رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ڤاندانا شیڤا دەربارەی زانایی زیندەفرەجۆری (بەشی یەکەم).

Facebook
Twitter
LinkedIn


نووسینی ڤاندانا شیڤا
وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: هەنگوین رەفیق

ئێمە تاڵێکین لە تۆڕی ژیاندا. ڤاندانا شیڤای نووسەر و چالاکوان، باس لە پاراستنی ئەو تۆڕە دەکات، بە ڕێزگرتن لە فەزیلەتی زیندەفرەجۆری.

من خوێندکاری فیزیای تەنۆلکە و تیۆری کوانتەم بووم نەک بایۆلۆژی. خوێندنی کوانتەم وایکرد لە ئاستی زانستی و فەلسەفیشدا وەهمی “جیاکردنەوەی میکانیکی” تێبپەڕێنم. بەڵام لەماوەی گەورەبوونم لە دارستانەکانی هیمالایا، زیندەفرەجۆری مەزنترین مامۆستای من بووە. لە تۆو و ڕووەکەوە فێری ئیکۆلۆژی – زانستی سیستەمی زیندووەکان و ئێتیکی ژیان، بووم.

زیندەفرەجۆری ئۆتۆپۆیەتیکە، ئۆتۆپۆیەسیس زاراوەیەکی یۆنانییە: “ئۆتۆ” بەواتای “خۆ” و “پۆیەسیس” بە واتای “بەرهەمهێنان” یان “دروستکردن” دێت. زیندەفرەجۆری ژیانە بە هەموو ئاڵۆزییە خۆڕێکخراوەکانی، لقە پێکچەسپاو و گەشەسەندنەکانییەوە.

زیندەفرەجۆری خۆدروستکەرە، کارلێککەرە، پێکەوەگرێدراو و گۆڕانکارییەکی داینامیکییە کە ئێمە ناومان لێناوە ژیان.

وەک ئێروین شرۆدینگەر لە کتێبەکەیدا بەناوی “ژیان چییە؟” ئاماژەی پێکردووە، سیستەمی زیندووەکان ئەنترۆپییەکی نێگەتیڤیان هەیە: خۆیان ڕێکدەخەن تا شێواویان کەمبکەنەوە. لە مۆلیکوڵەکانەوە بۆ خانەکان و زیندەوەرەکان و ئیکۆسیستەمەکان، پاشان تا هەسارەکە بە گشتی. ژیان خۆڕێکخەرە، هاوشانی بوونەرەوە خۆڕێکخەرەکانی دیکە. ئەمە لەسەر بنەمای جیانەبوونەوە و کوانتەم کۆهێرانس “یەکگیری” کار دەکات. کوانتا – بچووکترین و دابڕاوترین یەکەکانی ماددە – هەم شەپۆل و هەم تەنۆلکەن. تەنگەلێک نین لە کات و بۆشاییدا جێگیر بووبن، وەک فیزیای نیوتن فێرمان دەکات. کوانتا شەپۆل و لەرینەوەی بەیەکەوە گرێدراون، ناخۆجێین و هەر بۆیە لێک جیاناکرێنەوە. بە شێوەیەکی گشتیتر، هەموو ماددە ( و هەر بۆیە هەموو ژیان) لێک جیاناکرێتەوە. هارمۆنی و هاوسەنگی سروشت بریتییە لە کوانتەم کۆهێرانس و پەرچەدەنگ.

هاوڕێی ئازیزم پڕۆفیسۆر مای وان هۆی کۆچکردوو، زانای جینات بوو و کاری لەسەر تیۆری کوانتەمی بایۆلۆژی دەکرد. لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٣ لە گۆڤاری Communicative and Integrative Biology، باسی لەوە دەکرد کە هەموو بوونەوەرە زیندووەکان هەم وەک تەنی یەکپارچە لە شوێنی خۆیان جێگیرن و هەم وەک کارکردی شەپۆلی کوانتەم بە گەردووندا دابەشبوون.

“هەربۆیە هەموو بوونەوەرەکان لەیەکتڕ ئاڵاون و یەکتر پێکدەهێنن، بەم شێوەیەش زیانگەیاندن بە کەسانی تر بەشێوەیەکی کاریگەر زیان بە خۆمان دەگەیەنێت، و باشترین ڕێگە بۆ سوودگەیاندن بە خۆ سوودگەیاندنە بەوانی دیکە.”
ئێمە بوونەوەری پێکەوەبەندین، بەیەکەوە گرێدراوین. ژەهراویکردنی زەوی ژەهراویکردنی جەستەی خۆمانە. پیسکردنی بەرگەهەوا دروستکردنی شڵەژاوی کەشوهەوایە. کاتێک زیندەفرەجۆری لەناودەبەین، برسێتی، نەخۆشی، و ناهاوسەنگی لە کەشوهەوادا دروستدەکەین.
هەر لەبەر ئەمەشە کە دەڵێم زیندەفرەجۆری تۆڕی ژیان پێکەوە دەبەستێتەوە. زیندەفرەجۆری ئۆبژێکت، شتێک، ژمارەیەک یان سەرچاوەیەک نییە کە بقۆزرێتەوە. زیندەفرەجۆری کانێک نییە و وەک مادەی خاو بقۆزرێتەوە. زیندەفرەجۆری مایەیەک نییە کە لە گازینۆی دارایی جیهانیدا بازرگانی پێوە بکرێت.

زیندەفرەجۆری پەیوەندییەکی پێکەوەبەستراوە کە هەموو ژیان پێیدا دەڕژێت: خۆراک، ئاو، ئۆکسجین و هەناسەدان، وزەی ئیندۆسۆماتیک و وزەی سیستەمی زیندووەکان.
ئێمە تاڵێکین لە تۆڕی ژیاندا، مرۆڤەکان لە ڕێگەی ئەوەی کە من بە ئیکۆ- ئەپارتاید (ئیکۆ-جیابوونەوە) ناوی دەبەم، لە سروشت جیا بووەتەوە. ئەپارتاید لە زمانی ئەفریقیدا بە واتای جیابوونەوە و لێکدووربوون دێت. ئیکۆ-ئەپارتاید ئەو باوەڕەیە کە مرۆڤ جیایە لە سروشت، وەک داگیرکەر و خاوەنی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. ئەم جیابوونەوەیە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەناوچوون و لەدەستدانی زیندەفرەجۆری.
زیندەفرەجۆری ژیانە و تۆڕی ژیان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، نەخشە و پەیوەندییەکانی، زیرەکی و تێگەشتنی. ژیان خاوەنی هەمەچەشنییە لە زیرەکیدا، کە زۆربەیان لەلایەن ئاپارتایدی مەعریفییەوە ڕەتکرانەوە لە سەردەمی کۆلۆنیالیزم و پیشەسازیدا. لەبەری ئەو هەمەچەشنییە لە زیرەکی و مەعریفەدا، ئیمتیازمان داوە بە دەزگای مرۆیی و زیرەکی شیکاریی عەقڵی میکانیکی و تاکبەرهەمی.عەقڵی میکانیکی پارادایمێکی کوێرە بەرامبەر بە ڕێکخستنی سروشتی زەوی و ژیان وەک ئامێرێک دەبینێت کە دەبێت مرۆڤ بەڕێوەی ببات. تاکبەرهەمی عەقڵ کوێرە بەرامبەر زیندەفرەجۆری و یەکپارچەیی لە جیهان دەڕوانێت.

تاکبەرهەمی عەقڵ ناتوانێت لەگەڵ زیندەفرەجۆری پێکەوە بژی. زیندەفرەجۆری لە عەقڵدا پێویستە بۆ گرنگیدان بە خودی زیندەفرەجۆری و بەردەوامبوونی ژیانی هەموو بوونەوەرەکان. ڕۆژانە دوو سەد جۆری زیندەوەرەکان لەناودەچن، یەک ملیۆنیان لەژێر هەڕەشەدان، بەبێ بوونی زیندەفرەجۆری لە کلتووردا، خودی زیندەفرەجۆری لە ژێر مەترسیدایە.

زیندەفرەجۆری شێوە دەدات بە هەمەجۆریی کلتووری و ئابووری
زیندەفرەجۆری و دیموکراسی شانبەشانی یەکتر دەڕۆن. وەک شاعیر ڕابیندرانات تاگۆر نووسیویەتی؛ بنەمای یەکخەرانەی فرەجۆریی بنەمای فرەیی دیموکراسییە.
سروشت لەسەر بنەمای یەکشێوەیی، یەکپارچەیی و تاکبەرهەمی کارناکات. جیهانی سروشتی تەقەلایەکی هەمیشەییە بۆ دەربڕینی فرەجۆریی. ئیکۆسیستەمی فرەجۆر سەرەتای سەرهەڵدانی فۆرمی ژیان و کلتووری هەمەجۆرە.

هەمەجۆریی کلتووری و زیندەفرەجۆری کاتێک پێکەوە پەرەدەسێنن کە کۆمەڵگەکان گرنگی بدەن بە ئیکۆسیستەم و سەرچاوەکانیان و هاوبەشیان پێبکەن و بۆ چاکەی گشتی بەکاریان بهێنن.
بەشداریکردنم لەگەڵ بزووتنەوەکانی grassroot* فێری ناوەندییەتی زیندەفرەجۆری کردم وەک بنەمایەکی ڕێکخەری ژیان. خۆبەخش کارکردنم لە بزووتنەوەی چیپکۆ لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا فێری گرنگی زیندەفرەجۆری دارستانەکانی کردم بۆ تەندروستی مرۆڤ و ئیکۆسیستەمەکان. کۆلۆنیالیزم دووانەیی و دابڕانێکی نوێی لەنێوان ئیکۆلۆژی و ئابووریدا دروست کردووە، بزووتنەوەی چیپکۆش بەرهەڵستییەکی ناتوندوتیژ بوو بۆ پاراستنی دارستانەکان.
هاوپیشەکانم دارستانەکانیان وەک سەرچاوەی ژیان دەبینی نەک وەک کەرەستەی خاو بۆ قازانج و داهات. دژی داربڕین بوون، بیری حکومەتیان دەخستەوە کە تەختەدار و قازانج بەرهەمی بەرایی دارستانەکان نین. دارستانەکان خاک و ئاو و هەوای پاک بەرهەم دەهێنن؛ کە بنەمای ژیانن.
لەماوەی پێنج دەیەی ژیانمدا فێربووم کە ئابووری ڕاستەقینە، ئۆیکۆنۆمیا*؛ هونەری ژیانە، هاوئافراندنی ئێمەیە لەگەڵ زیندەفرەجۆری و ئابووری سروشت. ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین “ئیکۆنۆمی” هیچ پەیوەندییەکی بە “ئۆیکۆس”ەوە نییە، کە ماڵە هاوبەشەکەمانە. ئەرستۆ “ئابووری” ئێمەی ناونابوو کرێسماتیک؛ هونەری پارە پەیداکردن.

ئامێری پارە لەسەر سیستەمێکی زیرەکی دەستکرد کاردەکات کە پەیوەندی پچڕاوە لەگەڵ زیرەکی زیندەفرەجۆری. لەسەر دراوێکی دەستکرد کاردەکات لە پەیوەندی پچڕاوە لەگەڵ دراوەکانی ژیانەوە.

زیندەفرەجۆری لە زانیاریدا: بایۆپایرەسی و پاوانکاری زانیاری خۆڕسکیی
ئەپارتایدی مەعریفەیی پێکهاتەیەکی زانستی ئیکۆ-ئەپارتایدە. لەسەر وەهمی جیاکارییەک دامەزراوە کە هەبوونی زیرەکی نامرۆیی ڕەتدەکاتەوە؛ ڕووەک، ئاژەڵ و میکرۆبەکان. هەروەها زیرەکی کلتوورە ڕەسەن و غەیرە ڕۆژئاواییەکان بە زیرەکی پلە دوو دادەنێت. تیۆری ئۆتۆپۆیێتیک دەڵێت: زانین لە ڕێگەی کردارەوە بەرجەستە دەبێت: “هەموو زانینێک کردارە و هەموو کردارێکیش زانینە.”
بایۆپایرەسی نموونەیەکی هاوچەرخی کۆلۆنیالیزمی زانیارییە. بە پشتبەستن بە ئیدیعای درۆینەی “داهێنان”، زانیاری خۆڕسکیی بەبێ ناساندن و بێمۆڵەت خاوەندارێتی لێدەکرێت، وەک موڵکی فیکری قۆرخ دەکرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت.

لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، لە ڕێگەی مافی خاوەندارێتی فیکری نوێ، کۆمپانیاکان کۆنترۆڵیان بەدەستهێناوە بەسەر هەمەجۆری ژیانی سەر زەوی و زانیارییە ڕەسەنەکان.هیچ داهێنانێک بەشدار نییە لەم حاڵەتانەدا؛ بەڵکو ئامڕازی دزی و کۆنترۆڵکردنی خودی ژیانن.
فۆرمەکانی ژیان بە “بەرهەمهێنان” و “ئامێر” پێناسە کراوەتەوە، کە ژیان لە دروستی و خۆڕێکخستنەکەی دادەماڵێت. چەتەیی و پاوانکاری زانینی خۆڕسکیی خەریکە پەتای “بایۆپایرەسی” بڵاودەکاتەوە.

بۆ ئاگادارکردنەوە لە مەترسی پەرەسەندنی بایۆ-ئیمپریالیزم و بایۆپایرەسی و چارەسەکردنیان، من ڕێکخراوی “ناڤدانیا”م دامەزراند. ئامانجمان پاراستنی ئازادی تۆو بوو، کە بەهای ئۆتۆنۆمی وناوەکی زیندەفرەجۆری و زانیاری خۆڕسکییە. لە زۆر کەیسی بایۆپایرەسیدا جەنگاوین و سەرکەوتووبووین. درێژترین و گرنگترینیان کەیسی بایۆپایرەسی نیم بوو. نیم (Azadirachta indica) درەختێکە کە بەچەندین جۆر بەکاردەهێنرێت، هیندییەکان هەزاران ساڵە بۆ دەرمان و سابوون و ڕێگری لە دووگیانی و جوانکاری و کۆنترۆڵکردنی ئافات و نەخۆشی بەکاریان هێناوە.
لە ساڵی ١٩٩٤ کۆمپانیایەکی ئەمریکی، W. R. Grace و USDA هاوبەشانە دەستیانکرد بە کارکردن لە پاوانکاری ( 0436257 B1) دەربارەی تایبەتمەندییە کەڕووکوژییەکانی درەختی نیم.. بە کارکردن لەگەڵ پارتی سەوزی پەرلەمانی ئەوروپا و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کشتوکاڵی ئۆرگانیک، تەحەددای W.R. Graceم کرد، بیرم خستنەوە کە ئەوان خاوەنی ئەم تایبەتمەندییە نین و توانای کەڕووکوژییان نەبەخشیوە بەو درەختە، ئەم زانیارییە زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵە لە هیندستاندا بڵاوە. ئەم بەرەنگاربوونەوەیە ١١ ساڵی خایاند، بەڵام سەرکەوتووانە بایۆپایرەسی نیممان هەڵوەشاندەوە.

کەیسی نیم تاکە کەسی نییە: کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەوڵی پاوانکارییان لەسەرهەموو شتێک داوە، لە برنجی باسماتییەوە تا تایبەتمەندییە دەرمانییەکانی زەردەچەوە و جۆرە جیاوازەکانی بەرهەمە خۆڕاگرەکان لە بەرامبەر وشکەساڵی یان لافاو. لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەوڵانەی بایۆپایرەسیدا، ئێمە ماف و نەریتی ئەو کەسانە دەپارێزین کە بۆ چەندین سەدەیە ئەم ڕووەکانە دەچێنن و بەکاریان دەهێنن- نوێنەرە ڕاستەقینەکانی فرەجۆری.

زیندەفرەجۆری خۆراک و تەندروستییە
زاڵبوونی کشتوکاڵی پیشەسازی لەبیرکردنی زیندەفرەجۆری بوو، سڕینەوەی فرەجۆری بوو لە مێشکمان و لەسەر زەویدا- تاکبەرهەمی دەروونمان بوو.
وەرینی زیندەفرەجۆری لێکەوتەی ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی جددی هەیە بەو پێیەی فرەجۆری بنەمای سەقامگیری ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییە. سیستەمی کۆمەڵایەتی و ماددی خاڵی لە فرەجۆری بەرهەمهێنانی بایۆلۆجی کەمترە و بەرەو داڕمان و تێکچوون هەنگاو دەنێت.
لە چەند دەیەی ڕابردوودا، کشتوکاڵی پیشەسازی تاکبەرهەمی بەرەوپێش بردووە و بووەتە هۆی ڕێژەیەکەی گەورەی زیندەفرەجۆری.هەروەها پەرەی داوە بە پێوەرێکی شێواوی بەرهەمهێنان، ئەو وەهمەی دروستکردووە کە خەریکین خۆراکی زیاتر بەرهەمدەهێنین بەڵام لە ڕاستیدا خەریکین کاڵای بەتاڵ لە ماددەی خۆراکی بەرهەم دەهێنین، کە زیاتر و زیاتر دەچنە چوارچێوەی زیندەسووتەمەنی و خۆراکی ئاژەڵان.
کشتوکاڵێک کە بە تایبەتی سەرنجی لەسەر فرۆشتنی ماددە کیمیاییەکان بێت وەک ئامرازی دەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا، پێوەرەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی کەمکردووەتەوە بۆ “داهاتی هەر دۆنمێک”. بەڵام داهات بەپێی هەر دۆنمێک گرنگترین لایەنەکانی خۆراک و کشتوکاڵ پشتگوێ دەخات. داهات بە بارستە و بڕی کاڵا دەپێورێت نەک کوالیتی خۆراک.

وەک پێوەرێک بۆ خۆراک لە چوارچێوەی تەندروستیدا، ناتەواوە. داهات لەناوچوونی زیندەفرەجۆری ناپێوێت. تێچووی دارایی زۆری ماددە ژەهراویەکان ناپێوێت کە جووتیاران دەخاتە ناو قەرزەوە و ژیان و کاریان وێران دەکات. هەروەها بارگرانی نەخۆشیەکانیش ناپێوێت کە لێکەوتەی ژەهرەکانی ناو خۆراکەکانمانن. داهاتی هەر دۆنمێک کۆستی ئیکۆلۆژی تاکبەرهەمی کیمیایی پشتگوێ دەخات.

پێویستە لەم جۆرە پێوانەکردنە دووربکەوینەوە، کە تەنیا تاکبەرهەمی و ژەهراویبوون دێنێتە بوون، بەڵکو دەبێت دەستبکەین بە پێوانەکردنی ماددەی خۆراکی و بەرهەمی کوالیتی لە هەر دۆنمێکدا، لەکاتێکدا کە بەرهەمەکانیش هەمەجۆر بن.

ئێمە لە ڕێکخراوی ناڤدانیا پێوەرەکانی “تەندروستی بۆ هەر دۆنمێک”مان پەرەپێداوە بۆ هەڵسەنگاندنی خۆراک نەک داهات.

ئەگەر لەبری چڕکردنەوەی ماددەی کیمیایی و سەرمایەی کشتوکاڵەکەمان، سەرنجمان خستە سەر بەرهەمهێنانی خۆراک لەڕووی ئیکۆلۆژی و زیندەفرەجۆرییەوە، ئەو زەوییەی ئێستا لە هیندستان بەرهەمی تێدا دەچێنرێت دەتوانێت خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ و دەوڵەمەند بە ماددەی خۆراکیی بۆ دوو هیندستان دابین بکات، وەک لە توێژینەوەی ناڤدانیا بۆ “تەندروستی بۆ هەر دۆنمێک” هاتووە.

کشتوکاڵی دەوڵەمەند بە زیندەفرەجۆری لە هەر دۆنمێکدا خۆراکی زیاتر بەرهەم دەهێنێت. فرەچەشنی لە کێڵگەکانمان وەڵامی بەدخۆراکی و برسێتی و نەخۆشییە.کاتێک بەراورد دەکرێت بە تاکبەرهەمی ئاسایی، بەرهەمی تێکەڵاوی ئۆرگانیک بە تێکڕا ١٠٦٪ ڕێژەی زیاتری مس بەرهەم دەهێنێت، ٦١٪ مەنگەنیزی زیاتر، ٢٤٣٪ مۆلیبدینیۆمی زیاتر، ٦٤٪ زینکی زیاتر، ١٢٠٪ کرۆمیۆمی زیاتر، و ٧٢٪ زیاترلە تێکڕای هەموو توخمەکان بەیەکەوە. 

هاوشێوە