۆر توندترە و چالاکوانانی کورد، لەژێر مەترسیی بەردەوامی گرتنندان.

ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکانیش لەسەر ئەم پرسە هاتوونەتە دەنگ و بەردەوام لێدوان و ڕاگەیەنراو بڵاو دەکەنەوە. بە هۆی ئەم کاردانەوەیەی ڕێکخراوەکانیشەوە، چەندین کەیسی کۆن هاتوونەتەوە بەرباس کە تێیاندا حکومەتی ئێران پێشێلکارییەکی ئێجگار زۆری بەرامبەر بە هاونیشتمانییانی خۆی کردووە و لە زۆر کەیسدا، لەسێدارەدان و بێسەروشوێنکردن چارەنووسی ئەو کەسانە بووە کە چوونەتە ژێردەستی حکومەتی ئێران، سەرەڕای بێتاوانیی زۆرینەیان.

سارا نموونەیەکە لە چەندین کەیسی دیکە، کە لەسەر هەمان بابەت یاخود بابەتی هاوشێوە لە لایەن دەزگا حکومی و ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون. زارا محەمەدی، کە ساڵی پار لەسەر وتنەوەی وانەی کوردی دەستگیر کرا، کاردانەوەیەکی گەورەی لە دوای خۆی دروست کرد و وای کرد کەسانێکی زۆر و چەندین لایەنی جیاواز لە دژی حکومەتی ئێران بێنە دەنگ. بەڵام حکومەتی ئێران لەبری پێداچوونەوە بە کەیسە کۆنەکانی وەک کەیسی زارا محەمەدیدا، کەیسی دیکەی هاوشێوە دروست دەکات و لەسەر هەمان سیاسەت و هەڵوێست بەردەوام دەبێت. سارا بەرزگریش نوێترین نموونەیە پەیوەند بەم بابەتەوە.
سەرچاوە (کلیک بکە)