رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان

٢٠٢٤ گەرمترین ساڵ بووە و هێڵى دیاریکراوى ڕێککەوتننامەى پاریسى تێپەڕاندوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د.عبدالمطلب رفعت سرحت

لە ناوەڕاستى ساڵى ڕابردوودا دەزگاى کەشناسی جیهانیی (WMO) ڕاپۆرتێکى تێروتەسەلی لە سەر دۆخى کەش وهەواو پێشبینیەکانى بۆ داهاتووى گۆى زەوى بڵاوکردەوەو ئاماژەى زۆر مەترسیدارى تیدابوو لە سەر دۆخى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمى. و تێیدا ئاماژەى بەوە کرد کە ساڵى ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵ بووە بە بەراورد لە گەڵ ماوەکانى پێش شۆڕشی پیشەسازى. و پلەکانى گەرمى لە ساڵى ٢٠٢٣ نزیکەى (١,٤٥±٠,١٢) پلەى سەدى بەرزبووەتەوە. واتا لە زۆرێک لە ناوچەکانى جیهان بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى گەشتووەتە زیاتر لە (١,٥) پلەى سەدى کە ئەو پلەیەیە یا ئەو هێڵەیە کە لە (ڕێککەوتتنامەى پاریس بۆ گۆڕانى کەش و هەوا) واژووى لەسەر کراوە و هەموو وڵاتانى جیهان خۆیانیان بە ڕێکارەکانى پاراستنى وتێنەپەڕاندنى ئەو هێڵە پابەندکردووە. و دەزگاى کەشناسى جیهانى لەو ڕاپۆرتەدا پێشبینى کردبوو کە لە نێوان ساڵى ٢٠٢٤ تاوەکو ٢٠٢٨ بەلانى کەمەوە یەک ساڵیان گەرمتر دەبێت لە ساڵى ٢٠٢٣ و دیاردە توندەکانى کەش وهەوا لەو چوار ساڵە زیاتر ڕوودەدەن. وپێشبینى ئەوەشیان کردبووە کە گوڕانکارییەکان لە کۆى سیستەمى ژینگە بەردەوامیان هەیە ودیاردەکانى ووشکى ولافاو و گەردەلوول وسوتاندنى دارستانەکان… وهتد زیاتر دەردەکەون.

لەم ڕۆژانە هەممان دەزگاى کەشناسی جیهانی (WMO) و دەزگاى (کۆپەرنیکۆس)ى ئەوروپی بەجیا دوو ڕاپۆرتى تایبەتیان بە کەش وهەواو پلەکانى گەرما لە ساڵى ٢٠٢٤ بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە تێکڕای ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ ئاستى گەرمبوونی (١,٥) پلەی سەدیی تێپەڕاندووە. تێکڕای پلەی گەرمیی هەسارەى زەوى لە ساڵی ٢٠٢٤دا (١.٦) پلەی سەدی بەرزتر بووە بە بەراورد لە گەڵ ماوەی پێش شۆڕشی پیشەسازی (١٨٥٠-١٩٠٠)، پێش ئەوەی بەکارهێنانی چڕی خەڵوز و نەوت و گازی بەردینی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کەشوهەوادا بکات. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەکانی گەرما کە لە مێژووی نوێدا وێنەی نەبووە. و بەپێى ئەو ڕاپۆرتانە هەموو ساڵێک لە دەیەی ڕابردوو لە نێوان (٢٠١٥-٢٠٢٤) یەکێک بووە لە دە گەرمترین ساڵە تۆمارکراوەکان.

وەک چاوەڕوان دەکرا و پشتڕاستکرایەوە پلەکانی گەرما تا ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ گەرمترین ساڵ بووە لەو کاتەوەی کە داتاو ئامارەکان تۆمارکراون کە لە ساڵی ١٨٥٠ دەستیپێکردووە.  لە پشت ئەم ژمارانەوە زنجیرەیەک کارەسات هەیە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ڕوویداوە و بەرەو خراپتر دەچێت وەکو لافاوە مێژووییەکەى ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقای و زریانی ئەمریکا و کاریبی، و لە ئێستادا ئاگرەکان کاریگەریی زۆر خراپیان لە سەر لۆس ئەنجلۆس دروستکردوە کە بە وێرانکەرترین ئاگرکەوتنەوەکان هەژمار دەکرێت لە مێژووی کالیفۆرنیادا. جگە لەوەى لە مانگی حوزەیرانی ساڵى ڕابردودا لە شاری مەککە هەزار و ٣٠٠ کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی حەجدا گیانیان لەدەستداوە.

و بەپێى ئەو داتایانەى لەو ڕاپۆرتانە بڵاوکراوەتەوە، هەموو مانگێک لە ساڵی ٢٠٢٤ گەرمترین یان دووەم گەرمترین مانگ بووە لەوەتەی تۆمارەکانی پلەی گەرما دەستیپێکردووە. و زەریاکان ٩٠%ی ئەو گەرما زیادەیە هەڵدەمژن کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت، بۆیە بە بەردەوامى زەریاکان لە گەرمبووندان. و تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی ڕووی زەریاکان (بەدەر لە ناوچە جەمسەرییەکان)، گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە کە (٢٠,٨٧) پلەى سەدی بووە، بە ئەمەش ژمارەی پێوانەیی ساڵی ٢٠٢٣ی تێپەڕاندووە. جگە لە کاریگەریی ڕاستەوخۆی شەپۆلی گەرمای دەریایی لەسەر زیندەوەرەکان، گەرمبوونی هەمیشەیی زەریاکان کاریگەری لەسەر ڕەوتی زەریاکان و هەوا دەبێت.

دەریاکان چەند گەرمتربن ئەوە زیاتر هەڵمی ئاو دەدەنە بەرگەهەوا، ئەمەش وزەی زیاتر بۆ گەردەلول و زریانەکان دابین دەکات. دەزگاى کۆپەرنیکۆس ئاماژە بەوە دەکات کە ئاستی هەڵمی ئاو لە بەرگەهەواوە لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، نزیکەی ٥%ى تێکڕای خۆی بۆ ماوەی ساڵانی ١٩٩١-٢٠٢٠ تێپەڕاندووە. ساڵی ڕابردوو کۆتایی هاتنی دیاردەی سروشتی (ئێل نینۆ) بوو، کە دەبێتە هۆی گەرمبوونەوە و توندبوونەوەی هەندێک دیاردەی توندى کەش وهەوا، هەروەها گواستنەوە بەرەو بارودۆخی (بێلایەن) یان دیاردەی پێچەوانەی (لا نینا) بوو. ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی لە مانگی کانوونی دووەمى ساڵى ٢٠٢٤ هۆشداریدا لەوەی دیاردەی لا نینا (کورت و چڕییەکی کەم) دەبێت و بەس نابێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرمبوونی جیهان.

ئەم هۆشدارییانەى ئەو دوو دەزگایە لە کاتێکدایە کە داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جیهان بە گۆڕانی کەشوهەوای بێ وێنەدا تێپەڕدەبێت لەگەڵ زیادبوونی فرێکوێنسیی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا وەک شەپۆلی گەرما و لافاو و زریانەکان وسوتانى دارستانەکان. ئەمەش ئەبێ ببێتە پاڵنەرێ بۆ دروستکردنى فشار لەسەر حکومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بەمەبەستى ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەردانی گاز گەرمکەرەوەکان ئەوە دەردەخات کە جیهان لەسەر ڕێگایە بۆ تێپەڕاندنى ئامانجەکانی ڕێککەوتنى پاریس، بەڵام هێشتا درەنگ نییە وکات هەیە بۆ ئەوەی هەنگاوی خێرا بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان و دوورکەوتنەوە لە بەرزبوونەوەی کارەساتبار لە پلەکانی گەرما.

بۆیە ئەو دوو دەزگایە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبونەوەى پلەی گەرمی لە سەرووی هێڵى (١,٥) پلەی سەدییەوە بەو مانایە نییە کە ئامانجەکانى پاریس بەدەست نەهێنرێت، بەڵکو بەو مانایەیە کە دەبێت لە پێشووتر زیاتر هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر ڕێڕەوی ئاسایى. پلە گەرمییە سووتێنەرەکانى ساڵی ٢٠٢٤دا دەبێ هانمان بدات بۆ ئەوەى بەڵێنەکانمان لە ڕێکەوتنى پاریس بکەینە کردار لە ساڵی ٢٠٢٥ وساڵانى داهاتوو. و هێشتا کاتمان ماوە بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپترین کارەساتەکانى کەشوهەوا، بەڵام سەرکردە وکاربەدەستان دەبێ لە ئێستاوە هەنگاوى کردارى بنێن.

و بەپێی دەزگاى کۆپەرنیکۆسی ئەوروپی پێشبینی ناکرێت کە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی پێوانەیی بێت بۆ بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى، بەڵام هۆشداری داوە کە ئەمساڵ یەکێک دەبێت لە سێ گەرمترین ساڵەکان کە تۆمارکراون. ڕاپۆرتەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ساڵی ٢٠٢٤ خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی کەشوهەوادا، چونکە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر لە جاران دەرکەوتوون، ئەمەش پێویستی بە کردەوەی بەپەلەی جیهانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵەنگارییانە.

هاوشێوە