بابەت: (هونەری وێرانکردنی خود)
نووسین: کامەران محەمەد
چیرۆکی کورد، ئەگەر لەسەر سەکۆی شانۆیەک بنوێنرێت، ئەوا بەدڵنییاییەوە تێکەڵێک دەبێت لە (کۆمیدیا) و (تراژیدیا) و (بێهودەییەکی تەواو). داستانێکی لێوان لێوە لە دڵسۆزیی، بەڵام بۆ خود نا! بەڵکو بۆ شوێنێکی تر، دوژمنەکان لە باوەش گیراون و هەموو سەرچاوە و دەرامەتێکی نیشتمان بۆ ڕوخاندنی خود بەکارهێنراوە. بە دەگمەن میللەتێک دەبینرێت بەو ئەندازەیە و بە پەرۆشەوە دژی خۆی کاری کردبێت، ئەمەش دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی بۆ مێژوونووسان و داگیرکەران و تەماشاکەرانی وەک یەک فەراهەم کردووە.
مەملەکەتی خێڵەکان
لە ڕابردووییەکی تا ئەندازەیەک نزیکدا، کورد پاڵەوانی ململانێی خێڵەکیی بوو. چیاکانیان بە ناکۆکی و ململانێی توند لەسەر شەرەف و زەوی و لەوەڕگا و پاوەنی مەڕ و ماڵاتەکانیان دەنگیان دەدایەوە. بەڵام تەنانەت لە گەرمەی جەنگ و خوێنڕشتنەکانیشیاندا ڕێسا و یاسایان هەبوو. واتە هەندێ سنوور هەبوو، کە نەدەبەزێنرا! (سەرەڕای نموونە میژووییەکان، لەنێو ئەدەبیاتی زارەکیشیاندا ڕەنگ دەداتەوە، بەتایبەت لە پەندی پێشینانیاندا). کاتێکیش داگیرکەرێک هێرشی دەهێنایە سەریان، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی دەبوونەوە،
بەڵام هەمیشە کەلێنێک هەبوو، بۆئەوەی بتوانێت بە ئاسانی بەشێکیان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و پەرتیان بکات و دواتر ناوەندگیرییان بکات و لە گفتوگۆکردنەکەشدا بەتەواویی دەیخستنە ژێر هەژموونی خۆیەوە، هەرکاتێکیش بیویستایە، دەیخستنەوە جەنگەوە، جا چ لەنێو خۆیاندا، یان لەگەڵ دوژمنەکەی خۆی (واتە داگیرکەرەکە) دەیدان بەشەڕ و هەر خۆشی ناوەندگیریی لەنێویاندا دەکرد.
لەمەدا زۆر لە خێڵە سکۆتلەندییەکانی سەردەمی ولیام واڵاس دەچوون، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام لەسەر زەوی و نازناوەکان شەڕیان دەکرد، بەڵام کاتێک ئینگلیزەکان پێیان خستە سەر خاکەکەیان، لە ژێر ئاڵاکەی ویلیام واڵاسدا کۆبوونەوە، کاتێکیش لەسەرکەوتن نزیک بوونەوە، هەر خۆیان خیانەتیان لەخۆیان کرد.
بەمشێوەیە کوردەکان ململانێ و جەنگە خێڵەکییەکانیان کردووە بە تابلۆیەکی هونەریی و پاشان فڵچەی بۆیاخەکەیان داوەتە دەست دوژمنەکانیان.
پارتە سیاسییەکان
ئێستا دەچینە نێو سەردەمی مۆدێرنەوە، سەردەمێک کە بنەماڵە و خێڵەکان کاڵا و ئاڵایان لەبەر کردوو و خۆیان وەک حزبی سیاسی ناوزەد کرد. لەگەڵ ئەم ناولێنانە نوێیەدا ئامرازگەلێکی نوێش هاتە ئاراوە: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕیی، گوێگرتن لە تەلەفۆن و دەزگا هەواڵگرییەکان و …تاد. لەسەر ئەوانەش ڕایانهێنان! واتە لەلایەن ئەو زلهێزانەی کە چەندین سەدە بوو، سەرگەرمی پارچه پارچەکردنی خاکی کوردستان بوون و بچووکیان دەکردەوە و بەڕێوەیان دەبرد.
بلیمەتیی ئەم سیستمە سەرسوڕهێنەربوو. ئیتر داگیرکەران پێویستیان بەوە نەما کوردەکان دابەش بکەن، بەڵکو ئەوان خۆیان ئەو کارەیان بۆ ئەنجام دەدان. ئەوان دەزگای سیخوڕیی و هەواڵگریی دروست دەکەن، نەک بۆ سیخوڕیکردن بەسەر داگیرکەرەکانیانەوە، بەڵکو بۆ چاودێریکردنی یەکتر.
کاتێک ئەندامیان وەردەگرت، بۆ دزەکردنە ناو ڕیزەکانی دوژمن نەبوو، بەڵکو بۆ دزەکردنە ناو حزبە کوردییە ڕکابەرەکانیانەوە بوو. بەشێوەیەک ئەگەر ئەمڕۆ ماکیاڤێلی لە ژیاندا بوایە، ئەوا بەدڵنییاییەوە کتێبێکی گرنگتری لە (میر) لەسەر ئەم ڕەوشەی کورد دەنووسی.
ئاشکرایە تەواوی دەزگە هەواڵگریەكانی دەوڵەتان بەرەو دەرەوە ئاڕاستە دەکرێن، واتە هەموو توانایەکی خۆیان بۆ لاوازکردنی دوژمنەکانیان دەخەنە کار. بەڵام کوردەکان بلیمەتن لە هونەری گۆڕینی ئامرەزەکانیان بەرەو ناوەوە، بەشێوەیەک کە پارچە پارچە بوونی خۆیان زامن دەکەن، لە کاتێکدا دوژمنەکانیان سەیریان دەکەن و چەپڵەیان بۆ لێدەدەن.
کۆمیدیای هەڵەکان
لە هەر دەوڵەتێکی تردا، بیرۆکەی دروستکردنی دەزگای هەواڵگریی لەلایەن دوژمنە بیانییەکانەوە یان ڕاهێنانی سیخوڕیکردن لەلایەن داگیرکەرانەوە، جێگەی گاڵتەجاڕییە.
بەڵام ئەمە دەقاودەق شێوازی کارکردنی حیزبە کوردییەکانە. هەموو هەوڵەکانیان لە لاوازکردن و ڕووخاندنی پارتە ڕکابەرەکان نەک داگیرکەراندا چڕ دەکەنەوە. سەرکردە سیاسییەکان لە کاتێکدا لەسەر مێزەکان لەگەڵ دوژمنەکانیان دادەنیشن و بەشانازیی و گەورەیی لێی دەڕوانن،
واتە ئەو کەسایەتییانەی کە ئاسایشی دەوڵەتەکانی خۆیان لەسەر خوێن و فرمێسکی کوردەکان بونیادناوە! بەڵام کە دێنەوە نیشتمان باسی کوردایەتی دەکەن و لەنێو خۆیاندا تۆمەتی خیانەتکردن بەسەر یەکدا دەبەخشنەوە و ڕق و کینە دروست دەکەن و ئاسایشی کۆمەڵایەتی کۆمەڵ تێک دەدەن. بەشێوەیەک ئەگەر خەڵاتی نۆبڵ بۆ خۆخۆری هەبووایە، ئەوا کورد ساڵانە بەدەستی دەهێنا.
ئاسۆی تاریک
جیهان لە پێشکەوتنێکی سەرسوڕهێنەردایە، تەکنەلۆژیا و دیپلۆماسییەت داهاتوو دروست و ئاڕاستە دەکەن. هاوکات کوردەکان خەریکن لە هونەری وێرانکردنی خۆیاندا دەبنە پرۆفیسۆر. زەوییە بەپیتەکانیان کە بە نەوت و سەرچاوە جۆراوجۆرەکان دەوڵەمەندن، دەبوایە بناغەی دەوڵەتێکی گەشەسەندوویان پێ دابمەزراندایە. بەڵام ئەوان کردوویانە بە گۆڕەپانی شەڕی بە وەکالەت! واتە نەک دوژمنەکانیان، بەڵکو لەلایەن حیزبە سیاسییەکانی خۆیانەوە بۆ فەرمان و بەرژەوەندی ئەوان ئەنجام دەدرێن.
لێرەدا جێی خۆیەتی کە بپرسین: چی دەمێنێتەوە کاتێک گەورەترین دوژمنی نەتەوەیەک خودی خۆی بێت؟ کاتێک ئامرازەکانی ئازادی بۆ توندکردنەوەی زنجیرەکانی چەوساندنەوە و سەرکوتکردن بەکاردەهێنرێت؟ دواتر ئایا میللەتێک دەتوانێت بە ڕاستی ڕزگاری بەدەست بهێنێت،
کاتێک سەرکردەکانی زیاتر سەرنجیان لەسەر ململانێ ناوخۆییەکان بێت نەک هەڕەشە دەرەکییەکان؟ هاوکات چی دەوترێت دەربارەی گەلێک کاتێک گەورەترین (سەرکەوتنەکان!)ی ئەوانە بن، کە بەسەر براکانیاندا بەدەستیان هێنابێت؟ هەروەها ئایا بەڕاستی نموونەیەکی مێژوویی هەیە بۆ ئەو جۆرە برینە خودییانە، یان کورد شێوەیەکی نوێی مەرگەساتی نیشتمانی دادەهێنێت؟
لێرەدا کوردەکان دوو ڕێگەیان لەبەردەمدایە، کە بیگرنە بەر: یان دەبێت سوود لە ئەزموونەکانی مێژوو وەربگرن (کە بەداخەوە تا ئێستا وەریان نەگرتووە!). بۆ نموونە جولەکەکان، کە بۆ دروستکردنی نیشتمانێک توانیان لەسەر خاکی میللەتێکی تر پەرتەوازەیی چەندین سەدەی خۆیان کۆتایی پێبهێنن (لێرەدا دەزانین جیاوازییەکی گەورە لەنێوان کورد و جولەکەدا هەیە، بەڵام تەنها مەبەست لە یەکخستن و بونیاد نانە). یان وەک ڤێتنامییەکان بکەن، کە بە زیرەکی و ئازایەتییان توانیان خۆیان لەژێردەستیی دوو زلهێزی جیهانیی ڕزگار بکەن.
ئەگەر ئەمەیان نەکرد (کە تا ئێستا بەلایدا نەڕۆیشتوون)، ئەوا دەبێت لەو قۆزاخەیەدا بمێننەوە و بەیەک شێوازی دیاریکراو ژیان بەرهەم بهێننەوە، کە تا ئێستا لەسەری ڕاهاتوون، ئەمەش ئەو هەلە بۆ مێژوونووسان دەڕەخسێنێت، کە لەوە بکۆڵنەوە کە چۆن میللەتێک لەناوبردن و ڕوخاندنی خودی خۆی کردوەتە هونەرێکی جوان و ئاست بەرز! بەڵام دەبێت ئەوە لەبیر نەکات: کە جیهان لە بزووتنەوەکەی خۆی بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەڵام بە گاڵتەجاڕيیەکانی کورد پێدەکەنێت! چیاکان دەمێننەوە و بە بێدەنگی چاودێری ئەوە دەکەن، کە کورد تراژیکۆمیدیای خۆی دەنووسێتەوە.
٤/١٢/٢٠٢٤