رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان

گەڕان بەدوای كۆیلایەتی….!

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: کامەران مەنتیک

كۆیلایەتی وەك هیگڵ دەڵێت لەو كاتەدا دەست پێدەكات، كاتێك دوو مرۆڤ لەسەر دانپیانان ورێزگرتن دەكەونە شەڕو یەكێكیان لەترسی مردن ژیان هەڵدەبژێرێت ئەوەی تریش لەپێناو ژیان مردن هەڵدەبژێرێت، بەم شێوەیە كەسی یەكەم دەست بەرداری زۆر شت دەبێت ولەپێناو مانەوەدا، ملكەچی كەسی دووەم دەبێت، واتە دەبێتە كۆیلەو ئەوەی تریش خاوەنی كۆیلە.

كەواتە پڕۆسەی بەكۆیلە بوون پڕۆسەیەكی درێژخایەنەو پەیوەندی بەململانێیەكەوە هەیە لەسەر خودی مانەوە وژیان، ئەو كەسانەی لەپێناو مانەوەدا ژیانێكی ملكەچانە هەڵدەبژێرن دەبنە كۆیلە، ئەو كاتە هەموو شتێك لەدەست دەدەن، دوای ئەوەی بەئاگا دێن وتێدەگەن چیان لەدەستداوە، ئەو كاتە هەوڵدەدەن رێز و ئازادییەكانی خۆیان بگەڕێننەوە، بەم شێوەیە ململانێ لەنێوان كۆیلەو خاوەن كۆیلە دەست پێدەكات، ئەو ململانێیە، كە لەپێناو ئازادی وگەڕاندنەوەی بەها مرۆییەكانە، بزوێنەری سەرەكی مێژووی مرۆڤایەتیە!.

بەو پێودانگە دەتوانین بڵێین مێژووی كۆیلایەتی بەقەد بوونی ململانێ لەسەر ژیان كۆنە، تا ئێستاش ئەو كۆیلایەتیە بەردەوامەو لەهەر سەردەمێكدا رووپۆشێكی جیاوازو تایبەت بەسەردەمەكە دەپۆشێت، هەرچەندە ماركس لەدابەشكردنی قۆناغەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، قۆناغی كۆیلایەتی وەك قۆناغی دووەم، دوای كۆمۆنەی سەرەتایی هەژماركردوەو ئینجا باس لەقۆناغەكانی تر دەكات، وەك قۆناغی دەرەبەگایەتی وسەرمایەداری وسۆسیالیستی ولەكۆتایشدا كۆمۆنیستی، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، كە لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی سێیەم،

واتە دەرەبەگایەتی كۆیلایەتی بەكۆتا دێت، چونكە كۆیلایەتی وەك ئاماژەی پێكرا ململانێیەكە لەنێوان ئازادی وبندەستی، دەستبەرداربوونە لە بەها گرنگەكانی ژیان، ئەو ململانێیە پەیوەندی بەمێژووی مرۆڤایەتییەوە هەیە وەك یەكەیەكی زیندوو لەگەڵ قۆناغەكانیدا، رووی دەرەوەی گۆڕانكاری بەسەر دادێت وبەشێوەی جیاواز پەردەپۆش دەكرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە لەقۆناغەكانی تری مێژووشدا، بەگوێرەی دابەشكردنە ماتریالییەكی مێژوو، نەك كۆیلایەتی بەكۆتا نایەت، بگرە بەردەوام دەبێت وتەنیا شێوەكەی دەگۆڕێت ولەهەر سەردەم وقۆناغێكی جیاوازدا بەشێوەیەك خۆی نمایش دەكات.

ئەمە ئەوەمان بۆ رووندەكاتەوە، ئازادی وكۆیلایەتی پەیوەندییان بە خودی ژیانی كۆمەڵگاییەوە هەیە، بەواتایەكی تر تاوەكو كۆمەڵگە دابەش بكرێت بۆ فەرمانڕەواو بەرفەرمان وبەناوی پاراستنی سەقامگیری كۆمەڵگەوە، كەسانێك دەست بەسەر دەسەڵات دابگرن وفەرمانڕەوایی بكەن، بەرامبەر ئەمەش كەسانێكی تر، لەژێر هەر بڕو بیانگەیەكدا بێت، ملكەچی فەرمانەكانی ئەوان بن، ئەوە جۆرە كۆیلایەتییەك دێتە ئارا وهەوڵدەدرێت لەپەنای زۆر شرۆڤەكردن وشیكاری ودانانی تیووری كۆمەڵایەتی وسیاسی ئەو كۆیلایەتییە بشاردرێتەوەو و شێوازێكی رەواو دادپەروەرانەی پێببەخشرێت،

واتە پاساوی رەوا بوونی بۆ بهێننەوە، بەڵام ئەو هەوڵانە هیچ لە كرۆكی كۆیلایەتییەكە ناگۆڕێت وئەو ئازادییەی دەبێتە ئامانجێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو كۆیلایەتییە هەمیشە وەك ئاگری كوانوو لەژێرەوە بڵێسە دەدات ولە دەرفەتێكدا دەتەقێتەوە، بەم چەشنە ئەو رووداوە گەورەو پڕ لەكوشت وبڕین وخوێنڕشتنانە سەرهەڵدەدەن، كە جۆرەها ناویان بۆ دەتاشرێت، هەر لەشۆڕشەوە بگرە تا دەگاتە بزووتنەوەی رزگاریخوازی و … هتد، پاشان ئەوانەی بەناوی ئازادییەوە كاریان كردووەو خەڵكیان ئاڕاستەكردووە، جارێكی تر كار لەسەر ملكەچكردن وبەكۆیلەكردنی تاكەكان دەكەنەوە،

چونكە مرۆڤی ئازاد لەگەڵ سروشتی دەسەڵاتی سیاسیدا هەڵناكات وناتوانێت بەو رادەیە ملكەچی بۆ بكات، كە دەسەڵاتەكە دەیەوێت، لەبەرئەوەی بە تێپەڕێنی كات، بەریەك كەوتنی زیاتر لەنێوان ئازادییەكان و دەسەڵاتدارەكاندا گرژتر دەبێتەوە وتا ئەو رادەیەی بەرژەوەندییەكانی دەسەڵات نەك لە پاراستنی ئازادییەكاندا نامێنێت، بەڵكو هەوڵی كەمكردنەوەو لە قالبدانی  ئازادییەكانیش دەدات ودەیەوێت بەشێوازێك لە شێوازەكان كۆیلایەتییەكی نوێ بەرهەم بهێنێت، كە بەرژەوەندییەكانی ئەو بپارێزت وتا ئەو پەڕی خەڵكەكە ملكەچی دەسەڵاتەكە بكات، تا ئەو كاتەی سەرلەنوێ خەڵك توانای بەرگەگرتنیان نامێنێت وكۆمەڵگە بەرەو تەقینەوە دەچێت ودەموچاو وبچمی نوێ هەر لەژێر پەردەی ئازادییەكان خەبات دژ كۆیلایەتی،

دەسەڵات دەگرنە دەست وبەم چەشنە قۆناغێكی نوێی تر لە ژیانی كۆمەڵگەدا دەست پێدەكاتەوە. بەتێپەڕینی كات كۆیلایەتی رەگی دادەكوتێت ودەبێتە بەشێك لەداب ونەریت وتەنانەت كەلتووریش، زۆر خەڵك نایانەوێت لەو كۆیلایەتییە رزگار بن ولەگەڵ ژیانی كۆیلایەتیدا رادێن، ئەمە تەمەنی دەسەڵاتدارەكان درێژتر دەكاتەوەو خەونەكانی ئازادی تا ئەو پەڕی لاواز دەكات، گۆڕەپانی رووبەڕوو بوونەكە لەروو زەمەنییەوە دوورتر دەخاتەوە، وەك دەڵێن شەڕی یەكلایكردنەوە، یاخود ئەگەر بكرێت ناوی بنێین، شەڕی كۆتایی مێژوو، بۆ ماوەیەك دوا دەخات،

بەڵام هەرگیز ناتوانێت بەیەكجاری رێگە بەو شەڕە بگرێت، لەبەرئەوەی تاوەكو كۆمەڵگە دابەش بووبێت بەدوو بەش، بۆئەوانەی كۆیلەن وئەوانەی خاوەن كۆیلەن، ئەو رووبەڕووبوونەوەیە دەبێتە حەتمی، بەشێك زۆر لەو شەڕە گەورانەی لەمێژوودا روویانداوە، سەرئەنجامی ئەو ململانێیە بووە، ئەوان باوەڕیان بەئازادی هەیە، شێلگیرانە كار بۆ گەڕاندنەوەی ئازادییەكانیان دەكەن وخاوەن كۆیلایەكانیش بەرگری لە پاراستن وهێشتنەوەی ئەو چێژو سوود وەرگرتنانە دەكەن، كە لەكۆیلەكردنی ئەوانەی تردا دەستیان دەكەوێت

هاوشێوە