رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

گەڕان بەدوای كۆیلایەتی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د، كامەران مەنتك

ئەمە ئەو پارادۆكسە دەخولقێنێت، كە ئەوانەی لەسەرەتادا شەڕ لەسەر ئازادییەكانیش دەكەن، دوای ئەوەی دەسەڵات دەگرنە دەست لەگەڵ خودی ئازادییەكان رووبەروو دەبنەوە، لەبەرئەوەی خودی دەسەڵات وئازادی دوو چەمكی دژەبەری یەكترن وئەگەر بەوردی كار لەسەر رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوانیان نەكرێت، یەكتر دەخۆنەوە ولرف دەكەن، چونكە وەك چۆن كۆیلایەتی ژیانی كۆمەڵگایی دەخاتە مەترسییەوە، بەهەمان شێوە ئەگەر ئازادیەكانیش بەگوێرەی قۆناغ وسەردەمەكەی خۆیان وبەگوێرەی پێویستییەكان رێكنەخرێن، كۆمەڵگە بەرەو پەرتەوازەیی وناسەقامگیری دەبەن، بۆیە زۆر بەراشكاوی دەتوانین بڵێین یەكێك لە مەترسیدارترین ئەو چەمكانەی، كە مرۆڤایەتی دایهێناوە، ئازادییە، تاوەكو ئێستا ئەگەر ئازادییەكان بەقەدەر خودی كۆیلایەتی زیانیان بە مرۆڤ نەگەیاندبێت، ئەوە زیانەكانیان هەرگیز كەمتر نەبووە،! لەبەرئەوەی رەونەقی ئازادیەكانیان هەمیشە سەرنجی خەڵكی راكێشاوەو توانای بیركردنەوەیەكی ئاوەزمەندانەی لێسەندوونەتەوە، وایلێكردوون، بە بێئەوەی بیربكەنەوە، بەدوای دروشمەكانی ئازادی بكەون وشێلگیرانە خۆیان لە پێناویدا بكەنە قوربانی!.

 لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئازادی چەمكێكە زۆر لە چەمكی كۆیلایەتی ئاڵۆزترە، كۆیلایەتی ناوەكەی بەخۆیەوەو قنیات بە مرۆڤەكان دەكەن، بەو دۆخە رازی بن، كە تیایدا دەژین و بۆ ماوەیەكی مێژوویی بە بێدەنگییەوە ملكەچی خاوەن كۆیلەكان دەبن، واتە تا ئەو كاتەی دۆخەكە دەگۆڕێت و سەرەتای قۆناغێكی تر دەستپێدەكات، ئەو قۆناغەی كۆیلەكان تیایدا بە ئاگادێنەوەو درك بە ژیانی بن دەستی خۆیان دەكەن، ئەمەش لەكاتێكدا دەبێت، كە ئەو خەونانەی یۆتۆپۆپیای ئایندە بۆیان دروست دەكات، زۆر سەرنجڕاكێشتر دەبێت، لەو ژیانەی تیایدا دەژین، ئەمە وایان لێدەكات رووبەڕووی دۆخی تا رادەیەك چەقبەستووی ئێستایان ببنەوەو لە چركەیەك لە چركەكاندا، كە تەنانەت خودی خۆشیان چاوەڕوانی نین وباوەڕناكەن بەو خێراییە هەموو شتێك بگۆڕێت، تەقینەوەیەكی كۆمەڵایەتی گەورە روودەدات بنەمای سیستەمی سیاسی وئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەكەیان هەڵدەتەكێت، بەم چەشنە سەرەتای قۆناغێكی تر دەست پێدەكات، ئەوەی ئەو جۆرە پۆتۆپیانەش جوانتر دەكات و وادەكات زیاتر سەرنجی نەك بە تەنیا كۆیلەكان، بەڵكو بەشێك لە خاوەن كۆیلەكانیش رادەكێشێت،

ئازادیەكانن، ئەو ئازادیانەی ئایندە بەشێوەیەك دەڕازێننەوە و وڵاتێكی تیادا دروست دەكەن، كە زیاتر لە بەهەشت بچێت، لەم قۆناغە دروشمبازی و ئەفسووناوییەدا، وەك ئاماژەی پێكرا، بەشێك لە خاوەن كۆیلەكانیش دەكەونە ژێر كاریگەری ئەو دروشمانەو هەندێكیان موڵك وماڵی خۆیان دەبەخشنەوەو بەسەر كۆیلەكانی دابەش دەكەن وبەشانازییەوە باس لە یەكسانی وژیانێكی هاوكووف دەكەن، نمونەمان ئێجگار زۆرەو لە هەموو كۆمەڵگەیەكی مرۆڤایەتیدا، بەجیاوازی رەنگ وئاین و جوگرافیا ئەم جۆرە نمونەیەمان بەرچاو دەكەوێت، كە تارادەیەكی زۆر لەو چەمكی توانەوە، یاخود داماڵینی چینایەتییە دەچێت، كە ماركس باسی دەكات، بۆ نمونە چۆن دەرەبەگەكان، یاخود خاوەن كۆیلەكان دەستبەرداری زەوی و زاری خۆیان دەبن ودەچنە پاڵ كۆیلەكانی خۆیانەوە، جێگەی سەرنجە لە زۆربەی كاتدا، ئەگەرچی لە رووكەشدا پێشوازییان لەنێو چینە نوێیەكەیاندا لێدەكرێت، بەڵام دوایدا بەشێكی زۆر لەوانە خۆیان دەبنە قوربانی دەستی ئەو كۆیلانەی، كە لەكاتی تەقینەوەو تووڕەیدا بەرچاوی خۆیان نابینن و رەش وسپی لە یەكتر جیاناكەنەوە.

ئازادی وكۆیلایەتی، راستە دوو چەمكی دژ بەیەكن، بەڵام هاوشانی یەكتر دەڕۆن وناكرێت بە بێی یەكێكیان باس لەوەی تر بكرێت، واتە هەركاتێك باس لە كۆیلایەتی دەكرێت، بەشێوەیەك راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باس لە ئازادییەكانیش دەكرێت، لەبەرئەوەی كۆیلایەتی لە ناواخنی خۆیدا، سەرەكوتكرن و كپكردنی بڕێكی زۆر لە ئازادییەكان دەگەیەنێت، هەركاتێك باس لە ئازادیش دەكرێت، بە شێوەیەك لەشێوەكان وێناكردنی جۆرە كۆیلایەتییەك سەردەردێنێت، لەبەرئەوەی ئازادی لە بنەڕەتدا وەرگرتنەوەی بەشێكی زۆر لەو مافانەی مرۆڤە، كە لە دۆخی كۆیلایەتیدا دەستی بەسەر دادەگیرێت، یاخود چوارچێوەكەی بەرتەسك دەكرێتەوە.

لێرەدا رووبەڕووی جۆرێك لە گرفتێكی هزری دەبینەوەو پێویستە گفتوگۆی لەسەر بكەین، بۆئەوەی خوێنەر فریونەخوات و چەمكەكان بە رەهایی وەرنەگرێت، دەبێت لەوە تێبگەین، كۆیلایەتی هەرچەندە لە ترۆپك و هەڕەتی شنگ وتینی خۆیدا بێت، ناتوانێت هەموو ئازادییەكان سەركوت بكات، لەبەرئەوەی بەشێك لە ئازادییەكان وابەستەی خودی ژیانی مرۆڤەكانەو بە بێ ئەو ئازادیانە ژیان مەیسەر نابێت، بۆیە هەوڵدەدات ئەو جۆرە ئازادیانە تا رادەیەكی باش لە قالب بدات وبیخاتە خزمەت بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە، بەرامبەر ئەمە، ئازادیش هەرگیز ناتوانێت رەها بێت، لەبەرئەوەی ژیانی ناو كۆمەڵگا هەرگیز لەگەڵ ئازادی رەهادا هەڵناكات، بۆیە فەرمانڕەواكان، زۆرجاران لە پەنای بەرژەوەندی گشتی وسەقامگیری كۆمەڵگەدا هەوڵدەدەن بەشێك لە ئازادیەكان سەركوت بكەن، یاخود بەشێوەیەكی وا رێكیبخەن،

كە بواری هەناسەدانی بۆ نەهێڵنەوە، لێرەدا مرۆڤ راستەوخۆ هەست بەو تەنگ هەڵچنینە بە ئازادییەكان ناكات، بە تایبەتیش

كاتێك سیستەمی سیاسی لە قۆناغەكانی سەرەتای تەمەنی خۆیدا دەبێت و پەیوەندییەكانی نێوان ماف وئازادییەكانی بەشێوەیەكی وا تۆكمە رێكخستبێت، توانیبێتی هاوسەنگییەكی وا بێنێتە  دی، كە تاكەكان بڕێكی باش لە سەقامگیری و بەرژەوەندییە بنەڕەتییەكانیان مسۆگەر بكەن، بەڵام دوای بە هۆی گەشەسەندن وپێشكەوتنی كۆمەڵگە، بەهای ئازادییەكان گۆڕانی بەسەر دادێت و تەنانەت بەشێك لەو رەفتارانەی، كە خۆیان لە پێناویدا بەخت دەكرد، نەك هەر بەهایان نامێنێت، بگرە قۆناغەكەیان گۆڕانكاری بەسەردا دێت وبەكارهێنانی یاخود بەكارنەهێنانی وەكو یەك دەبێت وهیچ سوودێكی بۆ تاكەكان، تەنانەت بۆ كۆمەڵگەش نامێنێت! بەرامبەر ئەمەش رەفتاری نوێ لەدایك دەبێت، ئەو رەفتارە نوێیانە هەڕەشە لە فەرمانڕەواكان وكۆی سیستەمی سیاسی دەكات، ناچاری دەكات هەڵوێستی بەرامبەر وەربگرێت،

بێگومان هەر شتێكی نوێ سەرەتا وەك هەڕەشەیەك سەیر دەكرێت سیستەمی سیاسی، تەنانەت سیستەمی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەش بە ئاسانی قبووڵی ناكات، بۆیە زۆرجاران بە بیانووی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگەو هەڕەشە بۆ سەر تاكەكان، ئەو ئازادیانە سەركوت دەكرێن وشوێنێكیان لە ناو كۆمەڵگەدا بۆ ناكرێتەوە، بەڵام بە تێپەڕینی ماوەیەكی زۆرو پەرەسەندنی ئەو رەفتارە، تا ئەو رادەیەی لەلایەن خەڵكەوە وەكو شتێكی ئاسایی سەیر دەكرێت ونامۆبوونی لێدەسەنرێتەوە، ئەو كاتە قبووڵكردنی لە چوارچێوەی یاسایی وسیاسیدا ئاسانتر دەبێت ودەبێتە بەشێكی سروشت لە ژیانی ناو كۆمەڵگەدا، ئەمە خولی بازنەیی هەموو ئەو رەفتارە نوێیانە، كە لەگەڵ سەرهەڵدانی قۆناغە نوێیەكان لەدایك دەبن وپێشكەوتنی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی فەرزی دەكات.

هاوشێوە