رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان

پەیڕەوی ناوخۆی

Facebook
Twitter
LinkedIn

پشت بەست بە ماددەی (٤)، لە بڕگەی (٣)، خاڵی (٤) لە دەستەڵاتەکانی دەستەی کارگێری-بۆرد، بەدەنگی زۆرینەی ئەندامان، ماددەکانی (یەک، تا حەوت) لە پەیڕەوی ناوخۆی رێکخراوی ئازادبوون هەموارکراوەتەوە.

پەیڕەوی ناوخۆی

رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

پێشەکی

پێناسەکان:

  1. ئازادبوون: ڕێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام.
  2. جێندەر: بەمانای تێڕوانینی یەکسان بۆ تاکەکان، بە پێی شارەزایی و لێهاتووی و دوور لە جیاکاری رەگەزی (مەبەست لە جیاکاری نێوان نێر و مێیە)، و پێگەی کۆمەڵایەتی.
  3. ڕهگهز: مەبەست لە هەردوو رەگەزی (نێر و مێیە).


بەشى یەکەم

ناسنامەى رێکخراو

ماددەى یەکەم:

1-ناوى رێکخراو:

*بە كوردی:

رێكخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

*بە ئینگلیزی:

Azadbun Organization for Sustainable Development

*بە عەرەبی:

منظمة ازادبون للتنمية المستدامة

*كورتكراوەی ناو (Azadbun)

2-لۆگۆى رێکخراو/ پێناسە و ڕوونکردنەوە

پێک دێت له‌ وێنه‌ی باڵنده‌یه‌كی باڵ كراوه‌ی فڕیو، كه ‌باڵه‌كانی له‌‌ ره‌نگی شین (لای راست) و سپی (لای چه‌پ) پێک هاتوون ئه‌مه‌ش وه‌ك هێما بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی و كولتووری دیموكراسی. وێنه‌ی باڵنده‌كه ‌له‌سه‌ر رووپه‌ڕێكی چوارگۆشه‌ی پیرۆزەی كێشراوە، به‌ زمانی كوردی نووسراوه “رێكخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام” رێکخراوی ناحکومی،                       Azadbun organization.

3- سنووری کارکردن و ناونیشان:

*سنووری کارکردن: هەرێمی كوردستان و عێراق، کوردستانیانی دیاسپۆرا.

*ناونیشان: بنکەی سەرەکیی لە (شاری سلێمانی) ده‌بێت و بە پێی پێویست لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات نووسینگه‌ و لق ده‌کاتەوە.

4-پێناسەى رێکخراو:

رێکخراوێکی ناحکوومیی سەربەخۆی قازانج نەویستە کار دەکات لە پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی تاكه‌كه‌س و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و تواناسازیكردن له‌ تاك، له‌ پێناو هۆشیاری و فه‌راهه‌مكردنی كولتووری مه‌ده‌نی و دیموكراسی و رەخساندنی هه‌لی چونیه‌ك له‌ هه‌موو بواره‌ جیاوازه‌كانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌تدا.

5-بوارى کارکردن:

تواناسازیكردن له‌ تاكەكه‌س و په‌ره‌پێدانی تواناکان له‌ كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان، دادوه‌ری  و جێبه‌جێكردن‌، له‌ رێگای خه‌باتی مه‌ده‌نی و كاركردن بۆ به‌دیهێنان و جێبه‌جێكردنی بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤ و دیموكراتیزه‌كردنی فۆرمه‌كانی ده‌سه‌ڵات.

بەشى دووەم

ئامانج و مەبەستەکانى رێکخراو

ماددەى دووەم:

یەک: ئامانجى رێکخراو

یەکەم/ هەوڵدان بۆ هێنانەدی دادپەروەریی  کۆمەڵایه‌تی  له نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگە سەرەڕایی هه‌بوونی هه‌ر جیاوازییه‌ک ئە‌تنی، ئاینی، مەزهه‌بی یا رەگەزی، ، (بەمانای تێڕوانینی یەکسان بۆ تاکەکان مەبەست لە (نێر و مێیە) جا له هه‌ر پێگەیه‌كی كۆمەڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری، كولتوری یان یاسایی بێت، به مه‌رجێك سنووری ئازادیی ئه‌وانی تر نه‌به‌زێنێت.

دووەم/ بونیاتنانی سیسته‌مێكی پەروه‌رده‌ی نوێ به‌ ئاراسته‌ی مه‌ده‌نیه‌ت و به‌ره‌وپێشبردنی تاك، گۆرینی سیسته‌می په‌روه‌رده.‌

سێیەم/کارکردنی ژنان و پیاوان پێکەوە بۆ دروستكردنی پلاتفۆرمێك بۆ ژنان له‌ پێناو بنیاتنانی یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی بۆ هەرێمی کوردستان.

چوارەم/ هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ پابەندبوون بە یاساکانی ژینگە.

دوو: چۆنیەتیی کارکردن

  1. هەموو شێوازێکی کاری مەدەنیی ئاشتیخوازانە.
  2. توێژینەوە و راپرسی.
  3. کۆبوونەوە، سیمینار، کۆنفرانس، وۆرکشۆپ، دیدار و دیالۆگی کراوە.
  4. دانانی به‌رنامه‌ی تایبه‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی ئاستی هۆشیاریی تاكه‌كه‌س و رێكخراوه‌كان.
  5. بره‌ودان بە چاپه‌مه‌نی، نووسین، وه‌رگێڕان و ئەنجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌.
  6. پێشكه‌شكردنی بیرۆكه‌ و پرۆژه‌ی كولتووری، په‌روه‌رده‌یی، یاسایی، بۆ حكومه‌ت، په‌رله‌مان، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت.
  7. كارپێكردن به‌ بڕیاری ژماره‌ (5ی ساڵی 2013)ی پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی هاوبەشیی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ گشتییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی.
  8. پێكهێنانی تۆڕ و هاوپەیمانیی هاوبه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ و به‌رنامه‌ی كار، له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تییه‌كان.
  9. ھاندان و پشتیوانی لە تاکەکەسی ئازاد، نوێنەری سەندیکا و رێکخراوە مەدەنییە سەربەخۆکان کە بەشداریی کارا لە کایەی سیاسی، ئابووری، کولتووری و ئیداریدا بکەن بە شێوازی ئاشتی و دیموکراسییانە.

بەشى سێیەم

ئەندامێتى

ماددەى سێیەم: پرەنسیپەکانى ئەندامێتى لە رێکخراو

یەک: مەرجەکانى بوون بە ئەندام

  1. تەمەنى لە ١٨ ساڵ کەمتر نەبێت.
  2. باوەڕى بە پەیڕەوى ناوخۆی رێکخراو هەبێت و تەواوی پرەنسیپ و رێبەرەکانی کارکردنی ناوخۆی رێکخراو جێبەجێ بکات.
  3. رێز له‌ شكۆی تاكه‌كه‌س بگرێت و بڕوای بە مافه‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هەبێت.
  4. فۆرمی ئەندامێتی پڕ کردبێتەوە و رەزامەندیی دەستەی راسپێردراوانی وەرگرتبێت.
  5. بەپێی شارەزایی و توانا، ئامادەیی تیابێت خۆبەخشانە كار بۆ ڕێكخراوەكە بكات.

دوو: سەرپێچییەکان و سزاکان

ا: سەرپێچییەکان

  1. پابه‌ندنه‌بوون بە پەیڕەوى ناوخۆ و رێبەری کار و ئاکاری رێکخراو.
  2. پابه‌ندنه‌بوون به‌ مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامبوون.
  3. سێ جار ئامادەنەبوونی یەک لە دوای یەک لە کۆبوونەوە فەرمییەکان بێ پاساو.

ب: سزاکان

  1. سەرنجڕاکێشان.
  2. ئاگادارکردنەوە.
  3. سڕکردن.
  4. لێسەندنەوەى مافى ئەندامێتى.

سێ: مافەکانى ئەندام

  1. مافى دەنگدان و خۆپاڵاوتن بۆ هەموو پۆستەکانی رێکخراو.
  2. مافی دەست لە کارکێشانەوە.
  3. مافی سودوەرگرتنی لە خزمەتگوزارییەکانی رێکخراو.
  4. مافی به‌شداریکردنی لە چالاکیيەکانى رێکخراو.
  5. مافی پێشکەشکردنی پرۆژە و رەخنە و پێشنیار.
  6. مافی ئاگاداربوون لە کات و شوێنی چالاکی و کۆبوونەوەکان.

چوار: ئەرکەکانى ئەندام

  1. لە بەرژەوەندیی گشتی و بە پرەنسیپه‌كانی دیموكراسی کار بکات و رێکخراوەکە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و پرۆژەی‌ ئابووری، سیاسی،  كۆمه‌ڵایه‌تیی، بەکار نەهێنێت.
  2. پابەندبوون بە پەیڕەوی ناوخۆی رێکخراو.
  3. به‌خشینی هاوکاری دارایی بە گوێرەی توانای خۆی.
  4. هه‌ر ئه‌ندامێك به‌پێی توانا، خۆی بۆ پرۆژه‌ و راپه‌ڕاندنی ئەرکەکانی رێكخراوه‌كه‌ تەرخان بکات.

پێنج: لەدەستدانى ئەندامێتى

  1. تاوانباربوون لە دادگا بە یەکێک لە تاوانە جینائییەکان یان کەتنێک.
  2. پێچەوانەی په‌یڕەوی ناوخۆی رێکخراو هەڵسوکەوتی کردبێت.
  3. مردن.
  4. دەست لە کارکێشانەوە بە فەرمى .

بەشى چوارەم

پەیکەرى رێکخراو و چۆنیەتیى کارکردن

ماددەى چوارەم:

پەیکەری رێکخراو تەنھا بۆ کار دابەشکردن و دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە، ھەموو ئەندامان یەکسانن و ھەلی وەکیەکیان ھەیە بۆ ئاڵوگۆڕی کار و جێگۆڕکێ لە ئەرک و بەرپرسیارێتیدا.

پەیکەرى رێکخراو پێک دێت لە:

یەکەم/ دەستەى دامەزرێنەر: لە (5) کەس پێک دێت.

دووەم/ دەستەى گشتى: لە سەرجەم ئەندامانى رێکخراو پێک دێت.

سێیەم/ دەستەی راسپێردراو: لە (٥) ئەندام و دوو یەدەگ پێک دێت.

چوارەم/ دەستەى کارگێرى: لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و لێپرسراوی بەشەکان پێک دێت.

یەکەم/ دەستەى دامەزرێنەر و ماف و دەسەڵاتەکانى:

دەستەى دامەزرێنەر، پێک دێت لە: پێنج کەس، بەرپرسن لە دامەزراندنى رێکخراو.

ماف و دەستەڵاتەکانى دەستەى دامەزرێنەر:

مافی خۆپاڵاوین و کارکردنیان هەیە لەهەر دەستەیەکی رێکخراودا.

دووەم / دەستەى گشتى و ماف و دەستەڵاتەکانى:

دەستەى گشتى پێک دێت لە: گشت ئەو ئەندامانەى کە مافى ئەندامێتییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن و خۆیان بپاڵێون، دەستەکە دوو ساڵ جارێک لەناوخۆیاندا رێکخەرێک بۆ کارەکانیان هەڵدەبژێرن.

ماف و دەسەڵاتەکانى دەستەى گشتى:

  1. لە کۆبوونەوەیەکى فراواندا بە هەڵبژاردنێکى ئازاد و نهێنى (٢) ساڵ جارێك، دەستەی راسپێردراو هەڵدەبژێرێت.
  2. ساڵانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی گشتی ده‌كات بۆ هەڵسەنگاندنی راپۆرتی دارایی و چالاكی و سیاسه‌تی گشتیی رێكخراوه‌كه‌، لەسەر داوای ¼ دەتوانرێت کۆبوونەوەی نا ئاسایی دەستەی گشتی ئەنجام بدرێت.
  3. هەموو ئه‌ندامێكی رێكخراو مافی پێشنیار، مافی بینین و چاودێریكردنی هەموو تۆمار و راپۆرتەکانی ژمێریاریی رێكخراوه‌كه‌ی هه‌یه‌.
  4. بەدەنگی (50+1)ی ئەندامان، دەسەڵاتی پەسەندکردنی پەیڕەوی هەموارکراویان هەیە کە لەلایەن دەستەی راسپێردراو ئامادە دەکرێت.
  5. دەستەی گشتی ساڵانه‌ هەڵسەنگاندن بۆ راپۆرتی (دارایی و چالاکی رێكخراو دەکات کە لەلایەن دەستەی راسپێردراو پێشکەش دەکرێت.

سێیەم/ دەستەی راسپێردراو و ماف و دەستەڵاتەکانى:

دەستەی راسپێردراو: لە (٥) ئەندام و دوو یەدەگ پێک دێت، لە لایەن دەستەی گشتی بۆ ماوەی (2) ساڵ هەڵدەبژێرێت، لەناو خۆیاندا رێکخەرێک بۆ کارەکانیان هەڵدەبژێرن، کۆبوونەوەکانیان وەرزی و بە گوێرەی پێویست دەبێت.

ماف و دەسەڵاتەکانى دەستەی راسپێردراو:

  1. لە نێوان دوو هه‌ڵبژاردندا بەرپرس ده‌بن لە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی کاروباری دەستەی کارگێڕی.
  2. لە كاتی هەبوونی دۆخی نائاساییدا، دەتوانێت داوای بەستنی كۆبوونەوەی نائاسایی دەستەی گشتی بكات.
  3. بەدەنگی (50+1) ئەندامان، دەسەڵاتی ئامادەکردنی هەمواری  پەیڕەوی ناوخۆی رێکخراویان هەیە.
  4. به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی ده‌توانرێت تۆڕ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تییه‌كان پێك بهێنێت.
  5. دەستەی راسپێردراو، لە نێو ئەندامانی رێکخراو، دەستەی کارگێڕی هەڵدەبژێرێت.
  6. دەستەکە، ده‌توانێت راوێژ لە هەر کەس و گروپێک وەربگرێت لەسەر هەر پرسێک کە بە پێویستی زانی.

چوارەم/ ماف و پێکهاتە و دەسەڵاتەکانى دەستەى کارگێرى:

دەستەی کارگێری پێک دێت لە: سەرۆکی رێکخراو، جێگری سەرۆکی رێکخراو و بەڕێوەبەری بەشەکان.

پێکهاتە:

  1. سەرۆکى رێکخراو.
  2. جێگرى سەرۆکى رێکخراو.
  3. به‌شی سەرچاوە مرۆییەکان و دارایی.

ماف و دەسەڵاتەکانى دەستەی کارگێری:

  1. ئامادەکردن، داڕشتن و پەسەندکردنی پرۆژەکان.
  2. خەمڵاندنی بودجەی ساڵانە.
  3. پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن دەکات بۆ ئەدای نووسینگە و بەشەکان.
  4. پلان و بەرنامەی ساڵی نوێ دادەنێت و دەستەی راسپێردراو پەسەندی دەکات.
  5. مافی پێشکەشکردنی پێشنیاریان هەیە بۆ دەستەی راسپێردراو، لەسەر هەر پرسێکی تایبەت بە رێکخراو.
  6. کاتێک رێکخراو یان کارمەندان رووبەڕووی گرفت دەبنە، لێژنە بۆ لێپرسینەوە و بەدواداچوون دروست دەکرێت و لەو بارەیەوە راپۆرت بۆ دەستەی راسپێردراوان بەرز دەکرێتەوە.
  7. مافی پێشکەشکردنی پرۆژەیان هەیە بۆ هەر دەرفەتێکی ناوخۆیی و دەرەکی بە راوێژ لەگەڵ دەستەی راسپێردراو. 

سەرۆکی رێکخراو: ئەندامی دەستەی گشییە، لە لایەن دەستەی راسپێردراوانەوە دەستنیشان دەكرێن، هەموو ئەندامێکی دەستەی راسپێردراو بۆی هەیە تەنها دوو خولی (2) ساڵی لەسەر یەک یان بە جیا، سەرۆکایەتیی رێکخراو بکات.

دەستەڵاتەکانى سەرۆک:

  1. بڕیار و رێنمایی کارگێری دەردەکات و واژوو لەسەر نووسراوەکان و گرێبەستەکانی رێکخراو دەکات.
  2. سەرپەرشتی و پێداچوونەوەی كاری نووسینگە و بەشەكان دەكات، راپۆرتەکانیان پەسەند دەکات.
  3. لە بۆنەکاندا نوێنەرایەتیی رێکخراو دەکات، دەشتوانێت نوێنەر بۆ ئەم كارە رابسپێرێت.
  4. رەزامەندی دەدات لەسەر خەرجی و كۆمەكەكان.
  5. دەسەڵاتی دامەزراندن و کۆتاییهێنانی هەیە بە راژەی کارمەندانی رێکخراو، بە راوێژ لەگەڵ جێگری سەرۆکی رێکخراو.
  6. لە کاتی ئامادەنەبوونی خۆیدا، جێگری سەرۆکی رێکخراو ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەڕێوە دەبات، لە کاتی ئامادەنەبوونی ھەردووکیاندا، دەستەی رێگەپێدراو ئەندامێکی تری دەستەکە، رادەسپێرن بۆ بەڕێوەبردنی رێکخراو.
  7. لەکاتی یەکسانبوونی دەنگەکەکان لە دەستەی رێگەپێدراو و دەستەی کارگێڕی، دەنگی سەرۆک یەکلاکەرەوە دەبێت.
  8. سنووری دەستەڵاتە كارگێری و داراییەكان دەستنیشان دەكات و دەتوانێت هەندێك لە دەستەڵاتەكانی خۆی بە جێگری سەرۆکی رێکخراو یان ئەندامانی تری دەستەی كارگێری بدات.

ئەركەكانی سەرۆك:

  1. سەرپەرشتی و چاودێری بەرنامە و چالاكییەكانی رێکخراو دەگرێتە ئەستۆ.
  2. راپۆرتی وەرزیی چالاكییەكانی رێكخراو پێشكەش بە دەستەی راسپێردراو دەكات.
  3. سەرۆكی رێكخراو بۆ راپەڕاندنی كارەكانی راوێژ لەگەڵ دەستەی كارگێڕی دەكات.
  4. راپۆرتی گشتیی ساڵانەی رێكخراو، پێشكەش بە دەستەی راسپێردراو دەكات.
  5. سەرپەرشتیی كۆبوونەوەكانی دەستەی كارگێری و كۆبوونەوەی بەشەكان دەكات.

جێگرى سەرۆک :

جێگرى سه‌رۆكی رێكخراو، ئەندامی دەستەی گشتییە، لە لایەن دەستەی راسپێردراوانەوە دەستنیشان دەكرێن.

ئەرک و دەستەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی رێکخراو:

  1. لە کاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکی رێکخراو لە شوێنی کارەکەی، کارەکانی سەرۆک ئەنجام دەدات.
  2. لێپرسراویەتیی یەکێک لە بەشەکان وەردەگرێت.

بەشى پێنجەم

داهاتى رێکخراو

ماددەى پێنجەم: داهاتى رێکخراو و چاودێری و ژمێریارى

یەک/ داهاتى رێکخراو پێک دێت لە:

  1. ئابوونه‌ و بەخشینی ئەندامانى رێکخراو.
  2. بەخشین و هاوکارییە حکوومییه‌كان، رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئاژانسه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كونسوڵخانه‌كان و کەسایەتیەکان.
  3. داهاتی پرۆژە و چالاکییەکان.

دوو/ چاودێرى و ژمێریارى

  1. سەرجەم بەخشین و هاوکارییە نێودەوڵەتیییەکان لە رێگاى ئەو حسابە بانکییەوە دەبێت کە بە ناوى رێکخراو کراوەتەوە.
  2. رێکخراو لە رێی بودجەى ساڵانە و بەگوێرەى سیستەمى ژمێریاریى پەیڕەوکراو لە هەرێم، دارایى خۆى بەڕێوە دەبات.
  3. رێکخراو راپۆرتى ساڵانەى دارایى پێشکەش بە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکوومییەکان دەکات و لە لایەن دیوانى چاودێریى دارایى هەرێمەوە وردبینى بۆ دەکرێت.
  4. ئەو پڕۆژانەى کە حکوومەتى هەرێم پشتیوانییان دەکات، رێکخراو راپۆرتێکى ورد دەربارەى چۆنیەتیى جێبەجێکردنى هەر پرۆژەیەک پێشکەش بە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکوومییەکان دەکات و پابەند دەبێت بە تەواوى مەرجەکانى گرێبەستەکە.
  5. راپۆرتی ژمێریاریی ساڵانه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی رێگەپێدراو ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ده‌سته‌ی گشتی.
  6. راپۆرتی مانگانەی دارایی رێکخراو، لە لایەن دەستەی کارگێری پێشکەشی دەستەی رێگەپێدراو دەکرێت.

بەشى شەشەم

تۆمارەکانى رێکخراو

ماددەى شەشەم:

یەک: ئه‌و تۆمارانه‌ی له ‌لایه‌ن دادنووسه‌وه‌ ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ده‌درێت و تۆمار ده‌كرێن، بریتین له‌م چوار تۆماره‌ی خواره‌وه‌:

  1. تۆمارى ئەندامان: ئەم زانیارییانە لەخۆ دەگرێت: ناو، ناونیشان، تەمەن، رەگەز، پلەى خوێندن، ڕۆژى بوون بە ئەندام.
  2. تۆمارى ژمێریارى: داهات و خەرجییەکانى ڕێکخراوى تیادا تۆمار دەکرێت.
  3. تۆمارى بنەڕەتى (تۆمارى هەبووەکان): هەموو سامانى گواستراوە و نەگواستراوەى رێکخراوى تیادا تۆمار دەکرێت.
  4. تۆمارى بڕیارەکان: ئەو تۆمارە سەرجەم بڕیارەکانى هەر یەکە لە دەستەى گشتى، دەستەی راسپێردراو، دەستەى کارگێری، تێدا تۆمار دەکرێت، لە لایەن هەر یەک لە نوێنەری رێکخراو بەپێى پەیڕەو و دەستە ناوبراوەکان واژوو دەکرێت.

بەشى حەوتەم

پرەنسیپەکانى کارکردن

ماددەى حەوتەم: بنەماکانى کارکردن لە رێکخراو:

  1. پابەندى تەواو بە یاسا و رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانى مرۆڤ.
  2. پابەندبوون به‌ یاسای ژمارە (1ی ساڵی 2011)ی رێكخراوه‌ ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان.
  3. ئەو لقانەى رێكخراو كه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێنه‌وه‌، ده‌بێت پابه‌ندی یاسا كارپێكراوه‌كانی ئه‌و وڵات و شوێنانه ‌بن كه‌ لێی كار ده‌كه‌ن.
  4. گۆڕینی کولتووری زارەکی بۆ نووسین، گرنگیدانی تەواو بە تۆمارکردن و ئەرشیفکردن.
  5. لە هەڵبژاردنی دەستەکانی رێکخراو و سەرۆک و جێگر، رەچاوی پرەنسیپەکانی باڵانسی جێندەری دەکرێت و بایەخ بە گەنجان دەدرێت.

بەشى هەشتەم

هەڵوەشاندنەوەى رێکخراو

ماددەى هەشتەم:

دەکرێت رێکخراو بە ئارەزوومەندانە یان بە زۆر هەڵبوەشێتەوە.

یەک: لە حاڵەتى هەڵوەشاندنەوەی ئارەزوومەندانەدا، دەستی گشتی بە کۆی دەنگی ئەندامانی بڕیار دەدات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێکخراو، بە هۆی تەواوبوونی ئەرکەکانی لە ژیانی گشتیدا، بەر لە (30) رۆژیش فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکان ئاگادار دەکاتەوە.

دوو: لە حاڵەتى بە زۆر هەڵوەشاندنەوەى رێکخراو بە بڕیارێک لە دادگاى بەرایى شوێنى رێکخراوەکە دەبێت.

موڵک و داهات (گوێزراوە و نەگوێزراوە) بەپێی ماددەی (١٧) بڕگەی (١، ٢) لە یاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠١١)ی پەرلەمانی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.