رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بێکاری و هەژاری لە عێراق

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

دۆخی نالەباری عێراق، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپبوونی زیاتر دەچێت. عێراقییەکان لەژێر سایەی حکومەتی زۆرینە شیعەدا، ڕێژەی هەژاری و بێکاری لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە بۆیان. ئەم دۆخەیش هەر لە ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێنەوە دروست بووە و هەتاوەکو ئێستایش بەردەوامە.

دانیشتوانی عێراق زۆرینەی گەنجن. بەپێی ئامارێک دەرکەوتووە کە گەنجەکان ڕێژەی لە ٦٠٪ی هەموو دانیشتووانی عێراق پێک دەهێنن. هەرچەندە دۆخی گەنج پێشتریش باش نەبووە، بەڵام لە دوای هاتنی داعش دۆخەکە تەواو خراپتر بووە. زۆرینەی ئەو کارانەی کە پێشتر هەبوون، بە تایبەت لە کەرتی تایبەتدا، بە هۆی جەنگی داعشەوە نەمان. ئەمەیش وای کرد کە ڕێژەی بێکاری لە ناو گەنجەکانی عێراقدا ئەوەندەی تر هەڵبکشێت.

گەنجەکانی عێراق دوای تەواوکردنی خوێندنیان، دامەزراوە حکومییەکان بە گەورەترین و باشترین شوێن دەزانن کە تێیدا کار بکەن و لە ڕێگایەوە بژێویی ژیانیان پەیدا بکەن. ئەم پشتبەستنە بە حکومەت وای کردووە کە کارکردن لە دەرەوەی حکومەت لە کەمبوونەوە و قەیرانی بەردەوامدا بێت. بە جۆرێک کە لە هەر پێنج گەنجێکی عێراقی، چوار کەسیان بۆ حکومەت کار دەکەن و تەنها یەک دانەیان لە کەرتی گشتی کار دەکات. ئەمە ئەنجامی ئەو ئامارە بوو کە بانکی نەتەوەیی لەسەر عێراق بڵاوی کردبووەوە.

لە ساڵی ٢٠١٩دا، نزیکەی ٥٢ ملیار دۆلار لە بودجەی گشتیی عێراق، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەر و خانەنشین و ئاسایشی گشتی تەرخان کراوە. ئەمەیش واتای ئەوەیە کە لەچاو ساڵی پێشتردا، ڕێژەکە لە ١٥٪ بەزر بووەتەوە و بە گشتی نیوەی بودجە گشتییەکەی تێپەڕاندووە.

ئەمەیش لە کاتێکدا کە بەردەوام دامەزراندنی زیاتر دەکرێت بەبێ ئەوەی کێشەی بێکاری بە هیچ جۆرێک چارەسەر ببێت. دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە عێراقدا، لە جێی ئەوەی کار بدۆزنەوە، چاوەڕێی کار دەکەن، واتا چاوەڕێ دەکەن دابمەزرێن. هەر بۆیە ڕێژەی بێکاری بەردەوام بەرز دەبێتەوە و بەپێی ئامارەکەی بانکی نەتەوەیی، لە ١٧٪ی کوڕان و٢٧ ٪ی کچان عێراق لە ئێستادا هیچ کارێکیان نییە و چاوەڕێی دۆزینەوەی کار دەکەن.

بارودۆخی هەژاری لە بارۆدخی بێکاری باشتر نییە و زۆریش خراپترە. هەژاری لە عێراقدا بە جۆرێک ڕووی لە زیادبوون کردووە، کە عێراقییەکان بە هۆیەوە هیچ سۆز و خۆشەویستییەکیان بۆ خاکەکەیان نەماوە و ئاوات بۆ جێهێشتنی دەخوازن. لە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی بۆرگن کە کار لەسەر هەژاری دەکات، چەند ڕاستییەکی ترسناک لەسەر عێراق ئاشکرا بووە.

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و جەنگی داعشەوە، ئاسایشی خەڵک لە مەترسیی بەردەوامدایە. لێکۆڵینەوەکە دەری دەخات کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤، نزیکەی ١٠ ملیۆن دانیشتوو ژیانیان تێک چووە و کەوتوونەتە باردۆخێکی نائاساییەوە. هەروەها زیاتر لە ٣ ملیۆنیش ناچار بوون ماڵەکانی خۆیان ج ێبهێڵن و ڕوو بکەنەوە ناوچەکانی تری وڵاتەکە. ئەمەیش وای کردووە کە ڕێژەی هەژاری بەرز ببێتەوە و بگاتە نزیکەی ٢٢،٥٪ی دانیشوانی وڵاتەکە.

هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە یەک لە دوای یەکانە، جەنگی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی بەشی زۆری ناوچەکانی عێراقە لە لایەن ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە. داعش زیانێکی ئێجگار زۆری بە ئابووری، باری کۆمەڵایەتی و ئاسایشی وڵاتەکە گەیاندووە. توندوتیژییش بە هەمان شێوە، بەردەوام لە زۆربووندا بووە و ئەمە وای کردووە ڕێژەی مردنیش بەرز ببێتەوە. ئەمانەیش جگە لەوەی کە چەندین ناوچە هەبوون لەو ماوەیەدا بە تەواوەتی لەژێر دەستی حکومەت دەرچووبوون و ئامار لەو ناوچەنەدا زۆر ترسناکترە.

هۆکارێکی گرنگی دیکە، لاوازیی عێراقە لە ڕووی ئابوورییەوە. بە تایبەت ئەوەی کە نزیکەی لە ٩٥٪ی داهاتی گشتیی عێراق تەنها لە ڕێگای نەوتەوە بە دەست دێت. ئەمە ئابوورییەکی لاوازی دروست کردووە و هۆکاری هەبوونی کێشەی بەردەوامیشە لە ناو حکومەتدا. هەر بۆیە ژیان لە عێراقدا ژیانێکی ناسەقامگیرە و هەژارییش تا بێت زیاتر دەبێت. لەگەل زیادبوونی هەژارییشدا، هیچ پلانێکی درێژخایەن نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی و ژمارەی دانیشتوانیش بەردەوام هەڵدەکشێت، کە دۆخەکە زۆر خراپتر دەکات. لە ماوەی نێوان ساڵی ١٩٧٠ بۆ ساڵی ٢٠٠٧، ڕێژەی دانیشتوان لە عێراقدا سێ ئەوەندە زیادی کردووە. ئێستا ژمارەی دانیشتوان لە عێراق نزیکەی ٣٤ ملیۆن کەسە. ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، وا مەزەندە دەکرێت کە ژمارەکە تا ساڵی ٢٠٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن بەرز ببێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی نەوت گرنگترین و سەرەکیترین داهاتە بۆ عێراق، لە هەمان کاتدا مەترسییشە بۆ تەواوی لایەنەکانی تری ژیان. بازرگانیی نەوت ڕێگریی بەردەوام دەکات لەوەی کە سەرمایەداران پارە لە بوارە جیاوازەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی خەرج بکەن و بەردەوام پارەی سەرمایەداران، بۆ بازرگانی و پیشەسازیی نەوت تەرخان کراوە. ئەمەیش وای کردووە کە گەشەی ئابووری تەواو سنووردار بێت و چەندین بوار هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ بە خۆیانەوە نەبینن. جگە لەوەی کە دەرفەتێک بوونی نابێت بۆ دروستبوونی هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان لە توێژە جیاوازەکاندا.

کێشەکانی عێراق زۆر لەوە زیاترن کە باسمان کردووە و چەندین شتی دیکەیش هەن، بۆ نموونە ئاو! ئەو ئاوەی کە لە عێراقدا هەیە، هیچ دڵنیاییەکی نییە کە لە هەموو ناوچەکان ئاوێکی پاک و تەندروست بێت، چونکە بەردەوام حاڵەتی تەندروستی تۆمار دەکرێت کە تێیاندا تێکچوونی باری تەندروستیی نەخۆش بە هۆی ئاوی پیسەوە، هۆکاری سەرەکییە. ئەمەیش زیاتر بە هۆی نەگەیشتنی ئاوەوەیە بۆ چەندین شوێنێ جیاواز بە ڕاستەوخۆیی لە سەرچاوە ئاوییەکانەوە، کە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و بەکارهێنانی تانکەر و ڕێگەی ترەوە تا ئاو بەو شوێنە دابڕاوانە بگەیەنن.

بۆ زۆرینەی دانیشتوان، نەبوونی ئاو کێشەیەکی گەورەی ژیانیانە. لە ئامارێکدا دەرکەوتووە کە تەنها ٩٪ لە خەڵکە هەژارەکان و ١٣٪ لە خەڵکانی ئاسایی ئاوی بەردەوامیان لە لایەن حکومەتەوە پێ دەگات. ئەوانەی تریان ڕاستەوخۆ پێیان ناگات، یاخود بە ڕێژەیەکی کەم پێیان دەگات کە بەشی بەکارهێنانی ڕۆژانەیان ناکات.

سەرچاوە (کرتە بکە)