لەهەرێمی کوردستان تادێت نادادی و خراپی گوزەرانی هاوڵاتی و خێزان زیاتر دەبێت و حزبە دەستەڵاتدارو حکومڕانەکانیش هیچ وەڵامێکی کردارییان نییە بۆ باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان لەهەرێمی کوردستان، ئێستاش پاشئەوەی بەدرێژایی ساڵی 2020 حکومەت و حزبە دەستەڵاتدارەکانی بەشدار لەحکومەت نەک نەیانتوانیوە مافی شایستە داراییەکانی مانگانەی فەرمانبەران دابەشبکەن و بەڵکو لەرێگەی جیاواز باری سەرشانی هاوڵاتیانیان قورسترکردووە، ئەویش لەرێگەی زیادکردنی باج و رسومات و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. ئێستا هەرێمی کوردستان بەهۆی بێکارییەکی زۆری گەنجان و خراپی رەوشی ئازادی را دەربڕین و ئازادییە گشتییەکان، هاوڵاتیان لەخراپترین ئاستی ژیاندایە، سەرباری هەموو ئەمانەش، نەک هیچ کەس و بەرپرسێک لەسەر گەندەڵی سزا نەدراوە، بەڵکو هۆکارو رێگەی زۆر جیاوازو نوێ بەکارهێنراوە بۆ بردنی سامانی گشتی. بەردەوامی ئەم شێوە حکومڕانیەش وایکردووە دۆخی هاوڵاتیان بگاتە خراپترین ئاست و، لەسەروو هەموشیانەوە بارو گوزەرانی ئابوری، کەبەشێوەیەکە هیچ سەرچاوەیەکی ژیان بۆ تاک و خێزان نەماوەتەوە. بۆیە لەئەنجامی خراپی دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان گەنجان رژاونەتە سەر شەقامەکان و داوادەکەن ژیان و گوزەرانیان باشتربکەن، مەیدانی ئازادی را دەربڕین فراونتر بکەن، بەڵام بەداخەوە دەستەڵات و حزبە حکومڕانەکان لەهەرێمی کوردستان زۆر بێباکانە بەرامبەربە نارەزایی هاوڵاتیان وەستاونەتەوەو خۆپیشاندەران شەهیدو بریندار دەکەن. بۆیە ئێمە وەک فیدارسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین وەڵامی دەستبەجێ کرداری خۆپیشاندەران بدەنەوە، ئەویش لەرێگەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و، کار بۆ شەفافیەت لەداهات و جێبەجێکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری بکەن و، دادگاو دەستەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بکەن و، رێگەبدەن کەسانی ئەکادیمی و سەربەخۆ بتوانن ئەم دامەزراوانە بەرێوەببەن، لەگەڵئەوەشدا حکومەت دامەزراوەکان بەتایبەت پارێزگاو دامودەزگا خۆجێیەکانی پارێزگای سلێمانی رێنمایی ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان بکەن، تادووربکەونەوە لەبەکارهێنانی تەقەکردن و توندوتیژی هەڵکوتانە سەر خۆپیشاندەران، لەهەمان کاتدا داوا لەگەنجان و خۆپیشاندەرانی بەشمەینەت، لەناوچە جیاوازەکان دەکەین، خۆیان بەدووربگرن لەهەڵکوتنانە سەر دامودەزگا گشتییەکان و سوتاندنیان، چونکە ئەمانە موڵکی گشتین و دواجار هەموومان تێیدا زەرمەند دەبێن نەک ئەو حزبە سیاسییانەی کەئەم جەهەنمەیان بۆ هەموان دروستکردوە.
فیدارسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
8/12/2020