ڕێکخراوی ئازادبوون، بەیاننامەی ناڕەزایەتی!
ڕێکخراوی ئازادبوون، لەسەر بنەمای ئازادی کۆبوونەوە و ڕادەربڕین و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان تاکەکان و گروپەکانی کۆمەڵگەدا دروستبووە، لەپێناو پاراستنی ئازادی مرۆڤ و بنیاتنانی ژینگەیەکی تەندروستدا کاردەکات، بە ئامانجی پاراستن و سەوزکردنی ژینگە لە کۆمەڵگەیەکی پر لە داد و یەکسانی و خۆشگوزەرانیدا کە تیایدا نەوەی ژینگەدۆست و ژیاندۆست بە پەروەدەیەکی سەردەمییانە بەرهەم دێت. هەر بۆیە دەستدرێژیکردنە سەر ژینگە و شێواندنی بە ئاکاری کۆمەڵە مرۆڤێکی دژ بە ئازادی و دیموکراسی و خۆشگوزەرانیی دەزانێت.
پیسبوونی ژینگەی ناو ماڵ و دەروەی ماڵ، لە ناوبردنی رەگەزەکانی سروشت خاک، ئاو و هەوا، بەرد و دار، سەوزایی و شاخ وگردەکانییەوە ، بریتییە لە پێشێلکردنی مافی زەوی و تێکدانی ڕۆحی مرۆڤەکان و کوشتنی متمانەی نەتەوەیی و نیشتمانی لای هاوڵاتیان و نەمانی متمانە بە سیاسەت و دروستبوونی رق و تووڕەیی.
دەستدرێژییەکان بۆ سەر سورشتی هەرێمی کوردستان هەر لە لەناو بردن و تەختکردنی شاخەکان و گۆڕینیان بە موڵکی تایبەت لە موڵکی گشتییەوە، وشکردنەوەی کانی و روبارەکان، بڕینی دار و گۆرینی زەوی کشتوکالی و سەوزایی بۆ پرۆژەی بازرگانی و نیشتەجێکردن، بێ پلانی زانستی کە دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵێک کەسانی سەرمایەدار و سیاسی سەرمایەداری لێ کەوتۆتەوە بەڕێکەوت و خۆڕسک نییە بەڵکو بە بەرنامەڕێژییەکی پێشوەختەیە و بەرهەمەکەی تێکدانی سروشتە بۆ گیرفانپڕکردنی کەمینەیەک و بۆ ئێمەی زۆرینەش مانای نەمانی بەها جوانەکانی مرۆڤ و سروشتە
گۆیژە بپارێزە و بەشێک لە ڕێکخراوە ژینگەییەکان، چالاکوانانی مەدەنیی، مامۆستایانی زانکۆ، نووسەران، هونەرمەندان و چین و توێژە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی وەستانەوە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانەی کراونەتە سەر شاخەکانی هەرێمی کوردستان و شاخی گۆیژە لە رۆژی ١٣/٦/٢٠٢٤ بۆ ئەنجامدانی چالاکی هونەری و مەدەنیی بەرەوە شاخی گۆیژە بەرێکەوتن بەڵام لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانییەوە هێرشیان کرایە سەر و رێگریی ئەنجامدانی چالاکییەکی مەدەنییان لێکرا و لە هەمان رۆژدا سێ کەس فرێندران و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەر کران.
ڕێکخراوی ئازادبوون بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی رێگری و دەستدرێژی ئاسایش دەکات بۆ سەر پارێزەرانی ژینگە، دلسۆزان و خەمخۆرانی ئەم هەرێمە و هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەو جۆرە دەستدرێژی و رێگرییە دژ بە چالاکەوانی مەدەنی و پارێزەرانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.
رێکخراوی ئازادبوون بنەماکانی پاراستنی رەگەزەکانی سروشت، بەرژەوەندی گشتی چینی هەژاری ئەم هەرێمە لە بەرچاودەگرێت کاتێک باس دێتە سەر پێشکەوتنی شار و شارۆچکەکان چونکە ئەو سەرچاوانەی ئەمرۆ لە بەردەستی ئێمەدان هی نەوەکانی داهاتوشە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنە بەرپرسەکان بە ئەمانەتەوە مامەڵەی دروستی لەتەکدا بکەن.
ڕێکخراوی ئازادبوون دووبارە ئیدانەی ئەو پێشێلکارییە بۆ سەر ژینگە، ماف و ئازادیی دەکات و داواکارە لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە سلێمانی لێپچینەوە لەگەل ئەو هێزە ئەمنییە بکات کە ئەو ڕۆژە دەستدرێژییان کردۆتە سەر بەشداربووانی چالاکی مەدەنی و نامەیەکی کراوەش بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە دەربارەی ئەو پێشێلکارییانە.