نووسین: خەبات عەبدوڵڵا
هه‌رچه‌نده وێنه ئاستێكه له ئاسته‌كانی زمان، به‌ڵام ئامڕازێكی كۆمیونیكه‌یشنی ده‌ره‌وه‌ی په‌یڤین و زمانی ئاخاوتنیشه. وێنه كه توخمی بنه‌ڕه‌تیی ئامڕازه نوێیه‌كانی بواری میدیای ئه‌لیكترۆنی و كۆمیونیكه‌یشنی مۆدێرنه، جیا له هه‌ر ئامڕازێكی دی، كاریگه‌ری و قورساییه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ژیانی سه‌رده‌مه‌وه جێ هێشتووه. ڕاستییه‌كه‌ی گڵۆبالیزم له به‌شێكی گه‌وره‌یدا بریتییه له دنیای كۆمیونیكه‌یشن و واوه‌تریش دنیای وێنه.
بیرمه‌ندی فه‌ڕه‌نسه‌وی ژان بۆدیریار باس له‌و گۆڕانكارییه مه‌زنانه ده‌كات كه له ئه‌نجامی ئامڕازه‌كانی میدیا و به‌تایبه‌تیش ئامڕازه‌كانی میدیای وێنه‌یی وه‌كو ته‌له‌فزیۆنه‌وه مرۆڤی سه‌رده‌می ڕووبه‌ڕوو بۆته‌وه، بۆدیریار پێیوایه ته‌له‌فزیۆن وه‌كو كایه‌یه‌كی گواستنه‌وه‌ی زانیاری، له‌ڕێی وێنه‌وه هەر بەتەنها جیهانمان پیشان نادات، به‌ڵكو تا دێت جیهانمان بۆ دیاری ده‌كات و دووباره جیهانمان بۆ پێناسه ده‌كاته‌وه.
له ده‌مه‌ده‌می داگیركردنی كوه‌یت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه و پێش به‌رپابوونی جه‌نگی ڕزگارکردنی کوەیت، بۆدیریار وتارێكی بڵاوكرده‌وه به‌ناونیشانی “جه‌نگی كه‌نداو ڕوو نادات”، به‌ڵام هه‌روه‌كو ئاشكرایه جه‌نگ به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجار خوێناوی به‌رپاكرا و سوپای عێراق له كوه‌یت وه‌ده‌رنرا، ئه‌م وتاره لای زۆرێك وا كه‌وته‌وه كه بۆدیریار به‌هه‌ڵه‌دا چووه، كه‌چی هه‌ر پاش ته‌واوبوونی جه‌نگ وتارێكی تری به‌ناونیشانی “جه‌نگی كه‌نداو ڕووی نه‌دا” بڵاوكرده‌وه، ئه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستی بۆدیریار ئه‌وه بوو كه جه‌نگی كه‌نداو وه‌كو جه‌نگه‌كانی تری مێژوو نه‌بوو، جه‌نگی كه‌نداو جه‌نگێك بوو به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئامڕازه نوێیه‌كانی میدیا وێنای كرد نه‌ك ئه‌وه‌ی كه له واقیعدا قەوما.
ژان بۆدیریار له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئامڕازه نوێیه‌كانی كۆمونیكه‌یشن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی (جیهانێكی بانواقیعی)مان بۆ وێنا ده‌کەن*.
ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت، وێنه‌كانی هه‌ڵه‌بجه نه‌بوونایه، هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌بووه قوربانیی ئه‌و جیهانه بانواقیعییه‌ی میدیای نوێ.
* * *
فۆتۆگرافیی وه‌كو هه‌موو ئاسته‌كانی دیكه‌ی زمان ده‌شێت شێوێنه‌ر و هه‌م فره ماناش بێت، وشه‌ی فۆتۆگرافیی به‌مانای (نووسینی ڕووناكی) یاخود (نووسین به ڕووناكی) دێت، لێره‌وه ده‌توانین فۆتۆگرافیی وه‌ك زمان به تێكستێك بچوێنین كه ده‌بێت بخوێندرێته‌وه و ڕاڤه بكرێت و لێی حاڵی ببین. فۆتۆگرافیی وه‌ك دیارده‌یه‌كی ته‌عبیری و له‌وێشه‌وه وه‌ك جۆرێك له زمان، پێوه‌ندی هه‌یه به چه‌ند نیشانه‌یه‌كی سیمیۆتیكییه‌وه (ئەوەی بە زانستی نیشانه‌كان ناودەبرێت)**.
ڕاستییه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی فۆتۆگرافییدا، مێژووی كۆستی هه‌ڵه‌بجه وه‌كو زۆرێك له جومگه مێژووییه‌كانی ئێمه، مێژووییه‌كی له‌بیركراو ده‌بوو، بۆیه ده‌كرێت بڵێین وێنه‌كانی هه‌ڵه‌بجه یه‌كه‌مین هه‌وڵی چوونه ناو مێژووه له ده‌ره‌وه‌ی كرده‌ی شۆڕشگێڕانه و تێكستی نووسراوه‌وه.
به‌ڵام ئاخۆ ئه‌و ته‌لیسمه چییه كه وا ده‌كات وێنه‌كانی هه‌ڵه‌بجه هه‌ر ته‌نها وه‌كو وێنه‌یه‌كی واقیعی ته‌ماشا نه‌كرێن و به‌رده‌وام بینه‌ر هه‌ست به جۆرێك له جوڵه و زینده‌گی ناو وێنه‌كان بكات؟
گرنگی و كاریگه‌ریی وێنه‌كانی هه‌ڵه‌بجه هه‌ر به ته‌نها پێوه‌ندی به قووڵیی ئه‌و زامانه‌وه نییه كه به ده‌موچاوی حه‌په‌ساوی قوربانییه‌كانه‌وه به بینه‌ر ده‌گات، هه‌روه‌كو پێوه‌ندیی ته‌نها به قه‌واره‌ی ئه‌و تاوانه‌شەوه نییه كه فاشیزمی به‌عسی به‌رامبه‌ر ماڵ به ماڵی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان له شانزه‌ی سێ‌دا ئه‌نجامی دا، ئاخر ئێمه ڕۆژانه وێنه‌ی ئه‌و قوربانییانه ده‌بینین كه له ڕێی جیاجیاوه به چاو و ڕووماندا ده‌درێن، ڕاستییەکەی گرنگی و كاریگه‌ریی وێنه‌كانی هه‌ڵه‌بجه له‌و چیرۆكانه‌وه‌یه كه له پشتی هه‌ر وێنه‌یه‌كه‌وه په‌لكێشی دنیای قوربانییه‌كانمان ده‌كات. ئه‌گه‌ر وێنه‌كانی هه‌ڵه‌بجه له ساته‌وه‌ختی كۆسته‌كه‌دا كۆسپی سه‌ره‌ڕێی دروستكردنی ئه‌و جیهانه بووبێت كه ژان بۆدیریار به جیهانێكی بانواقیعی ناوی ده‌بات و وێنه‌كان واقیعیان وه‌ك خۆی به جیهان گه‌یاندبێت، ئه‌وا چیرۆكه‌كانی پشتی وێنه‌كان هیچیان له وێنه‌كان خۆیان كه‌متر نین.
* * *
دواجار دەشێت بووترێت وێنەکانی هەڵەبجە یەکەمین هه‌وڵدانه بۆ نووسینه‌وه‌ی نەک هەر بە تەنها مێژووی كۆستی هه‌ڵه‌بجه، بەڵکو مێژووی کۆمەڵکوژیی کورد بەگشتی. ئەڵبەتە له‌ڕێی وشه‌وه نا، به‌ڵكو له رێی هونه‌ری فۆتۆگرافییه‌وه.
پەراوێزەکان:
* انتونی كدنز، علم الاجتماع، ترجمه وتقدیم: د. فایز الصیاغ، المنضمه العربیه للترجمه، بیروت، 2005.
** ڕێبوار سیوه‌یلی، نه‌ته‌وه‌و حه‌كایه‌ت، ل460، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2002.