رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان

کایە دراوسێکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د.شاهۆ سەعید

١. لۆجیک Logic: بە درێژایی مێژوو لۆجیک ئامرازی بیرکردنەوەی دروست و پێوەری هەڵسەنگاندنی ئارگیومێنت بووە بە پێودانگی ئەقڵ Syllogism. لۆجیک وەک میتۆدی بیرکردنەوە لە ناوەندە فەلسەفی و ئاینیەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا بایەخی زۆری پێدراوە. ئەو کاریگەرییە درێژدەبێتەوە بۆ سەردەمی ئێستامان؛ بەڵام لە بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا زیاتر بایەخ بە لۆجیکی نافەرمی دەدرێت کە بە بەراورد لەگەڵ لۆجیکی فەرمیی کۆندا کراوەتر و نەرمترە و لەئاستی تێگەیشتنی فێرخوازدایە لە سەرجەم قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا.

ئەم مۆدێلە نوێیەی لۆجیک کەمتر بایەخ بە یاسا ئەبستراکت و پەتییەکانی بیرکردنەوە دەدات، دەسبەجێ لە ئارگیومێنت و بەڵگەسازییەو دەست پێدەکات، پشتئەستور بە کۆمەڵێک یاسای پێشوەخت کە پەیوەندیی بە لۆجیکی فەرمییەوە هەیە، لەپاڵ کۆمەڵێک یاسای پاشوەخت کە لە چرکەساتی وتوێژ و بیرکردنەوەدا لە دایک دەبن و لە نێوکۆیەکەوە بۆ نێوکۆیەکی تر گۆڕانیان بەسەر دێت.

هەڵسەنگاندنی لۆجیکی بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤ زۆرجار فۆرمێکی ڕەمزیی و ماتماتیکی وەردەگرێت؛ واتە لۆجیک پێکهاتەکانی بیرکردنەوە و ئارگیومێنت تەرجەمەدەکات بۆ کۆمەڵێک هێما و هاوکێشەی زەینی، پاشان هەڵسەنگاندن و نرخاندن بۆ ئەو هێما و هاوکێشانە دەکات.

٢. داهێنان و چارەدۆزی Creativity and Problem Solving: لەنێوان بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بیرکردنەوەی داهێنەرانەدا پەیوەندییەکی یەکتەواوکەر هەیە، چونکە ئامانجی سەرەکی هەردوو جۆرەکەی بیرکردنەوە بریتییە لە چارەدۆزی بۆ کێشەکان. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هاوکارێکی باشە بۆ دەستنیشانکردن و ناسینی کێشەکان، بۆ هەڵاوێرکردن و جیاکردنەوەی کێشەی لاوەکی لە کێشەی جەوهەریی، بۆ گومانکردن لە دیدگای باو سەبارەت بە هۆکاری کێشەکان و مێکانیزمی چارەسەرکردنیان. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هاوکاریمان دەکات پێشبایەخی  Priority بۆ هۆکاری کێشەکان و چارەسەرە پێشنیازکراوەکان دابنێن، واتە لیستی هۆکار و چارەسەرەکان لە گرنگترینەوە بۆ لاوەکیترین ئامادەبکەین.

بە درێژایی مێژوو بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هاوڕێی بیرکردنەوەی داهێنەرانە بووە، چونکە داهێنان لە هەموو بوارە زانستی و مرۆیی و هونەریەکاندا پشتئەستورە بە ڕاستکردنەوەی بەردەوامی بیرۆکە پێشوەختەکان، ئەو بیرۆکانەی کە لە کاتی خۆیان و لەنێوکۆی خۆیاندا شیاوترین و بەردەسترین چارەسەر بوون؛ بەڵام بە تێپەڕینی کات و جیاوازیی ‌شوێن و بەپێی پەرەسەندنەکان پێویستی کردووە رەتبکرێنەوە، یان هەموار بکرێنەوە، یان گەشەیان پێبدرێت.

٣. پێداگۆجی Pedagogy: یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بریتیە لە شۆڕکردنەوەی بیرکردنەوە بۆ هەموو کایەکانی کۆمەڵگا، کە گرنگترینیان کایەی فێرکردن و پێگەیاندنی مرۆڤە لە ناو خێزان و باخچە و قوتابخانە و قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا. مرۆڤەکان قوتابی بن یان مامۆستا، سەر بە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی و هەر رەگەز و هەر هەستیارییەک بن پێویستیان بە خستنەگەڕی تواناکانی ئەقڵ و بەهرەکانی بیرکردنەوەیە.

ئەم ستراتیجە پەروەردەییە پێگەیەکی سەنتراڵ دەبەخشێتە قوتابی و فێرخواز؛ بەڵام پێگەی مامۆستاش نادیدە ناگرێت؛ چونکە ئەو مامۆستایەی پێداگۆجی ڕەخنەیی پەیڕەو دەکات دەبێتە بزوێنەری بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەناو کڵاسدا، لە دەرەوەی کڵاسیش وەک فێرخواز سەرقاڵی خۆپێگەیاندن و فێربوونی بەردەوامە. سەرەنجام ئەم پرۆسەیە وێنەیەکی بازنەیی وەردەگرێت و بە شێوازێکی بەرهەمهدار دووبارەدەبێتەوە.

پێداگۆجی ڕەخنەیی لەسەر ئاستی پراکتیکی پێویستی بە فەلسەفەیەکی پەروەردەیی ڕۆشن هەیە کە دەبێت لە پرۆگرامی خوێندن و میتۆدۆڵۆجیای وانەووتنەوەدا رەنگ بداتەوە. کارێکی لەو جۆرە پێوستی بە ریفۆرمی بەردەوامی پرۆگرامەکان و پرۆڤە و راهێنانی بەردەوامی مامۆستایانە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێودانگ و پێوەری دڵنیایی جۆری، کە دەبێت تایبەتمەندیی قۆناغەکانی فێربوون و تایبەتمەندیی کۆرس و وانەکان و تەنانەت تایبەتمەندیی هەر فێرخوازێک بەجیا لەبەرچاو بگرێت.

٤. مێتۆدۆڵۆجیای توێژینەوە Research Methodology: ئامراز و کارامەییەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی گرنگترین هاوکاری توێژەرانن، لە هەموو کایە و زانستە جیاوازەکاندا، بۆ پشکنین و پرسیارکردن دەربارەی ڕەوایەتی زانیاری و بەڵگەکان، هەڵێنجانی ئاکام و دەرەنجامەکان. هەموو توێژینەوەیەک بریتیە لە ئارگیومێنتێکی سەرەکی کە لە شێوەی گریمانەی توێژینەوە Hypothesis یان لە شێوەی بیرۆکەیەکی سەرەکیدا دەخرێتەڕوو؛ لەپاڵ کۆمەڵێک ئارگیومێنتی فەرعیدا بۆ سەلماندنی ئارگیومێنتی یەکەم. توێژەر بۆ سەلماندنی گریمانە پەنا بۆ ئامرازەکانی هۆدۆزی و بەڵگەسازی دەبات، کە گرنگترینیان هەردوو ئامرازی سۆراخکاریی و ئەنجامگیرییە، یەکەمیان هاوکاری توێژەر دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی و داتا و هەڵێنجانی دەرەنجام لەبارەیانەوە، دووەمیشیان هاوکاریی توێژەر دەکات بۆ جێبەجێکردنی یاسا گشتیەکان بەسەر سامپڵ و دیاردەکاندا.

ئامرازێکی تری گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کە هاوکاری توێژەران دەکات بریتییە لە خوێندنەوە و شیکاریی ڕەخنەیی بۆ سەرچاوە و توێژینەوە ئەکادێمییەکان؛ چونکە توێژەرانیش، هەروەک کەسانی ئاسایی، دەشێت بەهۆی نەبوونی زانیاریی پێویست، یان لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندی، لایەنداریی، نەزانین، هەڵەگۆیی و پێشداوەریی دووچاری هەڵەی زانستی ببنەوە. توێژەر کاتێک فێری خوێندنەوەی ڕەخنەیی و ئارگیومێنتی ئەکادێمی دەبێت، خۆبەخۆ فێری خۆدچاودێریکردنی فیکری دەبێت و هیچ تێزێک پەسەند ناکات، یان پێشنیاز ناکات، گەر پێشوەخت پشکنینی زانستی و لۆجیکیی بۆ نەکردبێت.

٥. دەرونناسی زانین Cognitive Psychology: لەنێوان بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و دەرونناسیدا چەندین بابەتی جێبایەخی هاوبەش هەن. شارەزابوون لە دەرونناسی هاوکاریی مرۆڤ دەکات لە پاڵنەرە سایکۆڵۆجیەکانی بیرکردنەوە و پێشداوەری و لایەنداریەکانی خۆی و ئەوانی تر تێبگات. مرۆڤ کە بیردەکاتەوە هەندێک جار پەنا بۆ بەڵگەسازیی لۆجیکی دەبات؛ بەڵام هەندێک جار لەژێر کاریگەریی خود-سێنتەریزم،

یان مێکانیزمەکانی بەرگریی سایکۆڵۆجی و ئارەزووە چەپێنراوەکانیدا ئەو کارە دەکات، دواتر هەوڵ دەدات پاساوی لۆجیکی بۆ بۆچوون و پێشداوەریەکانی خۆی بێنێتەوە. یەکێک لە لقە گرنگەکانی دەرونناسی بریتیە لە دەرونناسی زانین کە بایەخ بە کارلێکی نێوان باری دەرونی و باری مەعریفی مرۆڤ دەدات، هەروەها لە پاڵنەرە سایکۆڵۆجیەکانی بەکارهێنانی زمان و یادگە و هەڵوێستە مەعریفیەکانی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە.

بابەتێکی سەرەکیی دەرونناسی زانین بریتییە لە مێتاکۆگنیشن Metacognition یان “ڕامان لە تێڕامان”، واتە بیرکردنەوەی مرۆڤ لە شێوازی بیرکردنەوەکانی خۆی. مێتاکۆگنیشن لە بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا پەیوەندیی بە کارامەیی خۆد-ڕێنمایی فیکرییەوە هەیە Self-Regulation، کە هاوکاری مرۆڤ دەکات چاودێریی لۆجیکانە بۆ بەڵگەهێنانەوەی خۆی بکات کاتێک پاساو بۆ دیدوبۆچوونی خۆی دێنێتەوە.

٦. سۆسیۆڵۆجیای زانینSociology of Knowledge : مرۆڤ تەنها لەژێر کاریگەریی پاڵنەرە دەروونیەکاندا بیرناکاتەوە؛ بەڵکو زۆرجار لەژێر کاریگەریی مەعریفەی کۆمەڵایەتیدا ئەو کارە دەکات؛ واتە پاساو بۆ ئەو رۆڵ و ئەرکانە دێنێتەوە کە کۆمەڵگا بۆی دیاریکردووە. ئەڵبەت کۆمەڵگا بە هەمان ئەو ئەندازەیەی ژینگەی پەروەردەیی و پێگەیاندنی مەعریفی بۆ مرۆڤ دابین دەکات، هاوکات کۆمەڵێک کڵێشە و قاڵب بۆ بیرکردنەوەیشی دروست دەکات کە بە زەحمەت دەتوانێت بیانناسێت و بە ئاستەم دەتوانێت خۆی لێیان دەرباز بکات.

یەکێک لە مەرجەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ئەوەیە مرۆڤ هۆشیار بێت لەئاست ئەو لایەنداریانەی کۆمەڵگا بۆی دروستدەکات، واتە بتوانێت لە دەرەوەی کڵێشە کۆمەڵایەتی و کولتورییە باوەکان بیربکاتەوە، ئەوەی کە لە بواری داهێنان و چارەدۆزیدا پێی دەوترێت “بیرکردنەوەی لە دەرەوی سندوق”. سۆسیۆڵۆجیای مەعریفە لقێکی گرنگی زانستە کۆمەڵایتیەکانە و هاوکارێکی باشی مرۆڤە بۆ ناسینی پەیوەندیی نێوان بەستێنی کۆمەڵایەتی و شێوازی بیرکردنەوە و بیروباوەڕەکانی مرۆڤ.

٧. پەیوەندییسازیی Communication: ئارگیومێنتسازی و تێپەڕاندنی هەڵەگۆیی و پێشداوەری کەشێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی گونجاو بۆ تاکەکان دەڕخسێنێت تا دەستبەرداری گۆشەگیری فیکری ببن و بیرکردنەوە وەک بەرهەمی کارلێکی نێوان ئەقڵە جیاوازەکان ببینن،

نەک تەنها وەک بەرهەمی بلیمەتیی تاکەکەس. هەرچەندە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بە دەستپێشخەری فیکریی تاک دەستپێدەکات و داهێنانی تاکەکەس بەرز دەنرخێنێت؛ بەڵام سەرەنجام مۆرکێکی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت و دەبێتە فاکتەری کارلێلک و بەیەک گەیاندنی نێوان ئەقڵە جیاوازەکان. ئەم تایبەتمەندییە پەیوەندیی بە ئاکامە سودبەخشەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بیرکردنەوەی داهێنەرانەوە هەیە؛ یەکەمیان یاسا هاوبەشەکانی نێوان ئەقڵی مرۆڤە جیاوازەکان کەشف دەکات..، دووەمیشیان داهێنانی ناوازەی تاکە داهێنەرەکان دەخاتە خزمەتی سودی گشتییەوە.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دوو ستراتیجی گرنگ پێشنیازدەکات لەپێناو دروستکردنی رایەڵەی پەیوەندیی و گەشەدان بە پەیوەندیسازی لەنێوان تاکەکاندا: یەکەمیان بریتییە لە “پێوەرە گەردوونیەکانی بیرکردنەوە” کە مرۆڤەکان هان دەدات یاساگەلێکی گەردوونی هاوبەش بۆ بیرکردنەوە پەیڕەوبکەن. وەک لۆجیک، ڕۆشنی، قووڵی، فراوانی، دابێژیی و پەیوەستداری لەنێوان وشە و رستە و چەمکەکاندا. دوەمیشیان بریتییە لە “ڕەندییە فیکریەکان Intellectual Virtues” کە لۆجیک دەبەستێتەوە بە ئاکارەوە، واتە لۆجیک لە کۆمەڵێک کڵێشەی فیکریی پەتییەوە دەکاتە ئامرازی سەربەخۆیی و سەرڕاستی و هاوسۆزی فیکریی لەنێوان مرۆڤەکاندا.

٨. خوێندەواریی میدیایی Media Literacy: هەرچەندە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری یارمەتیدەرێکی گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە؛ بەڵام زانیاری تەنها تاکە کەرەستەیەکە لەپاڵ کۆمەڵێک کەرەستەی تری بیرکردنەوەدا کە میدیا زۆر بایەخیان پێ نادات. میدیا، تەنانەت میدیای لیبراڵیش، کار لەسەر بەکاڵاکردنی زانیاری و وروژاندن و پەیداکردنی زۆرترین جەماوەر و هەڵڕشتنی زۆرترین زانیاری دەکات، چ جای میدیای ئاڕاستەکراوی سیاسی و کولتوری و ئاپۆراخوازیی (پۆپۆلیستی) کە توانای دروستکردنی چەندین میدیای سێبەریان هەیە و پەنا بۆ هەموو ئەو لاف و تەکنیکانەش دەبەن کە میدیای لیبراڵ بەکاری دێنێت.

لە دۆخێکی وادا، خوێندەواریی میدیایی زەرورەتێکی گرنگی سەردەم و مەرجێکی گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە بە ئامانجی جیاکردنەوەی زانیاری و هەواڵی ساختە و فریودەر لە زانیاری بابەتی و داتای ڕاستەقینە. مرۆڤی خوێندەوار چیتر ئەو کەسە نیە کە دەستی بە زۆرترین زانیاریی رادەگات؛ بەڵکو ئەو کەسەیە کە ڕەخنەییانە شیکاریی و هەڵسەنگاندن بۆ زانیاریانەکان دەکات و بە دوای کواڵیتی و چۆنایەتی زانیاریدا دەگەڕێت نەک چەندایەتی.  ئەگەر کاتی خۆی خوێندەوار بەو کەسە وترابێت کە توانیویەتی بنوسێت و بخوێنێتەوە، یان پسپۆڕی لە کایەیەکدا هەبێت و شارەزای زمانێکی بیانی بێت؛ ئەوە خوێندەوار لەمڕۆدا کەسێکە کە بە ئاسانی ناکەوێتە ناو تەپکەکانی گوتاری میدیایی باو و بە گوتاری فیگەرە پۆپۆلیستەکان فریو ناخوات.

هاوشێوە