رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هەڵمەتی دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان

Facebook
Twitter
LinkedIn

ژیر دانا و لاوک ئەبوبەکر

ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردەوام هەواڵی نوێ لەسەر دەستگیرکردنی چالاکوانەکان و ڕۆژنامەنووسان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت بادینان دەبیستین. ئەم هەڵمەتە کە لە لایەن ئاسایشی ناوچە جیاوازکانەوە ئەنجام دەدرێت، ڕۆژ بە ڕۆژ لە فراوانبووندایە و بووەتە هۆی دروستبوونی نائومێدییەکی زۆر لای خەڵک، بە تایبەت دوای ئەوەی کە حکومەتی ئیستای هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی کار و وتراوەکانی، ئامانجە سەرەکییەکەی بریتییە لە چاکسازی، بەڵام وەک دەبینرێت، هەڕەشەیەکی بەردەوام و ترسێنەر هەیە بۆ سەر مافی ئازادیی ڕادەربڕین. هەر بۆیە لە ئێستادا پرسیارێکی گەورە دروست بووە بۆ سەر ئەو چاکسازییەی کە حکومەتی هەرێم بانگەشەی بۆ دەکات.

هەرچەندە لەم جۆرە هەڵمەتانە و هەڕەشەکردن لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین، بەردەوام و لە تەواوی حکومەتەکانی هەرێمدا بوونی هەبووە، بەڵام لەم دۆخەی ئێستای هەرێمدا، کە دۆخی دوای داعش و تێپەڕاندنی قەیرانەکانە، زیادبوونی قەیرانی نوێ و ڕێگەگرتن لە مافە سەرەتاییەکانی وەک ئازادیی ڕادەربڕین، لای خەڵک و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان مایەی ناڕەزایەتییەکی زۆرە. هەر بۆیە ئەو هەڵمەتەی کە حکومەت لە ئیستادا گرتوویەتیە بەر و چەندین و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دەستگیر کردووە، بووەتە جێی ناڕەزایەتیی خەڵک.

ژمارەی ئەو کەسانەی لەم ماوەیەی دواییدا دەستگیر کراون، بەردەوام لە زیادبووندایە. بەپێی هەواڵێکی تۆڕی میدیایی سپێدە، تەنها لە زاخۆ ٤٥ چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، لەگەڵ ١٨ شۆفێری خۆپیشاندەر دەستگیر کراون. ئەوەیشی جێگەی سەرنجە، هاتنەدەنگی هەندێک لە دەستگیرکراوان یاخود کەسوکاریانە، کە چیرۆکی خۆیان باس دەکەن و شێوازی مامەڵەی هێزە بەرپرسیارەکان دەخەنە ڕوو، کە چەندێک ناڕەوایانەیە. فاروق عومەر، یەکێکە لەو ڕۆژنامەنووسانەی لە زاخۆ دەستگیر کراوە، دوای چەند ڕۆژێک لە دەستگیرکردنەکەی، پەیوەندی بە کەسوکاریەوە کراوە کە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانە و سەردانی بکەن. برایەکی فاروق عومەر ڕای گەیاند دۆخی فاروق بە جۆرێک خراپە، کە توانای قسەکردنی لە دەست داوە؛ ئەوەیش بە هۆی ئەو ئەشکەنجە قورسەوە بووە، کە هێزەکانی ئاسایش داویانە.

سەمیرە یەکێکی ترە لەو چالاکوانانەی کە لەم ماوەیەدا دەستگیر کراوە. ئەو تەمەنی ٥٦ ساڵە و ئەندامی تەڤگەری ئازادییە. ماوەی ١٩ ڕۆژە دەستگیر کراوە و لە هەمان کاتدا کوڕەکەیشی ماوەی ١١ ڕۆژە دەستگیر کراوە. ئەوان هەردوو دانیشتووی شاری هەولێرن. سەمیرە بە بیانووی ئەندامبوونی لە تەڤگەری ئازادی لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر کراوە و هەڵۆی کوڕیشی، دوای دەربڕینی ناڕەزایی لەسەر گرتنی دایکی، دوای چەند ڕۆژێک دەستگیر کرا.

هەڵمەتی گرتنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان، لە ئێستادا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زۆر بووە، بە تایبەت دوای ئەو زنجیرە ناڕەزاییدەربڕین و خۆپیشاندانانەی لەو ناوچە جیاوازانە ئەنجام دران.. بە بڕوای چاودێرانیش ئەمە دەرخەری تێڕوانینی حکومەتە لەسەر ئەوەی کە پێی وایە بەم جۆرە هەڵمەتانە دەتوانێت دەنگی ناڕەزایی لە ناو خەڵکدا نەهێڵێت. بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵمەتەکە و زیابوونی ژمارەی دەستگیرکراوەکان، دەنگی ناڕەزایی زیاتر بووە و هەڵمەتی پێچەوانەی خەڵک بۆ ئازادکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان، بەردەوامە.