رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان

کۆمەڵێک چالاکوانی سلێمانی دژی سووتاندنی سنەوبەرەکان داوای جووڵاندنی یاسا لە داواکاری گشتی دەکەن

Facebook
Twitter
LinkedIn

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەشێکی چیای گۆیژە سووتا و بە هۆیەوە سنەوبەرەکانی چیاکە تووشی زیان بوون، ڕۆژی ١٩\٩\٢٠٢٠ هەمان ڕووداو لە ڕێگەی کەرکووک (نزیک تاسڵووجە) لە سلێمانی ڕووی دایەوە و ئەو گومانانەی پێشتر لە سووتانی چیای گۆیژە هەبوون، زیاتری کردن.

بەشێک لە چالاکوانان و ژینگەپارێزانی سلێمانی پێیان وایە ئەم ڕووداوە یەک لە دوای یەکانە ئاسایی و لەخۆڕا نین و گومان دەکەن لەوەی تەنها ئاکامی هەڵەی هاووڵاتییان بن و بە پلانگێڕیی دەبینن بۆ داگیرکردنی ئەو جێگەیانە. لەم سۆنگەیەوە، دوای سووتانی سنەوبەرەکانی ڕێگای کەرکووک لە سلێمانی، کۆمەڵێک لەو چالاکوانانە داوایەکیان ئاڕاستەی داواکاری گشتی کردووە و ئاماژە بەوە دەکەن ئەو سووتانانە ”بەرنامە بۆ داڕێژراوە” و جگە لە زیانگەیاندن بە سروشتی ناوچەکە، چەندین موڵکی گشتی کراون بە موڵکی تایبەت و لەسەر چەند کۆمپانیایەک تاپۆ کراون”. هەروەها بەپێی دەقی یاسایی داوا لەو لایەنە دەکەن ئەرکی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت.

ئەمەی خوارەوە دەقی داواکارییەکەیە کە بە تایبەت بۆ ماڵپەڕی ئازادبوون نێردراوە:

بەڕێز/ داواکاری گشتی لە سلێمانی

بابەت/ جووڵاندنی سکاڵا

بەڕێزان، ماوەیەکە پلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بە ئاڕاستەی داگیرکردنی زۆرترین ڕووبەری دارستانەکان لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت. سووتاندنی هەزاران داری گەورە لە شاخی گۆیژە و لەسەر ڕێی نێوان تاسڵوجە و ڕاپەڕین لە ناو ئەو پلانەدان، ئەمە جگە لەوەی چەندین ساڵە تاپۆکردنی گرد و دارستانەکان و گۆڕینیان لە موڵکی گشتییەوە بۆ موڵکی تایبەت بە بەرچاوی خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەردەوامیی هەیە.

ئێمە وەک کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی شاری سلێمانی سەرنجی بەڕێزتان ڕادەکێشین بۆ ئەوەی کە شێواندنی دارستان و بڕینەوەی دار و گۆڕینی دارستانەکان بۆ پڕۆژەی بازرگانیی تایبەت، بەپێی یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٢ قەدەغە کراوە و لە مادەی چوارەمدا، بڕگەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم، بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێگا نادرێت ڕەفتار بە دارستانەکانەوە بکرێت تەنها بە یاسا نەبێت.

بۆیە داواکارین لە بەڕێزتان کە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێتان دراوە و لە چوارچێوەی ئەرکی خۆتان بۆ داکۆکیکردن و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، سکاڵای یاسایی بجووڵێنن لە دژی ئەو سووتاندن و هەوڵانە بۆ گۆڕینی ڕەگەزی دارستانەکان و کەمکردنەوەی ڕووبەری سەوزایی.

لەگەڵ ڕێزدا

داواکاران

١-پەیمان عیزەدین

٢-نیاز محمد نوری

٣-پەروین عزیزسعید

٤-عەبدوڵای مەلا نوری

٥-ڕازاو محمود فرج

٦-ئارام هادی

٧-ئاسۆس هەردی

٨- خالد سلێمان

٩- ئارام سعید

١٠-ابوبکر هەڵەدنی

١١- هیوا قادر

١٢- گەشە دارا جلال

١٣- ئارام عوسمان

١٤- جمال حمە رشید

١٥- هاوژین مەلا ئەمین

١٦- بەهمەن ئەحمەد

١٧-د. شێرکۆ محمد ئەمین

١٨-محمد صلاح مهدی

١٩- سرگوڵ رضا حسن