نووسینی: حەمە سەیدا
چەمکی دەوڵەت ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی هەیە لە فەلسەفەی سیاسیدا. هەر لە یۆنانی کۆنەوە تا ئەم سەردەمەی ئێمە، دەوڵەت هەمیشە جێگای گفتوگۆ و پرسیار بووە بۆ فەیلەسوفان. بەو پێیەی دەوڵەت وەک دەزگایەک لە کۆمەڵگەکاندا کاریگەری بەرچاوی هەبووە. بۆ نموونە؛ لە لایەنی ئابوورییەوە، دەوڵەت دەتوانێت کۆمەڵگە بەرەوو قەیرانێکی قوڵ بەرێت و توشی زۆر چەرمەسەری بکات، بەهەمان شێوە پێچەوانەکەشی ڕاستە.
لە لایەنی سیاسیشەوە، دەوڵەت دەتوانێت بارودۆخێکی زۆر گونجاو و لەبار بۆ کۆمەڵگە و تاکەکان دروست بکات. بە هەمان شێوەش دەتوانێت دەوڵەتێک بێت، تاکەکانی کۆمەڵگە بچەوسێنێتەوە و هیچ دادپەروەری و یەکسانییەک بۆ تاکەکان لە کۆمەڵگەدا فەراهەم نەکات. بەم مانا، دەوڵەت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگەکاندا دادەنێت، ئەم کاریگەرییەش دەتوانێت ئەرێنی یاخود نەرێنی بێت. هەر بۆیە قسەکردن لەسەر چەمکی دەوڵەت تا ئەم سەردەمەی ئێمە، گرنگی خۆی لەدەست نەداوە.
بۆ باکۆنین، لایەنێکی بەرچاوی دەوڵەت بریتییە لە دروستکردنی چینایەتی و لایەنگری چینێکی باڵادەستی کۆمەڵگە کە سەرمایەدارەکان و بۆرژوازییەکانن. بە مانایەکی تر، دەوڵەت لایەنگری چینێکی کۆمەڵگە دەکات و نزمی باڵادەستی کۆمەڵگە دەپارێزێت، هەر ئەمەشە دەبێتە هۆکاری چەوساندنەوەی چینی کرێکاران و جوتیاران لە لایەن بۆرژوازەکان و سەرمایەدارەکانەوە.
لێرەدا ئێمە دەمانەوێت بزانین دەوڵەت لای ئەنارشیزم و بە تایبەت تر لای باکۆنین چییە، و بۆچوونی باکۆنین سەبارەت بە دەوڵەت چۆنە. بۆیە لەم وتارەدا ئەوەندەی لە توانادا بێت هەوڵدەدەین شەنوکەوی چەند پرسێک سەبارەت بە دەوڵەت لای باکۆنین بکەین.(١)
”ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین بەسەر چەند چینێکدا دابەشکراوە، کەمینەیەک بەهرەمەندبووە لە سامانی تایبەتیی زەبەلاح، زۆرینەشمان خاوەنی شتێک نین شایەنی باس بێت. بە سروشتی خۆمان بەرەوو ئەو گریمانەیە دەڕۆین کە شتەکان هەمیشە هەر بەو جۆرە بووە، بەڵام لە ڕاستیدا، بەشی هەرە زۆری مێژووی مرۆڤ خاڵی بووە لە چین و خاوەندارێتی تایبەت و پۆلیس و سوپا. ئەمە دۆخی مرۆڤ بووە لە ماوەی نیو ملیۆن ساڵ لە گەشەی مرۆڤەوە هەتاوەکو (٥ یان ١٠ هەزار ساڵ)ی ڕابردوو”. (٢)
زۆرجار ئەنارشیزم (کە باکۆنین سەر بەم ڕێبازەیە) و سۆسیالیزم تا ڕادەی لێکچوونی یەک ئایدۆلۆژیا سەیر دەکرێن لە زۆر پرسدا، بە تایبەت تر لە پەیوەندی بە چەمکی دەوڵەتەوە. ”ئەنارشیستەکان لەگەڵ سۆسیالیستەکاندا لەسەر ئەوە کۆکن کە دەوڵەت هەمیشە لەلایەن دەوڵەمەندان و بەهێزەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێت و ئەمەی کە یاسادانانەکەی بەشێوەیەکی حەتمی لە بەرژەوەندیی نوخبەی باڵادەستە”. (٣)
ئەنارشیستەکان لەگەڵ سۆسیالیستەکان و کۆمۆنیستەکانیشدا سەبارەت بە چەمکی دەوڵەت تا ڕادەیەک بۆچوونێکی نزیکیان هەیە. ئەنارشیستەکان پێیان وایە دەوڵەت وەک دامەزراوەیەک لایەنگری کەمینەیەکی باڵادەستە بۆ چەوساندنەوەی چینەکانی تر. ” ئەنارشیزم ڕەخنە لە توخمە سەرەکیەکانی دەوڵەتی مۆدێرن دەگرێت و زەرورەتی بوونیان ڕەتدەکاتەوە. ئەم توخمانەش بریتیین لە: سەروەری و ئۆتۆریتەگەرایی دەوڵەت، پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی داد بەسەر خەڵکدا و داراییە هەنوکەییەکان لە سنووری وڵاتێک، پراکتیزەکردنی توندوتیژی بۆ پتەوکردنی ئۆتۆریتەی دەوڵەت لە بەرامبەر هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، سیستەمی یاسایی دەوڵەت”. (٤)
بێگومان ئەنارشیزم تەنها دژایەتی دەوڵەت ناکات وەک دەسەڵاتێکی سیاسی، بەڵکو ئەو دژی هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی و هەموو کۆمەڵگەیەکی هیرارکییە. ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین ناساندنێکی کورت و پوخت بۆ ئەنارشیزم[1] بکەین، و بەتایبەتیش ئەو ئەنارشیزمەی کە باکۆنین دامەزرێنەرێتی کە پێی دەوترێ ئەنارشیزمی کۆمەڵگەرایی یاخود دەستەجەمعی. لەگەڵ ئەمەشدا باس لەو جیاوازییانەی ڕوانگەی باکۆنین دەکەین لەمەڕ پرسی دەوڵەت و کۆمەڵە پرسێکی تر کە ئەنارشیزم یاخود باکۆنین جیا دەکاتەوە لە هەر ڕێبازێکی تری فەلسەفی-سیاسی.
تێگەیشتن لە زاراوەی ئەنارشیزم ئاسانکارییەکی زۆرمان بۆ دەکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی لە ئەنارشیزم و ئەو کۆمەڵگەیەی باکۆنین داوای دەکات تێبگەین. ” زاراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ وشەی یۆنانی ”ئانارکیا” کە بە مانای ”بەبێ فەرمانڕەوا” یان ”بەبێ دەسەڵات” دێت. ئەمە واتای نەبوونی باڵادەستی، هیرارکی و دەسەڵات بەسەر ئەوانی تردا دەگەیەنێت”. (٥)
هەر لە تێگەیشتن لە خودی زاراوەی ئەنارشیزمەوە، ڕووندەبێتەوە کە ئەوانەی سەر بەم ڕێبازەن یاخود لەم چوارچێوەیەدا فەلسەفەی خۆیان داڕشتووە، دژی هەموو جۆرە دەسەڵاتێکن کە لەسەرەوە بۆ خوارەوە بێت، بە مانایەکی تر، ئەنارشیستەکان دژی حوکمەتن بە هەموو فۆڕمەکانیەوە، بێگومان باکۆنینیش بەدەر نییە لەم جۆرە بیرکردنەوەیە.
” باکۆنین بە داهێنەری ئەنارشیزمی کۆمەڵگەرایی ناسراوە. ئەم ڕێبازەی ئەنارشیزم جیاوازیی لەگەڵ سۆسیالیستی- مارکسیدا لە (دوو) خاڵدایە:
یەکەم: پاش ئەوەی هۆکاری بەرهەمهێنان دەبێتە موڵکی پڕۆلیتاریا، دەبێت کرێکار بەگوێرەی کار-توانای بەرهەمهێنانی خۆی کرێ- هەقدەست وەربگرێت، نەک وەک مارکس دەیویست هەر کەسە بەگوێرەی پێویستی خۆی پارە وەربگرێت.
دووەم: باکۆنین دژی هەموو جۆرە دەسەڵاتێک بووە، بە دەسەڵاتی پرۆلیتاریاشەوە، بۆیە لەگەڵ مارکسدا، دژبوون”.(٦)
کەواتە لێرەوە جیاوازییەکان دروست دەبن، باکۆنین بەهەمان شێوەی مارکس پێی وابوو کە دەوڵەت لە ڕێگەی شۆڕشێکەوە لەسەر دەستی چینی چەوساوە لەناو دەچێت. بەڵام باکۆنین دژی هەموو جۆرە دەسەڵاتداری و دیکتاتۆریەتێکە بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریاشەوە. هەر وەک خۆی لە ”ساڵی (١٨٧١) دەڵێت: پێویستە بە یەک وشە، هەموو یاسا و دەسەڵات و هەژموونە جیاکار و یاساییەکان و فەرمی و نافەرمییەکان ڕەتبکەینەوە، تەنانەت ئەگەر لە ئەنجامی دەنگدانی گشتیشدا هاتبنە ئاراوە. هەروەها لە ساڵی (١٨٧٢)ش دەڵێت: هیچ ڕێکەوتنێکی سیاسی و ئەنجوومەنی دامەزرێنەران و حوکمەتە کاتییەکان-یاخود ئەوانەی ناویان دیکتاتۆرییەتی شۆڕشگێڕییە- قبووڵ ناکەین، تەنانەت ئەگەر مەبەست لێیان قۆناغی ڕاگوزەری شۆڕشگێڕیش بێت”.(٧)
هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت بۆ باکۆنین، بەو مانایە دێت کە دەستبەجێ دەوڵەت دەبێ هەڵبوەشێنرێتەوە و دوای ئەوە هیچ حوکمەتێک یاخود دەسەڵاتێک نابێت فەرمانڕەوایی بکات، لەکاتێکدا لای مارکس ئەم پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتە لەناو قۆناغەکانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا جێکەوتکردووە، هەر لەوێشدا بەرنامە و ڕێوشوێنی بۆ داناوە.
”باکۆنین بۆ یەکەمین جار زاراوەی (ئەنارشیزمی کۆمەڵگەرایی) بەکارهێنا لە کۆنگرەی دووەمی کۆمەڵەی ئاشتی و ئازادی لە بێرن، لە ساڵی (١٨٦٨). کۆمەڵگەراکان باوەڕیان وا بوو کە دەوڵەت دەبێ هەڵبوەشێتەوە و ئابووری لەسەر بنەمای کۆنتڕۆڵ و خاوەندارێتی هاوبەش لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی بەرهەمهێنەرانەوە ڕێک بخرێت. ئەوان هیوادار بوون موڵکایەتی تایبەت سنووردار بکەن بە بەرهەمی ئیشی تاکەکەس، بەڵام دەیانگوت دەبێ خاوەندارێتی هاوبەشی زەوی و هەموو ئامرازەکانی تری بەرهەمهێنان هەبێت”.(٨)
ئەنارشیزمی باکۆنین کاریگەری پرۆدۆنی بەسەرەوە بوو بەڵام باکۆنین جیاواز لە پرۆدۆن، بانگەشەی توندوتیژی و کاری شۆڕشگێڕی دەکرد بەرامبەر سەرمایەداران و خاوەن زەوییەکان، بە بۆچوونی باکۆنین ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و زەوییەکان دەبێت هاوبەشی پێبکرێت. خودی باکۆنین وەک پاڵنەرێکی سیاسی کاری دەکرد و هەوڵی زۆری دەدا کە لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی شۆڕشێک دروست بکات. ” ئەو لەکات و ساتی شۆڕش، کە ئۆتۆریتەی دەوڵەت بە هەموو یاسا و ڕێساکانی ورد دەبوو، پڕ دەبوو لە خۆشی ژیان. ئەو زیاتر لە ئەنارشیستەکانی تر، جەختی لەسەر گرنگی خەبات و شۆڕش دەکردەوە و زۆرتر باسی لەم بابەتە دەکرد کە هەمیشە دەتوانین بارودۆخی بێ دەوڵەت بگەڕێنینەوە”.(٩)
باکۆنین پێی وایە مرۆڤ بوونێکی کۆمەڵایەتی هەیە، مرۆڤەکان توانیویانە بەبێ دەوڵەتیش ژیانی خۆیان ببەنەسەر، بەڵگە بۆ ئەمەش ”زانستی ئەنترۆپۆلۆژیا (مرۆڤناسی)یە کە بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر سەلماندوویەتی، کە مرۆڤەکان دەتوانن لە کۆمەڵگەدا بەبێ دەوڵەت و حوکمەتیش بژین و کۆمەڵگەکەشیان کۆمەڵگەیەکی دوور لە ئاژاوە بێت، بە جۆرێک ئەگەر ئاستی ڕێکخستنی ئەو کۆمەڵگەیە لە کۆمەڵگەکانی ئێمە زۆرتر نەبێت کەمتر نییە”.(١٠) لەگەڵ ئەمەشدا ”چەندین هۆکاری جێباوەڕ هەن کە دۆخی نەبوونی دەوڵەت لە کۆمەڵگەدا، نموونەیەکی باڵادەست بووە بە درێژایی هەزاران ساڵ، هەر لە سەرەتای کۆمەڵگەی مرۆییەوە، هەتا ئەو دەمەی لەگەڵ دەرکەوتنی کشتوکاڵ و ماڵداری و خاوەندارێتی تایبەت پێش (٥٠٠٠-١٠٠٠٠ ساڵ) لە ئێستا، کۆمەڵگە دابەش دەبێت بۆ چینەکان”.(١١)
کەواتە باکۆنین بەشێوەیەکی ڕەها دەوڵەت ڕەتدەکاتەوە ئەگەر ئەم دەوڵەتە کاتی و شۆڕشگێڕیش بێت، چونکە پێی وایە هەموو دەوڵەتێک دواجار دەچێتە دەستی کەمینەیەک و ئەوانی تر دەچەوسێنێتەوە و ئازادییان قۆرخدەکات. بەڵام لێرەوە پرسیارێک دێتە ئاراوە؛ کاتێک دەوڵەتە کۆنەکە هەڵوەشایەوە چ شتێک دەبێتە جێگرەوەی. بە مانایەکی تر، کاتێک لەڕێی شۆڕشەوە ئەم دەوڵەتە کۆنە لەناو دەچێت، دوای ئەوە ئەڵتەرناتیڤ چییە بۆ کۆمەڵگە؟
” تاکە وەڵام بۆ ئەم پرسیارە کە لەگەڵ پرەنسیپەکانی ئەنارشیزمدا بگونجێت، ئەوەیە کە دەوڵەتە کۆنەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن خۆبەڕێوبەرییەکی (نا دەوڵەت و) بێ دەوڵەتەوە جێگەی دەگیرێتەوە، نەوەک بە حوکمەت یاخود دەسەڵاتێکی ناوەندی”.(١٢) بەم مانا دوای هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت نابێت دەوڵەتێکی کاتی و ڕاگوزەر دابمەزرێنین وەک ئەوەی لای مارکس هەیە، چونکە بۆ باکۆنین مانەوە و بوونی دەوڵەتێک دوای شۆڕش ئەکرێت بەهەمان شێوە کەسانی خاوەن دەسەڵاتی دەوڵەتە نوێیەکە ببن بە گەندەڵکار، واتا ببن بە دیکتاتۆرێکی نوێ. کەواتە ”ئەنارشیزم سوورە لەسەر ئەوەی کە بوونی دەوڵەت، لە فۆڕمی دەستەیەکی تایبەتی پێکهاتوو لە پیاوان (و ژنان) کە پراکتیکی دەسەڵاتی یاسایی و ماتڕیاڵی کۆی کۆمەڵگە بکات، ستەمکارە و ناکۆکە لەگەڵ ئازادیی ڕاستەقینەی مرۆڤدا. بۆ بەرگرتن بەم سەرکوتکاری و بەرتەسکردنەوەی ئازادییە، ئەنارشیستەکان پێیانوایە پێویستە حوکمی دەوڵەت بگۆڕدرێت بۆ جڤاتێکی خۆبەڕێوبەری، واتە دەستەیەک کە هیچ دەسەڵاتێکی مەرکەزیی باڵای نەبێت”.(١٣)
باکۆنین پێی وابوو ویژدان و عەقڵ بەسن بۆ حوکمڕانیی مرۆڤایەتی، واتا بۆ ئەوەی کۆی مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی یەکسان و ئازاد و دادپەروەرانە بژین پێکەوە و هاوکاری یەکتری بکەن، لە ڕێگەی دروستکردنی ڕێکخراوە ڕەمەکییە جەماوەرییەکان(کۆمۆنی سەربەخۆ) دەتوانن وەڵامگۆی فرەڕەنگیی گەشەکردووی پێویستییەکان و بەرژەوەندییەکان بن.
هەر بۆیە ” باکۆنین تیۆری سیاسی خۆی بە کۆلکتیویزم یاخود کۆباوەڕی ناو دەبات. ئەمڕۆ بە سادەیی ئەگەری ئەوە هەیە لەم وشە بە هەڵە تێبگەین. هەنوکە کۆلکتیڤ بەواتای ڕێکخستنی جێگیرە کە لەسەرەوە بەڕێوەدەچێت نەک بە واتایەک کە لەلای باکۆنین واتای هەبوو؛ واتا هاوبەندبوونی خۆویستی مرۆڤەکان. لە کۆمەڵگەی ئەنارشیستی باکۆنیندا، تاکەکان لەو کۆمۆنانەی کە بە شێوەی خۆویست پێکهاتووە ژیان دەکەن و هەر کاتێک بیانەوێ بەجێی دەهێڵن”.(١٤)
کەواتە ئەگەر هەموو ئەمانە پوخت بکەینەوە، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە؛ باکۆنین دژی هەموو جۆرە دەسەڵاتێک، فەرمانڕەواییەک، دەوڵەتێک (بە دەوڵەتی شۆڕشگێڕی یان کرێکارییشەوە)، و حوکمەتێکە کە فۆڕمێکی لەسەرەوە بۆ خوارەوەی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە کاتێک دەوڵەت لە ڕێی شۆڕشەوە هەڵدەوەشێتەوە، کۆمەڵگە پێویستە لەڕێگای کۆمۆنی سەربەخۆوە خۆی بەڕێوەبەرێت و مرۆڤەکان پێویستە بە تەبایی و هاوکاریکردنی یەکتر بژین. بەم مانا باکۆنین هیچ فۆڕمێکی حوکمداری قبوڵناکات و پێشی وایە دادپەروەری و ئازادی ڕاستەقینە لەو کۆمەڵگەیەدا بەدی دێت کە هیچ فۆڕمێکی فەرمانڕەوایی و دەوڵەتداریی و حوکمڕانیی تێدا نەبێت.
(پەراوێزەکان)
(١)ئەو سەرچاوانەی لەم وتارەدا بەکار هاتوون خراونەتە نێو ئەم هێمایەوە ” ”.
(٢) مارکسیزم چۆن کاردەکات؟: کریس هارمەن، (وەڕگێڕانی لە عەرەبیەوە: بابان ئەنوەر)، لا٤٧، چاپخانەی دلێر، (٢٠١٦)، لە بڵاوکراوەکانی: دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە.
(٣) ئەنارشیزم: کۆمەڵێک نووسەر، (و: کارزان کاوسێن-ئارام مەحمود-ئەردەڵان عەبدوڵڵا-شاهۆ عوسمان)، لا٢٤٥، چاپخانەی حەمدی، (٢٠١٩)، لە بڵاوکراوەکانی: دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە.
(٤) مێژووی فەلسەفەی سیاسی لە ئەفلاتوونەوە تا هابرماس: سڤێن ئەریک لیدمان، (و: عەبدوڵڵا رەسولی)، لا٢٦٥، چاپخانەی چوارچرا، چاپی سێیەم، (٢٠١٦)، لە بڵاوکراوەکانی: خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا.
(٥) کۆمەڵێک نووسەر، هەمان سەرچاوە، لا١١.
(٦) لێکسیکۆنی هزر و فەلسەفە: کەریم مستەفا، لا٩٦٢، چاپخانەی ناوەندی ڕەهەند، چاپی یەکەم، (٢٠٢١)، سلێمانی، لە بڵاوکراوەکانی: ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند.
(٧) ئەنارشیزم لە ڕوانگەی ڕەخنەی مارکسیزمەوە: جۆن مالینۆ، (و: بابان ئەنوەر)، لا١٥٤، (٢٠١٧)، چاپخانەی حەمدی، لە بڵاوکراوەکانی: دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە.
(٨) کۆمەڵێک نووسەر، هەمان سەرچاوە، لا٢٢١.
(٩) سڤێن ئەریک لیدمان، هەمان سەرچاوە، لا٢٧٣.
(١٠) جۆن مالینۆ، هەمان سەرچاوە، لا٦٦-٦٧.
(١١) جۆن مالینۆ، هەمان سەرچاوە، لا٦٧-٦٨.
(١٢) جۆن مالینۆ، هەمان، لا٧٣.
(١٣) جۆن مالینۆ، هەمان، لا٦٥.
(١٤) سڤێن ئەریک لیدمان، هەمان سەرچاوە، لا٢٧٣-٢٧٤.
[1] لەم بەشەدا هەر چەمکێکی ئەنارشیزم یان ئەنارشیستەکان کە بەکاردێت، بێگومان مەبەستمان لە باکۆنینیشە نەک ئەنارشیزم وەک ڕێبازێک بە تەنها.