رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ڕەهەندی ئابووریی دەرپەڕاندن و جینۆسایدکردنی کوردە-فەیلییەکان

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: شێرکۆ کرمانج

پێشەکی

زۆر نووسین و توێژینەوە لەسەر چۆنییەتی و هۆکارەکانی پشت دەرپەڕاندن و قڕکردنی کوردە-فەیلییەکان ئەنجامدراوە. زۆربەی ئەکادیمی و توێژەرەکان هۆکاری ناسنامەی نەتەوەیی، کوردبوون، یان ناسنامەی مەزهەبی، شیعەبوون، لە پشت جینۆساید و دوورخستنەوەی کوردە-فەیلییەکان دەبینن و دەوڵەتی عێراق و حکومەتی بەعس و سەدام حوسێن بە تاوانباری سەرەکی لەپشت ئەو تاوانەدا دەناسێنن. لەم کورتە شرۆڤەیەدا بە ئیزافەی ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبیی ڕەهەندێکی دیکە گفتوگۆ دەکرێت و دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە، ئەویش پێگەی ئابووری و بازرگانیی و سیاسیی کوردە-فەیلییەکانە لە بەغدا بەگشتیی و بازاڕی شۆرجە بەتایبەتی. هاوکات، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین کە لێدان و بنکۆڵکردنی پێگەی ئابووری کوردە-فەیلییەکان چەندین ساڵ پێش هاتنی بەعسییەکان بۆ سەر حوکم دەست پێ دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەبدولسەلام عارف لە ١٩٦٤. گرنگی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە کە لێکۆڵینەوە لەسەر ڕەهەندی ئابووریی و بازرگانیی لێدانی کوردە-فەیلییەکان لەپێش هاتنی بەعسییەکان دەکات، کە توێژەر پێ یوایە تا ئەو ڕادەی ئەو ئاگادار بێت، قسەی لەسەر نەکراوە و ئەمە یەکەمین توێژینەوەیە کە ئەم ڕەهەندەی کردۆتە ئامانج.

سەرەتاکانی دەمارگیریی مەزهەبیی لە عێراق

قسەکردن لەسەر هەڵوێستی سوننەکان بەرانبەر شیعەکان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە عێراق‌ـدا زۆر گرنگە بۆ چوونە ناو بابەتەکە و تێگەیشتن لە ڕەفتاری دەوڵەتی عێراقی لە دژی کوردە-فەیلییەکان، دەوڵەتێک کە لەو سەردەمەدا لەلایەن سوننەکانەوە حوکم دەکرا. لە سەردەمی عارفەکان (١٩٦٣-١٩٦٨)، عەبدولسەلام عارف و عەبدولرەحمان عارف، ململانێ‌ و پێکدادانی سوننە و شیعەکان زۆر زەقتر لە قۆناغەکانی پێشوتر، سەردەمی پاشایەتی، دەردەکەوێت.

کارەکتەر و هەڵوێستە دینیی‌‌ و‌ موحافیزکارەکانی عەبدولسەلام عارف و کەسانی دەوروبەری وای کردبوو کە هەڵگری دیدێکی دژە-شیعە بێت. بۆ نموونە، وەک ئەو کۆنە-بەعسییانەی (وەک: تالب شبیب و هانی فکیکی) کە لە ١٩٦٣ دا لەگەڵ عارف هاوسەنگەربوون لە بیرەوەرییەکانیاندا دەگێڕنەوە ئەو زۆرجار وەک “ڕەوافز” و “شعوبی” ناوی شیعەکانی بردووە.(١) لەوەش زیاتر، لە شەستەکان چەند کتێبێک لەلایەن نووسەران و کەسایەتییە ناسراوە عەرەبی ‌و عێراقییەکان دەرچوون کە لە بنەچەی بزووتنەوە “شعوبییەکانیان” دەکۆڵیەوە. لەوانەیە بەهەڵەدا نەچووبین ئەگەر بڵێین گرنگترین کتێب لەو بوارەدا کتێبەکەی عەبدولعەزیز دوری بوو، کە ئەکادیمییەکی سوننە و ئەوکات سەرۆکی زانکۆی بەغدا بوو، کە بەناوی “الجذور التاریخیة للشعوبیة” (ڕەگوڕیشەی مێژوویی شعوبییەت) بڵاوی کردبۆوە. کتێبەکەی دوری بنەماکانی شیعەگەریی ‌و شعوبییەتی هاوتاکردبوو و پێکەوەشی گرێدابوو. هەروەها، ڕەگی شیعەگەریی خستبووە ژێر پرسیار لەگەڵ دڵسۆزیی‌ و ئینتیمای شیعەکان بۆ عێراق. ئەمەش بەدڵنیایی دیاردەیەکی نوێ نەبوو لە مێژووی عێراقی هاوچەرخ بەڵام هیچ کاتێک بەو زەقییە لە پێشووتر نەخرابووە ڕوو. دوری باس لە مێژوو و چۆنییەتی نیشتەجێبوونی خەڵک ‌و گرووپە جیاجیاکان دەکات لەو ناوچانەی ئێستا پێی دەگوترێت عێراق ‌و دەڵێت:

“عێراق… درێژکراوەیەکی جوگرافی نیمچە دوورگەی عەرەبییە، بۆیە ئەو خەڵکانەی [عەرەبانەی] کە لەوێوە هاتوون کارەکتەری عەرەبیی-سامییان داوە بە ناوچەکە. کەچی، ئەو خەڵکانەی کە لە ڕۆژهەڵاتەوە [شیعە و کوردە فەیلییەکان] هاتوون بۆ [عێراق] تەنیا وەک داگیرکەر هاتوون. سەرەڕای ئەوەی دوای، مانەوەیەکی کەم یان زۆر، ڕۆیشتون ‌و گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام لە دوای خۆیان هەندێک خەڵکیان لێرە [لە عێراق] بەجێهێشتووە. ڕەگوڕیشەی کولتووری ئەو خەڵکە بەجێماوە، کە نامۆ و بێگانەیە [بەم خاکە]… لەکاتێکدا کە خەڵکانی [عەرەبەکانی] ئەم خاکە تەماشای میرات ‌و ڕەگوڕیشە فەرهەنگییەکانی [ئەم خاکە] دەکەن‌ و ئێستای خۆیان وەک درێژکراوەی میراتەکە دەبینن، ئەوا خەڵکە هاتووەکانی دیکە تەماشای دەرەوە دەکەن بۆ ئیلهام وەرگرتن‌، کاریش دەکەن لەسەر بڕینی ڕەگوڕیشە فەرهەنگییەکانی [ئەم خاکە]”.(٢)

دەبێت ئەوە بگوترێت کە قسەکردن لەسەر پرسێکی وا هەستیار لەلایەن کەسایەتییەکی ناسراو و سەرۆکی تاکە زانکۆی عێراق لەوکاتدا، وەک عەبدولعەزیز دوری، ناکرێت وەک دەنگی تاکە کەسێک تەماشا بکرێت. لەڕاستیدا ئەم دەنگە ئاوێنەی ڕەوتێکی فکریی/بەعسیی مەزهەبیی/سوننیی نەتەوەیی/عەرەبییە، کە خۆی لە ناسیونالیزمی عەرەبیی ‌و ئیسلامیزمی سوننەدا دەبینێتەوە، کە تاڕادەیەک لە زۆر شتدا هاوبەش‌ و هاوبیر و هاوکردارن. بە وردبوونەوە لەم دەقەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە عەبدولعەزیز دوری دوو پێکهاتەی عێراقی، کورد و شیعە، بە بێگانە دادەنێت ‌و ڕیشەیان دەباتەوە بۆ سەر ئێرانییەکان، وەک بەشێکیش لە گەلی عێراق تەماشایان ناکات، تەنیا لەبەرئەوەی بە ئەسڵ “عەرەب” نین ‌و لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە نەهاتوون.

ئیسلامییە سوننەگەراکان، وەک ناسیونالیستە عەرەبەکان، زۆرجار زەقتر و توندتر هێرشیان دەکردە سەر شیعەکان ‌و شیوعییەکان ‌و بە شعوبی ناویان دەبردن. ڕۆژنامەی “الفجر الجدید” (بەرەبانگی نوێ)، کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە بەغدا دەردەچوو و نزیک بوو لە حیزبی تەحریر، کە حیزبێکی ئیسلامیی سوننە بوو. ڕۆژنامەکە، لە سەروتارێک وەسفی شعوبییەکان دەکات‌ و دەڵێت ئەوان “دوژمنی نەتەوەی عەرەبن ‌و ڕقیان لە عەرەبە”. هەروەها، وەک ناسیونالیستە عەرەبەکان، ئەوانیش شعوبییەکان، مەبەست شیعە و کوردە، بە پاشماوەی ئەو شەپۆڵە داگیرکارییانەی کە لە ڕۆژهەڵاتەوە، مەبەستیان ئێران‌ـە، هاتوون دادەنێت، وەک بێگانەش ناویان دەبەن.(٣) ڕۆژنامەکە بەردەوام بە شیوعییەکانی دەگوت شعوبییەکان ‌و بەگاڵتە پێ کردنیشەوە بە ڕۆژنامەکەی حیزبی شیوعی، کە ناوی “اتحاد الشعب” (یەکێتیی گەل) بوو، دەگوت “اتحاد الشعوبین” (یەکێتیی شعوبییەکان).

ڕۆژنامەی “الفجر الجدید” بۆ وروژاندنی هەستی خەڵک لە دژی شیوعییەکان، واتە شیعەکان کە ئەو ناوی نابوون شعوبییەکان، داڕمانی “دەوڵەت‌ و شارستانی عەرەبی-ئیسلامی” دابووە پاڵ بزووتنەوەی شعوبییەکان، ئەوان ئەم قسەیەیان لەکاتێکدا دەکرد کە هەموو خەڵک دەزانێت دەوڵەتی عەرەبی-ئیسلامی لەسەر دەستی مەغۆلەکان ڕووخا. ڕۆژنامەکە جەختی لەسەر ئەوەش دەکردەوە کە “پاشماوەکانی [شعوبییەکان] ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە بۆ بینینی هەمان ڕۆڵی مێژوویی لە بێهێزکردنی نەتەوەی عەرەب”.(٤)

بەکورتی، شیعیزم لەلایەن هەندێک سوننەوە وەک هێلانەی شعوبیزم دەبینرا. ئەمەش وای کردبوو کە هەر داوایەک بۆ مافی یەکسان‌ و دادپەروەریی‌ کۆمەڵایەتیی‌ و ئازادی لەلایەن شیعەکانەوە بەرزکرابێتەوە، جا شیعەکە سێکولار بووبێت، شیعەکە نیشتیمانپەروەر بووبێت یان شیعەیەکی ئیسلامیی، بەگشتی لەلایەن سوننەکانەوە وەک هەستێکی شعوبیی بینراوە یان چاکتر بڵێین بۆ چەواشەکردن وەک شعوبیزم ناسێنراوە. بەگشتیی، سیاسەتە جیاکاریی و دەمارگیریی ‌و سەرکوتگەرییەکانی سوننەکان وەک هەوڵ‌ و تەقەلا بۆ لادانی کۆسپەکانی پێش پڕۆژەی ناسیونالیزمی عەرەبی دەناسێنران، لەهەمانکاتدا بەرگریی ‌‌و خەبات ‌و تێکۆشانەکانی شیعەکان وەک هەوڵی تایفەگەریی/مەزهەبگەریی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا.

لێرەدا دەکرێت بگوترێت کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەڕانەوەی شیعەکان بۆ دین ‌و مەزهەب وەک بوارێک بۆ سیاسەتکردن، ئەوا سیاسەتە جیاکاریی‌ و دەمارگیرییەکانی سوننەکان بوو لە بێبەشکردن‌ و پەراوێزخستنی شیعەکان بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراقی هاوچەرخ، لانیکەم لە ١٩٢١ وە تا ٢٠٠٣. بەخستنەژێر پرسیاری دڵسۆزی‌ و ئینتیمای شیعەکان ‌‌و بەستانەوەی جوڵانەوە و ڕەوتەکانیان بە شعوبیزم لەلایەن ناسیونالیستە عەرەبە سوننەکان ‌و ئیسلامییە سوننەکان نوخبەی سیاسی دەسەڵاتبەدەست نزیکەی ٦٠%  دانیشتوانی عێراقی لە پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانیی وەدەردەنا. ئەمە تاڕادەیەک بۆ کوردەکانیش ڕاست بوو، بەمەش ڕێژەی وەدەرنانی “عێراقییەکان” لە پڕۆسەی ئامێزانی نیشتیمانیی بەرزدەبێتەوە بۆ نزیکەی ٨٠%.

کوردە-فەیلییەکان لەنێوان بەرداشی عارفە موحافیزکارەکان و بەعسییە ڕادیکالەکان

هاوشان‌ و هاوکاتی ئەو دەربڕە دژە-شیعە و دژە-کوردییانەی کە لە توێی کتێبەکان‌ و ڕووپەڕی ڕۆژنامەکان دەبینران چالاکییە ئابووریی‌ و بازرگانییەکانی شیعەکان ‌و کوردە-فەیلییەکان‌ لە سەردەمی عارفەکان‌ـدا سنووردار دەکران. لە ١٩٦٤ دا، سیاسەتەکانی حکومەت بۆ خۆماڵێکردنی (تەئمینی) کۆمپانیا تایبەتەکان چوارچێوەکانی سنووردارکردنی کار و چالاکییەکانی شیعەکان ‌و کوردەکانی پێک دەهێنا. وردبوونەوە لە سیاسەتی خۆماڵیکردنی کۆمپانیاکان، بۆمان دەردەخات کە پاڵنەری مەزهەبیی‌ و نەتەوەیی لەپشت ئەو سیاسەتانەدا بوون، کە لە خوارەوە تیشکی دەخەینە سەر.

لە هەشتاکاندا، واتە دوای ئەوەی کە حیزبی بەعس بۆ جاری دووەم هاتەوە سەر حوکم، فازل بەڕاک، بەعسییەکی ناسراو، پایەبەرز دەکات، دیارە دواتر لە سێدارەشی دەدات. هەر چۆنێک بێت، فازل بەڕاک، کە هەم کەسێکی ئەکادیمی بوو هەم بەڕێوەبەری دەزگای موخابەراتی عێراقی (١٩٨٣-١٩٨٩)، لە کتێبێکدا بەناوی “المدارس الیهودیة والایرانیة في العراق” (قوتابخانە یەهودی‌ و ئێرانییەکان لە عێراق) باس لە هەندێک پرس دەکات کە بۆ ئەم باسەی ئێرە کەڵکی ئیجگار زۆرە. فازل بەڕاک لە کتێبەکەیدا دەڵێت لە پەنجاکان ‌و شەستەکاندا بازرگانە کوردە-فەیلییەکان کۆنتڕۆڵی کەرتی بازرگانی‌ و پیشەسازی عێراق‌ـیان کردبوو.(٥)

بەدرێژایی مێژوو، هەر لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا دەگاتە عێراقی پاشایەتی (١٩٢١-١٩٥٨) و عێراقی سوننەکان (١٩٥٨-٢٠٠٣)، وەدەرنان‌ و ڕێگەلێگرتن لە کورد و شیعەکان لە کارکردن‌ و سەرکەوتن بۆ پلەبەرزەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەت، بەتایبەتی حکومەت و سوپا و پۆلیس‌ و دامەزراوە ئەمنییەکان، وای لە ئەندامانی ئەم دوو پێکهاتەیە کردبوو کە ڕوو لە بواری بازرگانی بکەن وەک پیشە. ئەمە بەتایبەتی بۆ کوردە-فەیلییەکان ڕاستە چونکە ئەوان لەبەرئەوەی کە بەشی هەرە زۆریان ناسنامەی عێراقییان نەبوو نەیان دەتوانی لە سوپا و پۆلیس و دامەزراوە فەرمییەکان دامەزرێن. بۆیە زۆرتر ڕوویان لە بازرگانی و پیشەسازیی کردبوو.

بەپێی ئەو داتایانەی کە فازل بەڕاک لەو پۆستە باڵایە و ئیمکانیەتە زۆرەی کە لەبەردەستی دابووە دەستی پێڕاگەیشتووە ، چ وەک زانیاری گشتیی چ تایبەتی، کە لە سەرچاوە سیخوری و ئەمنییەکان وەریگرتوون و خستوویەتیەڕوو، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، زیاتر لە ١٤٠ کوردی-فەیلیی لە پۆستە باڵاکانی بانکەکانی عێراق‌ـدا بوون، ئەمە بە ئیزافەی پۆستی گرنگ لە ژووری بازرگانی بەغدا و بەسرە کە بەگشتی کوردە-فەیلییەکان پڕیان کردبۆوە. هەر بەپێی ئەو داتایانە کوردە-فەیلییەکان بەس لە بەغدا زیاتر لە ٣٢٤٥ بازرگانیان هەبووە کە ١١٧٧ یان بازرگانی جوملە بوون. ئەم ژمارەیە بۆ ئەوکاتی بەغدا ئێجگار زۆرە. هاوکات کوردە-فەیلییەکان خاوەنی ٢٥٨ پڕۆژە و کارخانەی پیشەسازی بوون لەگەڵ ٣٥ زێڕنگەر کە کڕین و فرۆشی زێڕ و دروست کردنیان دەکرد. بازرگان و پیشەسازکارەکان زۆربەیان لە بازاڕی شۆرجە جێگیربوون. فازل بەڕاک دەڵێت ٣٦٪ خانووبەرەی کازمییە (الکاظمیة)، یەکێک لە گەڕەکە هەرە گەورەکانی بەغدا، هی کوردە-فەیلییەکان بووە. لە ناوچەکانی دیکەی بەغداش ڕێژەکە خۆی لە ٣٢٪ دەدا. ڕێژەی ئەو کوردە-فەیلییانەی لە بواری بازرگانی کەلوپەلی ناوماڵ و بۆن و قوماش و گەنم دا لەسەرتاسەری عێراق‌ـدا کاریان دەکرد زیاتر لە ٤٩٪ بوو. بێجگە لەوەی کە ژمارەی بازرگانە کوردە-فەیلییەکان زۆر لەسەرێ بووە بە بەراورد بە عێراقییەکانی دیکە، فازل بەڕاک دەڵێت توانای هەر بازرگانێکی کوردی-فەیلیی لە توانای ١٠٠ بازرگانی عێراق بەسەریەکەوە زیاتر بوو.(٦) بەکورتی، کوردە-فەیلییەکان لە پەنجاکانەوە تاڕادەیەکی چاک کۆنتڕۆڵی بازاڕە سەرەکییەکانی بەغدا و تەواوی بازرگانی و ئابووری عێراق‌ـیان کردبوو، لەوانە بازاڕی شۆڕجە (سوق الشورجة). یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بوونی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە وشەی کوردی لەنێو زمانی عەرەبی، بەتایبەتی لەنێو بەغدادییەکان‌ـدا، بۆ هەژموونی کوردە-فەیلییەکان بەسەر بازاڕی شۆریجە‌ـدا دەگەڕێتەوە.

بێجگە لەوەی کە کوردە-فەیلییەکان لە دامودەزگا فەرمیی و حکومییەکان جێگەیان نەدەکرایەوە، وەک پێشووتر ئاماژەی پێکرا، دەرپەڕاندنی جووەکان لە عێراق لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو لەسەروبەندی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دوای ١٩٤٨، هۆکارێکی دیکە بوو لە پشت کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی شۆرجە و بەغدا لەلایەن کوردە-فەیلییەکان. جووەکان، پێش دەرکردنیان لە عێراق، تاڕادەیەک زاڵبوون بەسەر بازاڕەکانی بەغدا، بەتایبەتی بازرگانی هەناردە و هاوردەکردن، بانکەکان، لەگەڵ بازاڕی پارەگۆڕینەوە (سوق الصرافین). بە دەرچوونی جووەکان بۆشاییەکی گەورە لە بازاڕدا دروست بوو کە لەلایەن کوردە-فەیلییەکان‌ و شیعە-عێراقییەکانەوە پڕکرایەوە. گوایە جووە کۆچپێکراوەکان کۆمپانیا و دوکان و کەلوپەلەکانی خۆیان لەسەروبەندی دەرپەڕاندنیان لە عێراق فرۆشتۆتە کوردە-فەیلییەکان.

هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە پێش ئەوەی حکومەتی عێراق سیاسەتی خۆماڵیکردن بخاتە بەرنامەی کاری خۆی لە ١٩٦٤، تاهیر یەحیا، کە ئەوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، سەردانێکی بازاڕی شۆرجە دەکات‌، لەوێ گوێی لە گریان‌ و نوزانەوە و نزای شیعەکان وەک بەشێک لە عاشورا و مەواکیبی حوسەینی، دەبێت. دەگێڕنەوە کاتێک تاهیر یەحیا گوێی لە دادوفیغانی کوردە-فەیلییەکان دەبێت هەر لەو شوێنە بەڵێن دەدات کە بوونی شیعە لەو بازاڕەدا کۆتایی پێ بێنێت.(٧) ئیدی زۆری پێناچێت حکومەت پڕۆژە یاسای خۆماڵیکردنی (تأمیم) بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بوارەکانی بازرگانی‌ و پیشەسازی دەردەکات‌ و کۆمەڵێک کۆمپانیا و دامەزراوەی حکومی، کەرتی گشتی، دادەمەزرێنێت. بەمەش لە تەموزی ١٩٦٤ دا، حکومەت ٢٧ کۆمپانیای پیشەسازی‌ و چوار کۆمپانیای بازرگانی ‌و نۆ کۆمپانیای بیمە و پێنج کۆمپانیای بواری بانکی خۆماڵی کرد.(8) ئەم کار و هەوڵەی حکومەت پێ دەچێت بەئانقەست‌ بووبێت‌ و ورد بیری لێ کرابێتەوە و زیاتر مەبەست لێی سنووردارکردنی توانا ماددی ‌و داراییەکانی کوردە-فەیلییەکان بووبێت، بەتایبەتی لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتیان بەسەر کەرتی بازرگانیی ‌و ئابووریی، لەوەی چاکسازی لە سیستەمی ئابووریی ‌و بازرگانیی بووبێت.

دوای ئەوەی کە دەوڵەتی عێراقی عارفەکان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیی، کە هی کوردە-فەیلییەکان بوو، خۆماڵی کرد، ئەوا دواتر، دەوڵەتی عێراقی بەعسییەکان، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو زۆربەی کۆمپانیا خۆماڵی کراوەکانیان فرۆشتە کەرتی تایبەت. ئەوەی دەوڵەتی عێراقی لە سەردەمی سەدام حوسێن کردی من ناوم ناوە “پڕۆسەی بەسەدامکردن”، کە بریتی بوو لە دەستبردنی سەدام بۆ پەیڕەوکردنی پراکتیزێکی کۆن، خزمخزمێنە. بەرزکردنەوەی ئەندامانی خێزانەکەی ‌و عەشیرەتەکەی بەتایبەتی ‌و خەڵکی تکریت‌ و سوننەکان بەگشتی بۆ پۆستە باڵاو گرنگەکانی دەسەڵات.(٩)

لە کۆتایی هەشتاکاندا، بەناوی چاکسازی ئابووریی، دەوڵەتەکەی سەدام، عێراق، زۆربەی کۆمپانیا دەوڵەتییە قەبارە بچووکەکان‌ و ناوەندییەکانیان فرۆشت بە کەرتی تایبەت. مەبەستی شاراوەی ئەم سیاسەتەی حکومەت دەستبەسەراگرتنی کۆمپانیاکان بوو لەلایەن کەسوکاری سەدام‌ و دارودەستەکەی (ئال عۆجە و تکریتییەکان و سوننەکان)، لەوێشەوە کۆنتڕۆڵکردنی نەک هەر کەرتی گشتی، کە لە دەستی خۆیاندا بوو، بەڵکوو کەرتی تایبەتیش لە ئابووریی عێراق. ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێک لەو کۆمپانیایانە لە ١٩٦٤ دا لەلایەن سوننە دەستڕۆیشتوەکانی حکومەتەکەی عارف خۆماڵیی کرابوون، ئەویش، وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، بەمەبەستی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کوردە-فەیلییەکان بوو لەسەر بازاڕ و بازرگانیی و ئابووریی بەغدا. ئەم سیاسەتە ڕەهەندێکی نەتەوەیی و مەزهەبی هەبوو.

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سەرچاوە بەعسییەکان باسیان لەوە دەکرد کە حکومەتەکانی پێش خۆیان ڕێوشوێنی پێویستیان نەگرتبووەبەر بۆ نەهێشتنی کاریگەریی ئەو بازرگانانەی کە بەڕەچەڵەک ئێرانی (کوردی-فەیلی) بوون.(١٠) پڕۆسەی خۆماڵییکردنی کۆمپانیاکان لە شەستەکان پشکی دەوڵەتی لە بەرهەمهێنانی گشتیدا لە ١٢% لە ١٩٦٨ گەیاندە ٥١% لە ١٩٧٤. هاوکات، پشکی حکومەت لە بازرگانی لەگەڵ دەرەوەدا لە ٤٢% لەهەمان ماوەدا بردەسەر بۆ ٩٠% .(١١) هەندێک پێیان وایە کە خۆماڵیی کردنی کۆمپانیاکان بووە مایەی کەمبوونەوەی دەسەڵاتەکانی حیزبی بەعس لەسەر سەنتەرە گرنگەکانی دەسەڵاتی ئابووریی. لەوانەیە ئەم قسەیە بۆ عێراقی حەفتاکان ڕاست بێت، کاتێک کە حیزبی بەعس دەستڕۆیشتوترین دامەزراوە بوو لە عێراق، بەڵام لە هەشتاکاندا لە دوای یەکتابوونی سەدام حوسێن لە دەسەڵات ‌و دوای بەسەدامکردنی حیزبی بەعس، بەڕادەیەک کە ناوی بەعس وەک حیزبی سەرۆک (حزب القائد) و عێراق وەک عێراقی سەرۆک (عراق القائد) دەهات، ئەم لێکدانەوەیە کورت دێنێت.

لەڕاستیدا نە خۆماڵیکردنی کۆمپانیاکان لە شەستەکاندا و نە فرۆشتنیان بە کەرتی تایبەت لە هەشتاکاندا بەمەبەستی چاکسازی ئابووریی‌ و ئیداری ئەنجامدران، بەڵکوو لە هەردوو حالەتدا مەبەستی سیاسییان لەپشتبوو. وەک ئاماژەی پێکرا، خۆماڵییکردن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کوردە-فەیلییەکان لەسەر بازاڕ و ئابووریی بەغدا بوو. فرۆشتنی کۆمپانیاکانیش بە کەرتی تایبەت بۆ ئەوەبوو دەستەبژێریی سیاسیی عێراقی، کە لە هەشتاکان لە بنەماڵەی سەدام ‌و کەسوکارەکانی پێکهاتبوو، دەستبگرنە سەر کەرتی تایبەت. بەمەش دەستەبژێری سیاسیی ‌و دەستەبژێری ئابووری (بیزنێس کلاس) لە عێراق ئاوێتەی یەکدی کران، بەواتایەکی دیکە هاوسەرگیرییان کرد.

هۆکاری دەرپەڕاندنی کوردە فەیلییەکان

دەرپەڕاندنی کوردە-فەیلییەکان، کە دوو مەبەستی لەدواوەبوو، یەکێکیان تەعریبکردنی ناوچەکانیان لە خانەقین‌ و مەندەلی، ئەوی دیکەش بۆ کەمکردنەوەی هێندەی دیکە دەسەڵات‌ و توانای کوردە-فەیلییەکان لەسەر ئابووریی‌ و بازاڕی بەغدا، هاوکات بێبەشکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتیمانیی کوردستان لە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات چونکە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کوردە-فەیلییەکان یەکێک لە سەرچاوە هەرە سەرەکییەکانی دابینکردنی کۆمەکی دارایی بوون بۆ بزووتنەوەکە بەگشتی و هێزی پێشمەرگە بەتایبەتی. فازل بەڕاک لە کتێبەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە کوردە-فەیلییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندام بوون و پەیوەندیان لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردیی‌ـدا هەبووە.(١٢) بۆ ئەم مەبەستە، دەوڵەتی عێراقی مافی نیشتەجێبوون‌ و وەرگرتنی ناسنامەی عێراقی‌ لە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کوردی-فەیلی، لەنێوان ساڵانی ١٩٦٨ تا ١٩٨٢، سەندەوە. دەستیشی گرت بەسەر هەموو سەروەت‌ و سامانی گوازراوە و نەگوزاراوەشیان ‌و وڵاتبەدەریش کران بۆ ئێران. هەر لەم ماوەیەدا هەزارانیشیان گیران ‌و ڕەوانەی زیندانەکانی بیابانەکان کران‌، لەوێش بێسەر و شوێنکران.(١٣)

سەرچاوەکان

  • علی کریم سعید (٢٠٠٥) عراق ٨ شباط ١٩٦٣من حوار المفاهیم الی حوار الدم: مراجعة فی ذاکرة طالب شبیب، بغداد: مطبعة المعارف. ص. ٣٠٧؛ هانی الفکیکی (١٩٩٣) اوکار الهزیمة: تجربتی فی حزب البعث العراقی، لندن: ریاض الریس للنشر. ص. ٢٧٣.
  • عبدالعزیز الدوری (١٩٦٢) الجذور التاریخیة للشعوبیة، بیروت: دار الطلیعة للطباعة والنشر. ص. ٩٥-٩٧.
  • الفجر الجدید (٤/٦/١٩٦٠).
  • الفجر الجدید (٣١/٧/١٩٥٩؛ ٢٥/٥/١٩٦٠؛ ١٦/٦/١٩٦٠).
  • فاضل البراک (١٩٨٥) المدارس الیهودیة والایرانیة فی العراق، بغداد: دار الرشید. ص. ١٥١-١٥٢.
  • هەمان سەرچاوە.
  • عبدالکریم الازری (١٩٩١) مشکلة الحکم فی العراق من فیصل الاول الی صدام، لندن: دار الساقی. ص. ٢٧٥-٢٧٧.
  • Faleh A. Jabar (2003) The Shi‘ite Movement in Iraq. London: Saqi Books. p. 132.
  • شێرکۆ کرمانج (٢٠١٧) شوناسی عێراق: ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، سلێمانی: دەزگای سەردەم. ل. ٣٢٤-٣٣٢.
  • حزب البعث (١٩٧٧) التقریر السیاسی الصادر عن المٶتمر القطری الثامن – کانون الثانی ١٩٧٤، بغداد: دار الحریة. ص. ٩٣-٩٥؛ حزب البعث (١٩٨٣) التقریر المرکزی للمٶتمر القطری التاسع – حزیران ١٩٨٢، بغداد: دار العربیة. ص. ٤٩-٥٤.
  • Faleh A. Jabar (2003) p. 204-205.
  • فاضل البراک (١٩٨٥) ص. ١٥١-١٥٢.
  • ئەمین قادر مینا (١٩٩٩) ئەمنی ستراتیجیی عێراق‌ و سێکوچکەی بەعسییان: تەرحیل، تەعریب، تەبعیس، چاپی دووەم، سلێمانی: سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان. ل. ١٢٩.

هاوشێوە